ڤیدیۆ.. ئەو دیمەنانەی لەدوای ئاگرەکەی کالیفۆڕنیا دەبینرێن لە فیلم دەچن
هەساو ئەمیر
١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
ماوەی نزیکە لە سێ لای کالیفۆڕنیاوە ئاگر ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک دەڕوات، ئەو دیمەنانەی لەدوای خۆی جێی دەهێڵێت لە فیلم دەچن، هیچ شتێک وەک خۆی نەماوە، ئەوەی نەیتواندووەتەوە تەنها ئاسنە.
سەرەتا گەرمی و تینی ئاگر، دواتر دوکەڵ و رەشی سەرتاپای شارەکەیان گرتووە، تەنانەت لە مانگە دەستکردەکانیشەوە تەنها دوکەڵ دەبینرێت. کالیفۆڕنیا لە دوکەڵدا دەخنکێت.
وەک چۆن دەڵێن ئاو و ئاگر ئامانیان نییە؛ ئاوا تەشەنە دەسەنێت
دوای شەش رۆژی بەردەوام، وەک چۆن دەڵێن ئاو و ئاگر ئامانیان نییە، هێشتا بڵێسەی ئاگرەکەی کالیفۆڕنیا وەک یەکەم سات تەشەنە دەسێنێت، دوایین ئامارەکان دەڵێن، ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە ٢٤ کەس و ئاگرەکە رووبەری ٤٠ هەزار و ٣٠٦ دۆنم زەوی گرتووەتەوە، ١٢ هەزار خانوو و باڵەخانە سوتاون. بە سەدان ڤێلای هونەرمەند و کەسایەتییە بەناوبانگ و بازرگانەکان لەناوچوون.
کەشناسیی کالیفۆڕنیا ئەوەی خستووەتە روو، پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە رەشەبایەکی بەهێز دەوروبەری لۆس ئەنجلوس بگرێتەوە و خێراییەکەی بگاتە ٨٠ کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا، لەکاتێکدا لە سێ لای کالیفۆڕنیاوە ئاگر کەوتووەتەوە.
لەئێستادا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە هەشت ویلایەتی دیکەوە چوونەتە کالیفۆڕنیا بۆ هاوکاریکردنی تیمەکانی لۆس ئەنجلوس، کەنەدا و مەکسیکیش سەرقاڵی ئامادەکردن و ناردنی تیمی هاوکارین.
ئاگرەکە بە یەکێک لە زیانبارترین کارەساتە سروشتییەکانی مێژووی کالیفۆڕنیا دادەنرێت و تاوەکو ئەم ساتە زیانەکانی بە ١٥٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئەوەی وایکردووە ئاگرەکە بەوجۆرە بەردەوام بێت بوونی رەشەبایەکی بەهێزە کە پریشکی ئاگر لەگەڵ خۆیدا دەگوازێتەوە و ئاگرەکەش بەهێزتر دەکات.