لە دوای رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە توركیا بە پشتیوانی گروپە چەكدارەكان هێرش و بۆردومانەكانی بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە، ئەمەش مەترسی ئاوارەبوونی خەڵكی ئەو ناوچانەی لێكەوتووەتەوە.

لەسەرەتای دەستپێكی روداوەكانی سوریا لە ساڵی 2011، زۆربەی خاكی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە كۆنترۆڵكرا، لە تشرینی دووەمی 2013شدا، نوێنەرانی كورد و عەرەب و ئاشورییەكان و كەمینەكانی تر حكومەتێكی خۆبەڕێوەبەریی نیمچە سەربەخۆیان راگەیاند، ئەو كات حكومەتەكەی هێزە كوردییەكان پێكهاتبوو لە سێ كانتۆن، ئەوانیش كانتۆنی جزیرە كە زۆربەی پارێزگای حەسەكە دەگرێتەوە لەگەڵ كانتۆنەكانی كۆبانێ و عەفرین.

رۆژئاوای كوردستان رووبەری خاكەكەی 31 هەزار كیلۆمەتر دووجایە، تایبەتمەندیی خاكی رۆژئاوا بەو جۆرەیە كە زۆرینەی رووبەرەكەی لە دەشتی بەرفراوان پێكدێت و خەڵكی ئەو ناوچانە بژێوی سەرەكییان لەسەر كشتوكاڵە.

توركیا لەدوای قۆناغی بۆردومانی ئاسمانیی، پلانی ئەوەی هەیە لەشكركێشی بۆسەر ئەو ناوچانە دەستپێبكات، لە ئەگەری رێگری نەكردنی ئەنقەرە لەلایەن ئەمریكا و وڵاتانی تری هاوپەیمانەوە، داگیركاری بەرفراوان روودەدات و بەمەش بەشێكی زۆر لە خەڵكی كوردی ئەو ناوچانە جارێكی تر ئاوارە دەبنەوە.

چاودێرانیش باس لەوە دەكەن، توركیا بە دوو رێگە دەتوانێت لەشكركێشی یاخود هەژموونی سیاسی و سەربازیی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان بسەپێنێت، یەكەمیان لە رێگەی داگیركاریی سەربازیی و دووەمیان بەبیانوی ئاوەدانكردنەوەی سوریا لە دیمەشقەوە بەڕێوەبردنی كانتۆنەكان بگرێتە دەست.

لە كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان نزیكەی 5 ملیۆن هاووڵاتی كورد نیشتەجێن و بە جۆرێك تەنها كانتۆنی جزیرە نزیكەی 3 ملیۆن كوردی تێدایە، كە نیشتەجێی هەردوو شاری قامیشلۆ و حەسەكەن، خاكەكەشی دەوڵەمەندە بە نەوت و غازێكی زۆر.

دەوڵەمەندی خاكی رۆژئاوای كوردستان، هۆكارێكی تری هەوڵەكانی داگیركاریی توركیا و گروپە چەكدارەكانە و هێزە كوردییەكانیش لەژێر چاودێریی ئەمریكا لە مەنبج و دێرەزوور كشاونەتەوە كە خاوەنی بڕیكی زۆر لە نەوتن.

لە ئێستاشدا ئاوارەبوونی كوردانی رۆژئاوای كوردستان، بووەتە ئەگەرێكی كراوە بەو پێیەی تاڕادەیەك گڵۆپی سەوزی ئەمریكا لەبەردەم ئەنكەرە هەڵكراوە و پێدەچێت توركیا رۆڵی داگیركاریی لە ناوچەكەدا ببینێت.

چاوەڕوانیش دەكرێت گۆڕانكارییەكانی ئەمریكا لە چەند رۆژی داهاتوودا و هاتنەوە سەر دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ، ئاڕاستەی روداوەكانی ناوچەكە گۆڕانكارییان بەسەردا بێت، بەو پێیەی سیاستەكانی ترەمپ لە ناوچەكەدا هەمیشە روونبوون و كۆتایی روداوەكان بە كراوەیی نامێننەوە، بەڵكو لە نێوان ئاشتی و وێرانكاریدا یەكێكیان رودەدەن و بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات، بەڵام لە ئێستادا كوردانی رۆژئاوای كوردستان لە بەردەم چارەنووسێكی نادیاری هاوكێشە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكاندا ماونەتەوە و روداوەكانی ناوخۆی سوریاش بەو ئاڕاستەیەن كە دەبێت ‌هێزەكانیان لە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگریدا یەكبخرێنەوە، لە ئەگەری بڕیاری لەم شێوەیەشدا، پاراستنی كوردانی رۆژئاوا و خاكەكەی دەكەوێتە دەستی خاوەنە نوێیەكانی دیمەشق.