مقاوەمەی ئیسلامی عیراق هێرشێكی تری بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا
شنیار
١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٧٩
دیمەنی دوایین هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی عیراقە بۆ سەر ئیسرائیل كە بەرەبەیانی دووشەممە ئەنجامی داو جەخت لە بەردەوامی هێرشەكانی دەكاتەوە تا ئەو كاتەی ئیسرائیل كۆتایی بە جەنگی غەززە و لوبنان دەهێنێت.
بەپێی راگەیەندراوێكی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق، لە بەردەوامیی ئەو رێگەیەی بۆ بەرەنگاربونەوەی داگیركاری ئیسرائیل گرتویانەتەبەر و وەك پشتگیرییەك بۆ گەلانی فەلەستین و لوبنان ، بەرەبەیانی دوشەممە مقاوەمەی ئیسلامی ئامانجێكی زیندوی ئیسرائیلی لە ئوم رەشاش لە رێی درۆنەوە بۆردومان كردوە و جەختیشكراوەتەوە لەوەی هێرشەكانی مقاوەمە دژی ئیسرائیل بەردەوام و زیاتر دەبێت .
لێپرسراوانی ئیسرائیل تا ئێستا هیچ هەڵوێستیكی رەسمیان سەبارەت بە هێرشەكانی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق رانەگەیاندوە ، بەڵام بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی مەعاریفی ئیسرائیلی ، تەلئەبیب پلانی رونی هەیە بۆ وەڵامدانەوە ، ئەگەر بێتو هێرشەكان لە بەرەی عیراقەوە زیاد بكەن .
ئەو رۆژنامە ئیسرائیلیە ، لە زاری لێپرسراوانی هەواڵگری ئەمریكی و ئیسرائیلیەوە ئاشكرایكردوە ، پلانەكانی تەلئەبیب بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە ، لە رێی هێرشكردنە سەر ژێرخان و دامەزراوەكان و دواتر تیرۆركردنی كەسایەتیە دیارەكانی میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەبێت لە عیراق .
بەپێی رۆژنامەكە، پلانەكەی تەلئەبیب لە كاتێكدایە كە پێدەچێت ئێران زیاتر هاوبەشەكانی لە عیراق دژی ئیسرائیل بەكاربهێنێت، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە و مەترسی ئەوەش هەیە كە ئێران موشەكی بالیستی ئاراستە كورتی ناردبێتە عیراق تا لەوێوە ئاراستەی ئیسرائیل بكرێن .
لە دوای دەستپێكردنی جەنگی غەززەو ، هێرشەكانی مقاوەكەی ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێكردوە و بەردەوام لە زیادبوندای ، بەپێی راگەیەندراوێكی ئەو گروپەش كە لە 9 ی ئەم مانگەدا بڵاویكردۆتەوە ، هێرشەكانی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق بۆ سەر ئیسرائیل لەمانگی رابردوودا بە رێژەی 260% زیادیكردووە و رێژەی پێكانی ئامانجەكانیش گەیشتووەتە 120%.