گۆڕانی ئیدارەی ئەمریكا مەترسی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان دروستكردووە
شنیار
١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨٢
لە كاتێكدا هەرەشەكانی توركیا لەسەر رۆژئاوای كوردستان و ئیدارەی خۆبەرێوەبەری بەردەوامەو هەریەك لەسوریا و ئێرانیش هەڕەشەن لەسەر ئەو هەژمونەی لە رۆژئاوای كوردستان دروستبووە، لە ئێستادا گۆڕانی ئیدارەی ئەمریكاش مەترسییەكانی سەر ئیدارەی خۆبەرێوەبەری زیاتر كردوە، چونكە كوردانی رۆژئاوا ترسیان هەیە لەوەی ئیدارەكەی ترەمپ بریاری كشانەوە بدات لە ناوچەكە.
ترسەكەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە دوای كشانەوەی ئەمریكا هێزەكانی رۆژئاوای كوردستان خۆیان بە تەنها بمێننەوە لە روبەرونەوەی دوژمنە زۆرەكانیان كە چاوەروانی بچوكترین دەرفەت دەكەن بۆ لەناوبردنی ئەزمونی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.
هەندێك لە چاودێران، هۆكاری ئەو مەترسیەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری لە ئیداری نوێی ئەمریكا هەیەتی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە ترەمپ لە خولی پێشوی سەرۆكایەتیەكەیدا، ساڵی ٢٠١٩ بڕیاریدا بە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا،
ئەگەر دووبارەش هەمان بریار بداتەوە، ئەوا مەترسی گەورە لەسەر ئیدارەكە دروست دەبێت، بۆیە دەبێت ئیدارەی خۆبەرێوەبەری هەوڵی دروستكردنی پەیوەندییەكی باش بدات لەگەڵ ئیدارەكەی ترەمپ، تا ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان دوربخاتەوە.
ئیلهام ئەحمەد "لێپرسراوی بەشی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەرێوەبەری"لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی "دێر شپیگڵی ئەڵمانی" كە لە كۆتایی مانگی رابردوو ئەنجامیداوە، هۆشداریی داوە لە هەڵوێستی نوێی ئیدارەی ئەمریكا و دەرئەنجامەكانی كشانەوەی لە ناوچەكە. دەشڵێت، ئەگەر ئەمریكا لە ناوچەكە بكشێتەوە، دەستبەجێ پێكدادانەكان سەرهەڵدەدەن و ئەو بۆشاییەی بەهۆی كشانەوەی ئەمریكاوە دروست دەبێت لەلایەن وڵاتانی تری وەك توركیا پڕدەكرێتەوە و پشێوی و ئالۆزییەكان لە ناوچەكە فراوانتر دەبن، جارێكی تریش هەڕەشەی داعش لەسەر ناوچەكە سەرهەڵدەداتەوە .