سەرۆک كۆماری عیراق: دەبێت راسپاردەكانی كۆپ ٢٩ وەك خۆیان جێبەجێبكرێن
١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٢٢٤
بەشداریكردنی د.لەتیف رەشید سەرۆک كۆماری عیراق لە كۆنفرانسی لوتكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كەشوهەوا لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان بە گرنگییەوە سەیردەكرێت، كە تێیدا جەختی لە كاركردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و سنوورداركردنی مەترسییەكانی كردەوە.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو، د. لەتیف رەشید سەرۆک كۆماری عیراق، بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كەشوهەوا گەیشتە باكۆی پایتەختی ئازەربایجان و لە پەراوێزی لوتكەكەشدا چەندین دیدار و كۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا، بەڕێوەچوونی لوتكەكەش لەكاتێكدایە، ساڵی ٢٠٢٤ بە گەرمترین ساڵ دانراوە و سەبارەت بە زیاتر گەرمبوونی زەویش هۆشداریی دراوە.
لەمیانی بەشداری لە لوتكەی كەشوهەوا، سەرۆک كۆماری عیراق وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، هەڕەشە لە ئاسایشی ئاو و خۆراك دەكات و لە ئێستاشدا ئەو گۆڕانكارییانە كاریگەرییان لەسەر عیراق داناوە و وڵاتەكە بە دەست شەپۆلی گەرمای پێوانەیی و خۆڵبارین و كەمبوونەوەی بڕی بارانبارینەوە دەناڵێنێت.
وتیشی، ژمارەی دانیشتووانی جیهان هەشت ملیار كەسی تێپەڕاندووە، ئەوەش وادەكات زیاتر گرنگی بە گۆرانی كەشوهەوا بدرێت، ئەگەر نا كاریگەری لەسەر نەوەی داهاتوو زیاتر دەبێت، لوتكەی كەشوهەوا لە باكۆ گرنگی زۆری هەیە و دەبێت راسپاردەكانی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
هەر لە بارەگای بەڕێوەچونی لوتكەكەدا، سەرۆک كۆمار سەردانی گۆشەی عیراقی كرد و پێویستی ئەو سەكۆیەی خستەڕوو بەو پێیەی دەرفەتێكی دیكەیە بۆ هەلی كاركردن و هاریكاری لەگەڵ وڵاتانی جیهان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان.
د.لەتیف رەشید جەختیكردەوە، عیراق وڵاتێكی مێژوویی دێرینە، بەڵام ئەمڕۆ كەوتووەتە ژێر كاریگەرییە گەورەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، كە كاریگەری لەسەر سامانە سروشتییەكان و كۆمەڵگە خۆجێییەكانی هەی و دەبێت بەفیڕۆدانی ئاو چارەسەربكرێت و رێگای تەكنەلۆژی و شێوازی مۆدێرن بگیرێنەبەر بۆ باشتركردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە وڵاتدا.
هەر لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە لوتكەی كەشوهەوا (COP29)، سەرۆك كۆمار چاوی بە ژمارەیەك لە سەرۆكی وڵاتان كەوت و جەختیكردەوە، كە نابێت پێشنیارەكان تەنها داڕشتن بن، بەڵكو دەبێت بە كردار لەسەر زەوی جێبەجێبكرێن و بكرێن بە پراكتیكی بۆئەوەی پلەی گەرما لەسەر هەسارەی زەوی دابەزێنرێت و نەوەی ئێستا و داهاتوو بپارێزرێن.
هەر لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە كارەكانی كۆنفرانسەكە، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گوتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتوەكان كۆبووەوە و هاریكاری نێوان عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكانیان لە هەموو روویەكەوە تاووتوێ كرد، هەروەها بەشداری لە پانێڵێكی گفتوگۆدا كرد، كە بە چاودێریی رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو) و بە ئامادەبونی شو دۆنیۆ بەڕێوەبەری رێكخرابوو.
ئامانجی لوتكەكەش بەرزكردنەوەی داهاتی سندوقی ساڵانەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكاریی كەشوهەوایە بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار، كە ساڵانە بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی گەشەسەندوو، لە بەرەنگاربوونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوادا بەكاردەهێنرێت.