بڕیارە رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگە سەرژمێری گشتی لە تەواوی عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت، شارەزایەكی بواری سەرژمێریش چەندین زانیاری و رێنمایی گرنگ لەبارەی پرۆسەكەوە دەخاتەڕوو.

هاوڕێ تۆفیق، شارەزای بواری سەرژمێری، لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی پرۆسەكەوە دەڵێت، ماوەی رۆژانی سەرژمێری ١٥ رۆژە، رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگەش كە كراون بە پشووی رەسمی و قەدە‌غەی هاتوچۆ، لەو دوو رۆژەدا تیمەكانی ژمێركار ژمارەی خەڵك و خێزان تۆمار دەكەن، ١٣ رۆژەكەی تریش، تەواوی زانیاری فۆرمی ئەلیكترۆنی سەرژمێری تۆمار دەكەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاووڵاتیانەی لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ـی ئەم مانگەدا، لە كاردان و پیشەكانیان ئێشكگرییە، وەكو كەرتەكانی پزیشكی و سەربازیی و ئەمنی و میدیایی، دەتوانن كارتی نیشتمانی خۆیان لای خێزانەكانیان بەجێبهێڵێن و تیمەكانی سەرژمێری تۆماریان دەكەن، هەروەها ئەو هاووڵاتیانەی لە رۆژانی سەرژمێریدا لە دەرەوەی وڵاتن، ئەوانیش دەتوانن كارتی نیشتمانی لای كەسوكاری پلە یەكیان وەك "دایك و باوك و خوشك و برا" دابنێن و لەلایەن تیمەكانی سەرژمێرییەوە تۆماردەكرێن.

روونیشیكردووەتەوە، ئەگەر بە هەر هۆكارێك رۆژانی سەرژمێری هاووڵاتیەك تۆمار نەكرێت، ئەوا مافی وڵاتنامەی لێ وەرناگیرێتەوە، هەروەها ئەو هاووڵاتیانەی لە دەرەوەی وڵاتن پاش سێ مانگی دیكە لە رێگەی كونسوڵخانەی عیراق لە وڵاتان لە سەرژمێرییەكەدا تۆمار دەكرێن.

هاوڕێ تۆفیق داواشیكردووە، ئەو هاوڵاتییانەی خەڵكی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی ماددەی ١٤٠ـن لە پرۆسەكەدا بگەڕێنەوە شارەكانی خۆیان بۆ پاراستنی ناسنامەی مێژوویی شارەكانیان.

بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی دەستەی ئاماری عیراق، پێویستە پرۆسەی سەرژمێری هەر ١١ ساڵ جارێك ئەنجامبدرێت و تێیدا هاووڵاتی پابەندكراوە بەشداری پرۆسەكە بكات، هەر هاوڵاتییەكیش بەشداری پرۆسەكە نەكات سزای زیندانی و دارایی دەدرێت و سزاكانیش بەم شێوەیەن:

ئەگەر هاووڵاتی رێگریكرد سەرژمێری بكەن، سزای زیندانی دەدرێت بۆ ماوەیەك كە لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و سزای داراییەكەشی لە سێ ملیۆن دینار كەمتر و لە پێنج ملیۆن دینار زیاتر نابێت.

هەروەها، ئەگەر هاووڵاتی زانیاری ناڕاست لە سەرژمێرییەكەدا بخاتەڕوو، سزای زیندانی دەدرێت بۆ ماوەیەك كە لە حەوت ساڵ كەمترنەبێت و سزای داراییەكەشی ، لە پێنج ملیۆن دینار كەمتر و لە ١٠ ملیۆن دینار زیاتر نابێت.