ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی و سەرۆک بافڵ لە سلێمانی
هەژار
١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٨١
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان گەیشتە سلێمانی و لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە لێپرسراوانی حكومی و حزبییەوە پێشوازی لێكرا.
دواتر سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی مەزاری سەرۆك مام جەلالی كرد و تاجەگوڵینەی لەسەر مەزارەكە دانا و لە دەفتەری یادەوەریشدا یاداشتێكی نووسی و ئاماژەی بەوەكرد، سەرۆك مام جەلال سیمبولی نیشتمانیی تێكۆشان بوو دژی دیكتاتۆریەت و بنیاتنەری پرۆسەی سیاسی بوو لە عیراق و پێویستە هەمووان پەند لە كاروانی تێكۆشانی سەرۆك مام جەلال وەربگرن كە هەوڵەكانی لە خزمەت سەرجەم عیراقییەكاندا بووە.
پاشان سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كرد و بەپێی راگەیەنراوێكیش لەدیدارێكدا گۆڕانكارییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەكان تاوتوێكران و جەختكرایەوە لە بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان لایەنەكانی هەرێم و عیراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور و هاوبەشیی راستەقینە و رێككەوتنە سیاسییەكان لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان بەتایبەتی پرسی مووچە و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ ئەو مەبەستە.
لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستانیش هەردوولا جەختیانكردەوە لە پێویستی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار كە پرەنسیپی راستەقینە و هاوبەشیی تێدا پەیڕەو بكرێت و ببێتە مایەی سەقامگیری، هاوكات وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەكیش بێت، سەرۆك بافڵیش رایگەیاند، یەكێتی پەرۆشی پێكهێنانی حكومەتێكی دادپەروەر و دوور لە جیاكارییە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریدا و دەیانەوێت هاوبەشی راستەقینە بن لە بەڕێوەبردنی هەرێم و هەمووان بە رۆحێكی بەرپرسیارانەوە كار بۆ خزمەتی خەڵك و بەهێزتركردنی هەرێی كوردستان بكەن.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا پرسی سەرژمێری و راپەڕاندنی ئەركە نیشتمانی و چارەنووسسازەكان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و گرنگی دیدی هاوبەش بۆ سەرجەم پرسەكان و بەردەوامیی دیالۆگ و راوێژی نیشتمانیی نێوان لایەنەكان جەختی لەسەركرایەوە لەپێناو پاراستنی ئارامی و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.
بەپێی راگەیەندراوێكی نووسینگەكەی سودانیش، لە كۆبونەوەكەیدا لەگەڵ سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختیكردوەتەوە كە سەركەوتنی گەورە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا بەشدارییەكی فراوانی هاووڵاتیان بوو و پێویستە حكومەتێك لە هەرێم پێكبهێنرێت كە خواست و داواكارییەكانی هاووڵاتیان دەستەبەر بكات و ئامادەیی حكومەتی عیراقیشی پیشاندا بە مەبەستی لێكنزیككردنەوەی بۆچوونی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان بۆئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت.
دوای كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق هەر لە سلێمانی لەگەڵ چەند لایەنێكی تریش كۆبووەوە.