دانیال میتەران دۆستە نزیك و راستەقینەكەی گەلی كورد
یەحیا
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٦٥٩
دانیال میتەران، دۆستە نزیك و راستەقینەكەی گەلی كورد، ئەو ژنەی كە رۆڵێكی گەورەی بینی لە پاراستنی كورد لە دەستی بەعس.
میتەران كەسایەتییەكی ناسراوی جیهان و خەمخۆرێكی گەلانی هەژار و چەوساوە بوو، هەركاتێك گوێت لە ناوەكەی دەبێت، ئەو خەبات و خەمخۆرییەت بەبیردێتەوە كە لە سەرەتای 90كانی سەدەی رابردوو تا یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی لەدوای شەڕی ناوخۆ پێشكەشی گەلی كورد و سەركردایەتی سیاسی كوردی كرد، هەربۆیە بە دایكی كورد ناسراو بوو.
ئەو ماوەی چەندان ساڵ خزمەتی دۆزی كوردی كرد و هەمیشە هاوخەم و پشتیوانی گەلی كوردستان بوو.
دانیال میتەران لە دایكبووی 1924ی فەرەنسایە، یەكێكە لە ژنە قارەمانەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی فەرەنسا لە جەنگی دووەمی جیهانی و هاوسەری سەرۆكی پـێشـووتری فەرەنسا، فرانسوا میتەرانە.
پاڵپشتییەكانی میتەران بۆ كورد بەتایبەت لەدوای ساڵی 1991وە دەستپێدەكات چ لە كاتی كۆڕەوە میلیۆنییەكەی پاش راپەڕین و چ بەشداریكردنی لە یەكەمین كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردنی ساڵی 1992.
هەرچەندە روبەڕوی هەوڵی تیرۆركردن بووەوە لەلایەن هەواڵگری بەعسەوە لە سلێمانی لە ناوەڕاستی ساڵی 1992، بەڵام ئەو كۆڵینەداو بەردەوامبوو لە دژایەتیكردنی سیاسەتەكانی سەدام بەرامبەر گەلی كورد.
میتەران و هاوسەرەكەی رۆڵێكی گەورەیان بینی لە هاندانی حكومەتی فەرنسا و بەریتانیا لە بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دروستكردنی ناوچەی دژە فڕین كە لە ئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی هەزاران كەس پاش ئاوارەبوون بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
میتەران هەروەها رۆڵی گەورەی هەبوو لە ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژیمی بەعس لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەنگاونان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و دروستكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم.
میتەران رۆڵێكی گەورەی هەبوو لە دامركاندنەوەی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی 1994 و بەردەوام لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ سەرۆك مام جەلال وەك دۆستێكی نزیك بۆ ڕاگرتنی شەڕ و ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە و رێكخستنی كۆبونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە فەرەنسا.
پاش رووخانی رژێمی بەعس، میتەران دووبارە سەردانی كوردستانی كردەوە لە ساڵی 2005 و بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستانی كرد، هەروەها پاش هەڵبژاردنی 2009 جارێكیتر هاتەوە كوردستان و لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا وتارێكی مێژوویی پێشكەشكرد.
وەك ئەوەی پێشبینی ئێستای كردبێت، خاتوو میتەران بەر لە 15 ساڵ لەبارەی گرنگی ئاو و نەوتی كوردستانەوە بەم جۆرە پەیامی خۆیدا بە حكومەت و پەرلەمان و رایگەیاند، ئاو سامانێكە زۆر لە نەوت گرنگترە، چونكە بۆ ماوەی هەزاران ساڵ مرۆڤایەتی توانیویەتی بەبێ نەوت بژی، بەڵام ناتوانێت بەبێ ئاو بژیت.
وتیشی، بیستوویەتی هەندێكتان پێشنیاز دەكەن كوردستان بكرێت بە دوبەی یان قەتەر، ئەو گومانی هەیە لەوەی كە ئەوە ڕوانگەیەكی راست بێت، بۆیە زۆر حەیفە ئەم وڵاتە كه خاوەنی كلتورێكی زۆر جوانە و یەكێكە لە لانكەكانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی، ببێتە ئیمارەتێكی نەوتیی قازانجكەر و بەكاربەر، چونكە ئەگەر شتێكی واببێت، خەڵكەكەتان پێناسە و كەسایەتیی خۆی لەدەستدەدات.
دواتر بە دروشمی بژی كوردستان كۆتایی بە وتارەكەی هێنا، ئەوەش دوایین سەردانی میتەران بوو بۆ كوردستان و ناوچەكە.
دانیال میتەران لە 22ی تشرینی دووەمی ساڵی 2011 لە تەمەنی 87 سـاڵیدا لە فەرەنسا كۆچی دواییكرد، بەهۆی ئەو خزمەتەی بە دۆزی گەلی كوردی كرد لە رابردوودا، لە هەرێمی كوردستان چەندان شوێن بەناوی میتەرانەوە كراوە وەك قوتابخانە و شەقام و ناوەندی زانستی و لێكۆڵینەوە و گەلەری و لە چاپدانی چەندان كتێب لەسەر بیركردنەوەكانی میتەران، ساڵانەش یادی كۆچی دوایی ئەو ژنە تێكۆشەر و دۆستە نزیكەی كورد دەكرێتەوە.