ئەمریكا: هەوڵێكی سوپای پاسداران بۆ تیرۆركردنی ترەمپ پوچەڵ كراوەتەوە
زاهیر
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤
٩٣
دوای چەند رۆژێكی كەم لە سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، جارێكی دیكە دۆسیەی هەوڵدان بۆ تیرۆركردنی ترەمپ و تۆمەتباركردنی ئێران هاتەوە بەرباس، تۆمەتێك كە ئێران بە پیلانێكی ئیسرائیل بۆ ئاڵۆزكردنی پەیوەندییەكانی تاران و واشنتن ناوی دەبات.
رۆژی هەینی رابردوو وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاویكردەوە كە ئێران لە مانگی نۆی ئەمساڵدا و لە رێگەی كەسێكەوە هەوڵی كوشتنی دۆناڵد ترەمپی داوە بەڵام پێش هەوڵەكە دەستگیر كراوە.
تۆمەتبارەكە كە بە رەچەڵەك ئەفغانییە لە دانپێدانانەكانیدا ئاشكرای كردوە كە لە سەر راسپاردەی لێپرسراوێكی سوپای پاسداران راهێنانی پێكراوە بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بە ئۆتۆمبێل هاوشێوەی روداوێكی هاتوچۆ بكوژێت.
مەریك گارلند، سەرۆكی داواكاری گشتی ئەمریكا رایگەیاند؛ ئێران یەكێكە لەو وڵاتا دەگمەنانەی كە بوەتە زۆرترین هەڕەشە و مەترسیی بۆسەر ئاسایشی ویلایەتەیەكگرتوەكان.
ئێران كە لە سێ ساڵی رابردودا بە بەردەوامی باسی لە تۆڵەكردنەوەی كوشتنی قاسم سولەیمانی كردوە تۆمەتی هەوڵدان بۆ كوشتنی دۆناڵد ترەمپ رەت دەكاتەوە و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەش ئەو پرسە بە پیلانی ئیسرائیل ناو دەبات.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی شەممە رایگەیاند، ئێران ئەوە پرسە بە تۆمەت و پیلانی ئیسرائیل دەزانێت بۆ دروستكردنی گرژیی زیاتر لە نێوان تاران و واشنتۆن.
بەقائی جەختی لەوە كردوەتەوە كە ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافەكانی سود لە رێوشوێنە یاساییەكان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی وەردەگرێت و رەتی دەكاتەوە دەستی لە هەوڵی كوشتنی ترەمپدا هەبێت.
دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران لە ساڵی ٢٠٢٠، ئێران بە بەردەوامی هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی قاسم سولەیمانی لە ترەمپ و تیمەكەی دەكرد، ئەوەش وای كرد ئەمریكا بودجەیەكی یەك ملیۆن دۆلاری بۆ پاراستنی ترەمپ و مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی وڵاتەكەی تەرخان بكات.