"سەفاء ئەسەدی" ئەندامی رەوتی سەدر رایگەیاند، پڕۆژەی ئەوان حکومەتی زۆرینەی نیشتمانییە نە خۆرھەڵاتی و نەخۆرئاوایی، بە ھیچ شێوەیەکیش قبوڵی ناکەن عێراق لاواز بێت و چەک و ئاژاوەی تێدا بڵاوبێت، وتیشی ئەگەر چوارچێوە بە پڕۆژەکەیان رازی نەبن دوو بژاردە لە بەردەمیاندایە، ئەوانیش بریتین لەوەی، لە ئەنجومەنی نوێنەران وەک زۆرینە دەمێننەوەو رۆڵی چاودێری و جێبەجێکاری دەبینن و لیژنە پێکدەھێنن و پەیڕەوی ناوخۆ دەگۆڕن.

ھەروەھا سزای توندی ھەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەدەن کە ئامادە نابن و ئاستەنگ لەبەردەم دانیشتنەکان دروست دەکەن، بێجگە لەوەش وەزیرەکان بانگھێشت دەکەن بۆ لێپرسینەوە و لایان دەبەن و کەسانی تر دەخەنە شوێنیان لەو ھاوپەیمانییە سێ قۆڵییە دروستییان کردووە. "سەفاء ئەسەدی" وتیشی، تەوافوق لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی بە ھیچ شێوەیەک ناکەن، ئەگەریش چوارچێوەی ھەماھەنگی توانای پێکھێنانی حکومەتی ھەیە باپێکیبھێنێت.

لە بەرامبەردا، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعە بە نیازە لە چەند سەعاتی داھاتوودا دەستپێشخەرییەک بکات بۆ دەرچوون لە بنبەستی سیاسی، "عارف حەمامی" ئەندمی چوارچێوە لەوبارەیوە وتوویەتی، ژمارەی ئەندامانی چوارچێوەی ھەماھەنگی زیاتر بووە و دەستپێشخەرییەک دەخەنەڕوو، پێشبینیشی کردووە دانیشتنی سەرۆک کۆماری داھاتووی عێراق بکەوێتە ھەفتەی داھاتووەوە، بەر لە کۆتایھاتنی وادە دەستورییەکەی. 

بەپێی ئەو زانیارییانەشی سەرچاوەکان بڵاویانکردۆتەوە، لە کۆبوونەوەکەی ماڵی "ھادی عامری"   "موقتەدا سەدر" سەرۆکی رەوتی سەدر چوارچێوەی ھەماھەنگی خستۆتە بەردەم دوو بژاردەوە، یان رازی دەبن بە پێکھێنانی حکومەتی  زۆرینەی نیشتمانی و فراکسیۆنی سەدر دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، یان فراکسیۆنی سەدر حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی رادەگەیەنێت و چوارچێوە دەبێتە ئۆپۆزسیۆن.