لەو بارەیەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداریدا لەوەی، جەنگی ڕوسیا بووەتە مەترسی دروستبوونی برسێتی لە ٥٠ وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقا، بە تایبەت دانیشتوانی گوند و ناوچە ھەژار نشیینەکان.

بە گوێرەی سندوقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدان و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، جەنگی ئۆکراین کاریگەریی دروستکردووە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کەمبوونەوەی بەرھەم سەرەکییەکان، لە چەند ناوچەیەکی ناوەراستی ئاسیا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا.

ھێرشە سەربازییەکانی ڕوسیا بۆسەر ئۆکراین، کە لە ٢٤ی شوباتەوە بەردەوامە، بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ھەناردەی گەنم و دانەوێڵە لەو وڵاتانەی کە زیاتر پشت بە گەنمی ئۆکراین دەبەستن.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، شەڕەکە بووەتە ھۆی کەمبوونەوەی ٢٥%ی ھەناردەی گەنم و لە ١٦%ی گەنمەشامی لەسەر ئاستی جیھان، ئەوەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو دوو بەرھەمە کشتوکاڵییە لە جیھاندا.

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، لەسەرەتای جەنگەکەوە نرخی گەنم دوو ھێند بەرزبووەتەوە لە چاو نرخی گەنم لە ھەمان کاتی ساڵی ڕابردوودا، ئەوەش بووەتە ھۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکان لە بەشێکی زۆر لە وڵاتە ھەژارەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامبوونی ڕەوشەکە کاریگەریی دەبێت لەسەر بەرپابوونی مەترسی برسێتی لە زۆربەی وڵاتە ھەژارەکان لە جیھاندا.

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھان نزیکەی لە ٣٠%ی گەنم و دانەوێڵە لە ڕوسیا و ئۆکراینەوە ھاوردە دەکەن، زۆربەی ئەو دەوڵەتانەش دەکەونە باکوری ئەفریقا و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەوە.

زۆربەی ئەو وڵاتانەش کە مەترسییان لەسەرە، ئەوانەن کە دانیشتوانەکەی خاوەنی داھاتی کەم و کەمی بەرھەمی خۆراکین و بەشێکی زۆری دانەوێڵەکان لە دەرەوەی وڵاتەکانیان ھاوردە دەکەن.

ھەروەھا نەتەوە یەکگرتووەکان ھۆشداری دەدات لەوەی جەنگی ئۆکراین، کارەساتێکی گەورەیە بۆ دەوڵەتە ھەژارەکان، چونکە دەبێتە ھۆی زیاتر بوونی ڕێژەی ھەژاری و برسێتی و لە کۆتایشدا کاریگەریی مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاسایش و ئارامی لە جیھاندا.