ئەحمەد کەنانی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح دەڵێت،  پێدەچێت دادگای فیدڕاڵی بریار بدات لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجامدانەوەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەگەر بێتو گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دیاری نەکرێت، دەشڵێت، نەبوونی رێککەوتن لە نێوان لایەنەکان دەبێتە ھۆی بەردەوامی قەیرانە سیاسییەکان.


راشیگەیاندووە، ئەگەر چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانەکانی بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران نەکەن سەبارەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، ئەوا کۆبونەوەکە بەرێوەناچێت، لەو حاڵەتەشدا دادگای فیدراڵی بریاری ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران و بەرێوەچونی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دەدات و سیناریۆی ساڵی ٢٠١٨ دووبارە دەبێتەوە.


عەباس زاملی سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتحیش رایگەیاندوە، چوارچێوەی ھەماھەنگی بەشداری کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوینەران تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمای ناکات، ئەگەر بێتو لەگەڵ سێ ھاوپەیمانەکەدا رێک نەکەوێت. 


زاملی راشیگەیاندووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی پشت بە موقتەدا سەدر دەبەستێت بۆ چارسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسیەی لە ئێستادا دروستبوە .


جەواد بولانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رایگەیاندووە، ھەموو سیناریۆیەک بەردەستە ئەگەر بێتو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار رۆژی ٢٦ ی ئەم مانگە شکست بھێنێت، ھەربۆیە داوای لەلایەنەکان کردووە پێش بەرواری کۆبوونەوەکە رێک بکەون بۆ ئەوەی پێشێلکاری تر لە کاتە دەستوریەکاندا دروست نەبێت، چونکە لە ئەگەری دروستبونی پێشێلکاریدا، ئەوا رێکاری تر لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەگیرێتەبەر.


ئەوە لەکاتێکدایە مەحمود حەیانی ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاندووە، ژمارەی پەرلەمانتارەکانی چوارچێوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی ھاوپەیمانی لەگەڵ دروست کردون، گەیشتووەتە ١٣٣، لە ئێستاشدا دانوستانیان لەگەڵ پەرلەمانتارانی ھاوپەیمانی سەدر و سەروەری ھەیە بۆ ئەوەی بێنە ھاوپەیمانیەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان، ئەگەر بێتو ئەو لایەنانەش رەزامەندی بدەن، ئەوا دەبنە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی، لەگەڵ ئەوەشدا دوپاتیکردووەتەوە کە پۆستی سەرۆک وەزیران ئیستیحقاقی پێکھاتەیەکە نەک ھاوپەیمانێتیەک.