عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی زۆرترین روبەڕی بە مین و بۆمبی چێندراو پیس بووە، کە زۆرینەیان بۆ جەنگی نێوان عێراق_ئێران لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، بەشێکیشیان پاشماوەی جەنگی تیرۆریستانی داعشە کە تا ئێستا لە چەندین ناوچەی وڵاتەکە بەجێھێڵدراون.  

رێکخراوی "یونسێف"ی تایبەت بە منداڵان لە نوێترین راپۆرتیدا ھۆشداری دەدات لە زیادبوونی مەترسی مین و پاشماوە جەنگییەکان لەسەر منداڵانی عێراق، داواش دەکات ھەوڵەکان بۆ ھەڵگرتنەوەی ئەو پاشماوانە و فراوانکردنی ھۆشدارییەکان سەبارەت بە مەترسییەکانی زیاتر بکرێن. 

"یونسێف" رایگەیاندووە، مانگی شوباتی رابردوو لە مەترسیدارترین مانگەکان بووە بۆ ژیانی منداڵان، چونکە لەو مانگەدا ٦ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ١٠ی تر برینداربوون، کە ٩یان کوڕ بوون و یەکێکیان کچ، دەشڵێت پاشماوەی جەنگ و تەقینەوەی مین ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ کوشتن و تێکدانی روخسار و جەستەی منداڵان لە عێراق. 

لایەنی عێراقیش لە زاری لێپرسراوێکی کاروباری مین لە وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، زۆرێک لە ناوچەکان کێڵگەی مین لەخۆدەگرن کە بۆ کاتی جەنگی عێراق_ئێران دەگەڕێتەوە، وەزارەتی تەندروستیش لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکان کار دەکات بۆ پاککردنەوەی ئەو ناوچانە، بەڵام ھەڵمەتەکان بەھۆی کەمی پشتیوانی دارایی حکومی و نەبوونی ئامێری نوێ بۆ دۆزینەوەی مین، زۆر سستن.

بەپێی ھەڵسەنگاندنەکان، ھەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتر لە سنوری نێوان عێراق و ئێران بۆمب و مینی نەتەقاوەی لێیە، ھەروەھا ٩٠ ناوچەی پیسبوو بە ماددەی یۆرانیۆم لە باشوری وڵاتەکە بوونیان ھەیە، ئەمە سەرباری پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش  کە لە دوای خۆیان لە وڵاتەکە بەجێیانھێشتووە. 

بەپێی بەدواداچوونی چەند دامەزراوەیەکیش، بۆمب و مینی چێندراو زیانی ماددی و گیانی گەورەی لەسەر عێراق بەجێھێشتووە، کە زیانەکان بە زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێن.