ئەگەرچی ئیسرائیل بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەرپرسیارێتی ھێرشەکان لە دژی ئێران لە ئەستۆ ناگرێت ، بەڵام لێپرسراوەکانی بە ناراستەوخۆ ئاماژەی بۆ دەکەن.

یەکێک لە گەورەترین ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل لە دژی ئێران ئەنجامی داوە ، ئەو ھێرشە کە لە ٢٠١٨ دا ٢٠ ئەندامی دەزگای ھەواڵگری ئیسرائیل ئەنجامیان دا ، کاتێک ئەرشیفی ئەتۆمی ئێرانیان تاڵانکرد ، ئەو کارە بە شەو ئەنجامدرا و ئیسرائیل دەستی بەسەر نیو تۆن ئەرشیفی نھێنی ئەتۆمی ئێراندا گرت .

لە دیارترین ھێرشەکانی تریش ، تیرۆرکردنی زانایانی ئەتۆمی ئێرانە ، ھەرچەندە تا ئێستا ئیسرائیل دان بەوەدا نانێت کە بەرپرسە لە تیرۆرکردنی  موحسین فەخری زادە کە بە باوکی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەناسرا ، بەڵام سەرۆکی پێشوی موساد لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا باسی لەوە کردوە کە چەند ساڵێک بوە موساد چاودێری فەخری زادەی کردوە . جگە لە فەخری زادە ، شەش زانای تری ئێرانی لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە تا ئێستا تیرۆرکراون .

ھەروەھا تەقاندنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان ، جۆرێکی ترە لەو ھێرشانەی ئیسرائیل دژی ئێران ئەنجامی دەدات ، بە وتەی لێپرسراوێکی پێشوی ھەواڵگری ئەمریکا ، ئیسرائیل یان ئامێری چاودێری لە دامەزراوە ئەتۆمیەکانی ئێراندا شاردۆتەوە ، یان بۆمبی چێندراو ، ھەر بەو شێوەیەش چەند دامەزراوەیەکی تەقاندۆتەوە کە دیارترینیان دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنزە کە ئێران راستەوخۆ ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد.

ھەروەھا لە دیارترین ئەو ھێرشانەی ئیسرائیل بەرامبەر ئێران ئەنجامی داوە ھێرشە ئەلکترۆنیەکانە کە تەنھا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ئێران روبەروی ١٣ ھێرشی ئەلکترۆنی بۆتەوە ، لەسەرەتای دەستپێکردنی ھەوڵە ئەتۆمییەکانی ئێرانیشەوە ، بە ھەزاران ھێرشی ئەلکترۆنی دژی ئەو وڵاتە ئەنجامدراوە .

بە وتەی چاودێرانیش ، پێدەچێت لەمەودوا ئێران وەڵامی توندی بۆ ھێرشەکانی ئیسرائیل ھەبێت بەتایبەت دوای ئەوەی لێپرسراوانی ئەو وڵاتانە رایانگەیاند ، ئەو ھێرشە موشەکیانەی شەوی شەممە لە ھەولێر ئەنجامیان داوە دژی ئیسرائیل بووە .

ھەروەھا شەوی دووشەممە ئیسرائیل روبەروی ھێرشێکی گەورەی ئەلکترۆنی بۆوە کە پێشبینی دەکرێت ئێران لە پشت ھێرشەکەوە بێت .

دەستەی نیشتمانی ئاسایشی ئەلکترۆنیی ئیسرائیلی باری نائاسایی راگەیاندوە بۆ روبەروبونەوەی ھێرشەکە و بە گەورەترین ھێرشی ئەلکترۆنی ناوی بردوە کە تا ئێستا ئیسرائیل روبەروی بوبێتەوە .لەنێو ئەو پێگە ئەلکترۆنیانەی روبەروی ھێرشەکە بونەتەوە ، پێگەی وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی و داد و کۆمەڵایەتی و پێگەی سەرەکی حکومەتی ئیسرائیلە ، لێپرسراوێکی ئەمنی ئیسرائیلیش رایگەیاندوە ، ھێرشەکە گەورەترین ھێرشی ئەلکترۆنیە کە ئیسرائیل روبەڕوی بۆتەوە ، چاودێرێکی ئەمنی ئیسرائیلیش رایگەیاندوە، بەپێی لێکدانەوەکانی تەلئەبیب، پێدەچێت ئێران بەرپرسیاری ئەو ھێرشە بێت .