بە پێی ڕاپۆرتێکی پێنوێنی تیرۆری جیھانی " گڵۆباڵ تێرۆریزم ئیندێکس" گروپی تیرۆریستی داعش تا ئێستا یەکێکە لە خوێنڕێژترین گروپە تیرۆریستەکان لە جیھاندا و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بووەتە ھۆی کوژرانی ١١ ھەزار و ٥٠٠ کەس لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە لە نێو ئەو وڵاتانەی بەھۆی پەلامارە تیرۆریستییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە ڕووی ژمارەی پەلامارەکانەوە عێراق لە پلەی یەکەمدایە و تەنھا لە ٢٠٢١دا ٨٣٣ پەلاماری تیرۆریستی لە وڵاتەکەدا ئەنجامدراون و ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ٢٠٢٠ بە ڕێژەی ٣٣٪ زیادیکردووە کە لەو ساڵەدا ژمارەی پەلامارەکان ٤١٤ بووە.

باس لەوەشکراوە کە پەلامارە تیرۆریستییەکانی ٢٠٢١ لە عێراق، ٥٢٤ کوژراویان لێکەوتووەتەوە کە بەراورد بە ٢٠٢٠ ژمارەکە بە ڕێژەی ١٥٪ زیادیکردووە.

 بەڵام لە رووی ژمارەی قوربانییەکانەوە ئەفغانستان لە پلەی یەکەمدایە و لە ساڵی ٢٠٢١ دا ھەزار و ٤٢٦ کەس بەھۆی پەلامارە تیرۆریستییەکانەوە کوژراون.

ڕاپۆرتەکەی پێنوێنی تیرۆری جیھانی تیشکیشی خستووەتە سەر ئەوەی کە بۆ ساڵی دووەم لەسەر یەک، بارەگا سەربازییەکان لە عێراق ڕووبەڕووی زۆرترین پەلاماری تیرۆریستی بوونەتەوە و ڕێژەی ٦٠٪ی پەلامارەکان لە سەربازگەکان ئەنجامدراون.

ھەروەھا پەلاماری تیرۆریستی لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدراون ، بەڵام پارێزگاکانی ناوەراستی عێراق بە تایبەت دیالە و سەڵاحەدین و کەرکوک زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و ڕێژەی ٤٨٪ی پەلامارەکان لەو سێ پارێزگایە بوون.

لە کۆی پەلامارەکانیش، داعش بەرپرسیاریەتی لە ڕێژەی ٧١٪یان ڕاگەیاندووە بەڵام لە کۆی پەلامارەکان لە ٢٠٢١دا ٤٨٤ پەلاماری تیرۆریسیتی تر ئەنجامدراون کە داعش بەرپرس نەبووە لێیان و بوونەتە ھۆکاری کوژرانی ١٢٧ کەس، ٧٠٪ی پەلامارەکانیش لە ڕێی بۆمبی چێندراوەوە ئەنجامدراون.