لەبەرامبەردا عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی جێگیرە و گۆرانکاری تیادا ناکرێت و وتیشی" حکومەت بەرپرسیار نییە بەرامبەر ھیچ لایەنێکی سیاسی و سەرکردەیەک، بەڵکو بەرپرسیارە بەرامبەر گەل. 


لە بارەی بانگھێشتکردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، وەزیری دارایی وتی، ئامادەیە بەرگری لە سیاسەتی ئابووریی خۆی بکات، جەختیشکردووەتەوە، بانگھێشتکردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتدەکاتەوە، چونکە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە و مەرجی ھەیە بۆ ئامادەبوون لەپەرلەمان، بەوەی مۆڵەتی یەک سەعاتی پێبدرێت بۆ ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر سیاسەتی وەزارەتەکەی، بەڵام ھاوکات ئامادەیی نیشانداوە کە لە کۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان ئامادەبێت.

بەڵام مستەفا غالب، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق ئامادەی دانیشتنەکەبوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گریمانەی دەستکاریکردنی بەھای دینار بەرامبەر دۆلار، لە کۆبوونەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندی لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بەشێک لە فراکسیۆنەکان پێداگریان کردووە لەسەر بەرزکردنەوەی بەھای دینار لەبەرامبەر بە دۆلار قۆناغ بە قۆناغ، لەبەرامبەردا مستەفا غالب، رونیکردوەتەوە، بەرزکردنەوەی بەھای دینار تەنھا بە ئەوان ناکرێ، زۆر گرفت پەیوەستە پێوەی، وتوشێتی، عێراق بۆ ئەوەی دەست لەپارەی یەدەگی نەدات بەھای دیناری دابەزاندووە.

لایخۆشیەوە عارف حەمامی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند، پەرلەمانتاران لەگەڵ بەرزکردنەوەی بەھای دیناردان و دەبێت ھەمووان پشتگیری ئەو ئاڕاستەیە بکەن.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو ٩٠ دۆلار، گەرەنتی ئابوری عێراقی کردووە بە کەمکردنەوەی قەبارەی کورتھێنان و کەمکردنەوەی قەبارەی ئەو قەرزەی لە ئەستۆی ماوە، ھاوکات دووبارە بەگەڕخستنەوەی پرۆژە ستراتیژییەکان کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە کە بەکاریگەری قەیرانی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت پەکیان کەوتووە.


بەڵام ئەوەی کە پرسیاری لای پەرلەمانتاران دروستکردووە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھاندا، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق ھیچ لێدوانێکی رەسمی نییە لەسەر ئەوەی کە نرخی نەوت لە بودجەی ٢٠٢٢،  ھەمان ئەو نرخە دەبێت کە پێشتر بە ٥٥ بۆ ٦٠ دۆلار جێگیرکراوە، یاخود پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت.


سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق ئاشکرای کردووە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەرفەتی گەورەیە لەبەردەم بەغداد بۆ پاکتاوکردنی قەرزەکان و بەرزکردنەوەی قەبارەی یەدەکی بانکی ناوەندی.


ھاوکات وەزارەتی داراییش رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی رێژەی داھات و پاکتاوکردنی زۆرێک لە قەرزەکان و  بەرزکردنەوەی قەبارەی یەدەکی بانکی ناوەندی لە ٥٤ ملیار بۆ ٦٥ ملیار دۆلار، تەنھا پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە نییە، بەڵکو دابەزاندنی بەھای دیناریش لەبەرامبەر دۆلار ھۆکارێکی تربووە بۆ تێپەراندنی قەیرانی دارایی و پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانەی کە بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەرۆکی عێرقی گرتووە.


بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای نیشتیمانی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق- سۆمۆ، لە ساڵی ٢٠٢١، بە شێوەیەکی تێکڕا نرخی نەوت بە ٦٨ دۆلار و ٥٠ سەنت فرۆشراوە، و کۆی داھاتی ئەو ساڵەش لە فرۆشتنی نەوت ٧٥ ملیار دۆلار بووە.