سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان نامەیەکیان بۆ خامنەیی نوسیوە و تێیدا پرسیاریان کردووە کە ئایا دەتوانن بەبێ ھەندێک لەلایەنەکانی نێو چوارچێوەکە لەگەڵ سەدر رێک بکەون و ھاوپەیمانی دروست بکەن ، بەڵام بەر لە ناردنی نامەکە پاشگەزبونەتەوە، چونکە زانیویانە کە داواکارییەکەیان رەتدەکرێتەوە و خامنەیی رێگە نادات چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان دەستبەرداری مالیکی ببێت.

بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ، ئێستا خامنەیی خۆی ھاتۆتە سەر خەت و لەرێی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران ، چەند نامەیەکی ئاراستەی سەرکردەکانی شیعە کردووە و داوای کردووە کۆتایی بە ئالۆزییەکانی نێوانیان بھێنن و پێکەوە ھاوپەیمانی دروست بکەن ، کۆتا نامەشی بۆ موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر بوو شەوی سێشەممە لە حەنانە قائانی داویەتی بە سەدر .

لەو نامەیەدا خامنەیی نوسیویەتی کە دەبێت ھەموو ھێزە سیاسییەکانی نێو ماڵی شیعە یەک بگرن و یەک ریز بن و رێگە نەدەن لە ھیچ رەوشێکدا نێو ماڵی شیعە تێک بچێت ، بەڵام دوای ئەو نامەیەش سەدر لە تویتەرەوە دوپاتیکردۆتەوە کە سورە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی و نوسیویەتی، نە "خۆرھەڵاتی و نە خۆرئاوایی .. بەڵکو حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی ". بە وتەی چاودێران ئەو نوسینەی سەدر ، ئاماژەیە بۆ شکستھێنانی قائانی لە دەستوەردان لە کاروبارەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق .

سەرچاوەکان دەڵێن ، سەدریش نامەیەکی بە قائانییدا بۆ خامنەیی ناردووە و تێیدا نوسیویەتی کە بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی کە بەشێک لە ھێزەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکانیش تێیدا بەشدار بن ، نەک ھەمو چوارچێوەکە ، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە تا ئێستا بە ھەموو شێوەیەک دروستکردنی ھاوپەیمانی لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کە لە نێو چوارچێوەکەدایە رەتدەکاتەوە .