لە یەکەم رۆژەوە تا کۆتایی، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و جیھانیش گرنگییەکی زۆر بە روداوەکە درا و پاپای ڤاتیکان و کەسایەتییە سیاسییەکان و ناسراوەکانی جیھان و ملیۆنان کەس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھاوخەمییان بۆ ئەو منداڵە بێ تاوانە دەربڕی، سەرباری ئەوەی گرنگیدان بە "رەیان"ی تەمەن ٥ ساڵ نمونەیەکی جوانی مرۆڤایەتی بوو، بەڵام ھاوکات نیگەرانییەکی زۆریشی لەسەر بێھەڵوێستی جیھان بەرامبەر منداڵانی عێراق و سوریا و یەمەن و فەڵەستین و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی دروستکرد چونکە لەو وڵاتانەدا ملیۆنان منداڵ روبەروی سەختترین رەوش و کارەسات دەبنەوە.

بەپێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، تا سێپتەمبەری رابردوو، زیاتر لە ٢٧ ھەزار منداڵی سوری لە ئەنجامی شەڕی ١٠ ساڵەی وڵاتەکەیان کوژراون، جگە لە ملیۆنان منداڵی تریش کە بەھەمان ھۆکار ئاوارەو بێلانە بون و رۆژانە روبەڕوی مەترسی و مەرگ دەبنەوە و بچوکترین مافیشیان بەدەستناھێنن.

رێکخراوی یونسێفیش دەڵێت، تا ئۆکتۆبەری ٢٠٢١، زیاتر لە ١٠ ھەزار منداڵ لە یەمەن بەھۆی شەڕی ناوخۆوە کوژراون یاخود کەم ئەندام بوون،  دەشڵێت، یەمەن خراپترین شوێنی جیھانە بۆ منداڵان، جگە لەوەش، زیاتر لە ١١ ملیۆن منداڵی یەمەنی پێویستیان بە ھاوکاری مرۆییە و ٤٠٠ ھەزار منداڵیش توشی بەدخۆراکی بون، یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار منداڵی یەمەنیش ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکەیانن و بێ لانەن.

لە عێراقیش ئەگەرچی ئامارێکی رەسمی لەسەر ژمارەی ئەو منداڵانە نییە کە بەھۆی جەنگ و ململانێ بەردەوامەکانەوە بوونەتە قوربانیی، بەڵام نەتەوەیەکگرتوەکان دەڵیت پێدەچێت لە ساڵانی نێوان ١٩٩١ تا ١٩٩٨، زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار منداڵی عێراقی بەھۆی سزاکانی سەر ئەو وڵاتەوە گیانیان لەدەستدابێت.

لە ٢٠٠٣شەوە تا ئێستا بەھۆی ناسەقامگیری ئەمنی و ململانێکانەوە ھەزاران منداڵی تر بونەتە قوربانی، جگە لەوەش زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار منداڵی ئاوارە لەناو کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.
منداڵانی فەڵەستین و لیبیا و لوبنانیش بەھۆی قەیران و ئالۆزییەکانی وڵاتەکانیانەوە لە بچوکترین مافەکانیان بێ بەشن و رۆژانە روبەڕوی توندوتیژی و مەترسی دەبنەوە.