ئۆكراین: پێویستە سزایەكی دۆزەخی بەسەر سەرۆكی بێلاڕوسیادا بسەپێنرێت
کوردسات نیوز
٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
٤٦٤
لە نوێترین پێشهاتدا سەرۆك وەزیرانی پۆڵەندا سەردانی ئەو هێزە ئەمنییانەی وڵاتەكەی كرد كە لەسەر سنورن و چاودێری جموجوڵی كۆچبەران دەكەن و وتی، بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكە لە گفتوگۆدایە لەگەڵ وڵاتانی تری ئەوروپا.
پێشتر هێزەكانی بێلاروسیا رایگەیاند بە ئۆتۆمبێلی سەربازی سەدان كۆچبەریان لەسەر سنوری پۆڵەنداوە گواستەوە بۆ سەر سنوری لیتوانیا، ئاماژەیان بەوەشداوە، هێزی زیاتری رەوانەی سنورەكانی كردووە بۆ رێگری لە هەر حاڵەتێكی لەناكاو.
سەرۆكی پێشووی ئۆكراین پێشنیار دەكات لەسەر دۆسیەی كۆچبەران سزای دۆزەخی بەسەر سەرۆكی بیلاروسیادا بسەپێنرێت.
پیترۆ پوروشینكۆ سەرۆكی پێشووی ئۆكراینیش لە پەیامێكدا لە تویتەر هاوسۆزی و پشتیوانی خۆی بۆ وڵاتانی لیتوانیا و پۆڵەندا وەك دوو وڵات دۆست كە بەرەنگاری شەپۆلی كۆچبەران بوونەتەوە راگەیاندووەو داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە،كاری جدی بكەن بۆ رێگری لە روودانی كارەساتی مرۆیی و سزادانی تاوانباران .
سەرۆكی پێشووی ئۆكراین دەشڵێت، پێویستە لەسەر دروستكردنی شەپۆلی كۆچبەران سزایەكی نێودەوڵەتی توندو دۆزەخی بەسەر ئەلكسەندەر لۆكاشینكۆ سەرۆكی بیلاروسیادا بسەپێنرێت.
هاوكات شەعبیا مانتو، وتەبێژی كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری كۆچبەران رایگەیاند، نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەیە هاوكار بێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئەو كۆچبەرانەی لەسەر سنوری بێلاڕوسیا و پۆڵەندان و لەم بارەیەشەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەدا گفتوگۆ دەكات كە پەیوەندیان بەم قەیرانەوە هەیە. وتەبێژەكە نیگەرانی رێكخراوەكەشی لەبارەی رەوشی خراپ و ناهەمواری منداڵ و ژنانی كۆچبەر دەربڕیوە و داوای لە وڵاتان كرد كار بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە بكەن.