فەرماندەیی گشتی ھەسەدە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھێزەکانی لە بەرامبەر ھێرشەکانی تورکیا بێدەنگ نابێت و گیانلەدستدانی فەرماندە و شەرڤانەکانی و خەڵکی مەدەنی بە بێ وڵامدانەوە تێپەر نابێت. راشیگەیاندوە،  بێدەنگی روسیا و ئەمریکا، تورکیا ھاندەدات بۆ فراوانکردنی ھێرشەکانی لە ناو خاکی سوریا.

بە پێی میدیاکانی رۆژئاڤای کوردستان، ھەسەدە  چەند ھێرشێکی لە دژی سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان لە ئەعزاز و عەفرین و تەل تەمر و زرگان ئەنجامیداوە ژماریەک سەربازی تورکیا و چەکدارەکانی کوژراو و برینداربوون.
ئەمینە ئۆسێ وتەبیّژی ھاوسەرۆکایەتی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا رایگەیاند، تورکیا بە بەرچاوی ھەموو جیھانەوە لە دژی رۆئاڤای کوردستان ھەموو جورە ھێرشێک ئەنجام دەدات، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک ھەڵویستی ھەبێت.

بە پێی راپورتێکی پێگەی مونیتۆری ئەمریکی، ناوچەی تەل تەمر لە ژێر پاراستنی ھیّزەکانی روسیادایە و لە تورکیا بە ئاشکرا رێکەوتنی ئاگربەست لەگەڵ روسیا پێشێل دەکات، لەو بارەیەوە سالح موسلیم ئەندامی دەستەی ھاوسەرۆکایەتی پەیەدە وتی، روسیا ئاگای لە پیلانەکانی تورکیا ھەیە و چاوپۆشی لێدەکات.

رونیشیکردەوە، روسیا دەیەوێت کوردانی سوریا ھاوپەیمانێتییان لەگەڵ ئەمریکا ھەڵوەشێننەوە و لە گەڵ بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بگەنە رێککەوتن، بە وتەی موسلیم و بەشار ئەسەد ھیچ گرنگییەک نادات بە مافی گەلی کورد و دان بە خۆبەرێوەبەری باکور و خۆرھەلاتی سوریا نادات. 

سالیح موسلیم داوای لە ئیدارەی بایدن کرد رێگری لە ھێرشەکانی تورکیا وەک ئەندامێکی ناتو بکات.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ئێستادا ھیچ دیالوگێک لە نێوان خۆبەرێوەبەری رۆژئاڤا و رژێمی سوریادا نییە جگە لە ھەماھەنگی سەربازی نێوانیان لە چەند شوێنیک کە سەربازانی سوریا لێیە لە باکوری خۆرھەلاتی سوریا.