شارەزایان و پەرلەمانتاران  خوێندنەوەی جیاواز بۆ بڕیارەکەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر دەکەن و زۆرینەی پێیان وایە بڕیارەکەی سەدر دواخستنی ھەڵبژاردنی پێشوەختی کردووەتە کارێکی حەتمی.

عزەت شابەندەر کەسایەتی سیاسی سەربەخۆ لە تویتەر نوسیویەتی، ھەندێک لایەنی سیاسی بە ئاشکرا کار بۆ ئەوە دەکەن ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا لە ١٠ی ١٠ بکرێت، لە ھەمانکاتیشدا ھەندێک لایەنی تر بەنھێنی کاری ئەستەم دەکەن بۆ دواخستنی ، بەوتەی شابەندەر بەریتانیا و ھۆڵەندە بانگەشە بۆ دەکەن کە عێراق وڵاتێکی ئارام نیە بۆ ھەڵبژاردن.

ھەروەھا عامر فایز پەرلەمانتاری عێراق،  دەڵێت پاشگەزیوونەوەی سەدر لە بڕیاری بەشدارینەکردن لە ھەڵبژاردن نزیکترینە لە واقع  بەو پێیەی لە رابردوودا چەندین جار ھەڵوێست و بڕیارەکانی پاشگەزبووەتەوە.

دەشڵێت، بڕیارەکەی سەدر مانۆڕێکی سیاسییە بۆ شڵەقاندنی گۆمەکە لەلایەک و ئیستیفزازکردنی جەماوەری رەوتەکەیەتی لەلایەکی تر، بەو پێیەی لەدوای رووداوەکەی ئەم دوایییەی پەیوەست بە قەیرانی کارەبا و ئاگرکەوتنەوەکانی وەزارەتی تەندروستی و بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار ئاستی جەماوەری رەوتەکەی دابەزاندووەو پێی وایە کوتلەکەی ناتوانێت کورسی پێویست لە ھەڵبژاردنەکەدا بەدەستبھێنێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر سەدر لە بڕیارەکەی پاشگەزنەبێتەوە، دوو سیناریۆی تر لە ئارادان ئەوانیش بریتین لە دواخستنی ھەڵبژاردن، یاخود بەرێوەچوونی لەکاتی خۆیدا بە بەشداریکردنی ھاوپەیمانی سائیرون بە کوتلەیەکی تر بەبێ ئەوەی لەسەر سەدر ھەژمار بکرێت.

لای خۆشییەوە تاریق حەرب شارەزای یاسای دەستوری رایگەیاندوە، بە بێ بەشداری  موقتەدا سەدر ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ناکرێت. 

جەختیشی کردەوە، ئەگەر ھەوڵی دانایان  بۆ پاشگەزکردنەوەی سەدر سەرکەوتوو نەبن، دواخستنی ھەلبژاردن کارێکی حەتمییە.