ھەردوو دامەزراوەکە لە ڕاگەیەنراوێکی ھاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو کەسانەی بە تەواوەتی کوتراون  پارێزراون لە کاریگەرییە مەترسیدارەکان و مردن، بە تایبەتیش لە جۆرە گۆڕاوەکانی وەک دەلتا کە لە ئێستادا لە جیھاندا بڵاوبوونەوە.


جەختیشیانکردووەتەوە، پێداچوونەوە بە ھەر داتایەکی نوێدا دەکەن لە کاتی بەردەستبوونی و دواتریش دانیشتوانی لێ ئاگادار دەکەنەوە، ئامادەشن بۆ بەکارھێنانی ژەمی چالاککەر ئەگەر زانست سەلماندی بەکارھێنانی پێویستە.


ھەردوو کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک لە ڕاگەیەنراوێک ئاماژەیان بەوەکردووە لە ئامادەکاریدان بۆ ئەوەی لە چەند ھەفتەی داھاتوودا داوای ڕەزامەندی لە فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا و ئاژانسەکانی دەرمانی ئەوروپا بکەن بۆ بەکارھێنانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەیان لە مانگی ئابی داھاتوو لە ئەمریکا و ئەوروپا، ئەوەش دوای دەستخستنی داتای نوێ لە بارەی ڕادەی کارایی ژەمی سێیەمی ڤاکسینەکەیان.


باسیان لەوەشکردووە، توێژینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە ژەمی سێیەمی چالاککەر لە دوای شەش مانگ لە ژەمی دووەم بەکاردەھێنرێت و لە ئاستێکی بەرزدا دژە تەن لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ جەستە دەستبەر دەکات بە تایبەت جۆرە گۆڕاوەکانی ڤایرۆسەکە کە ٥ تا ١٠ ھێندە زیاترە لەوەی لە دوای دوو ژەمەکە دروست دەبێت.


بە پێی توێژینەوەیەکی نوێش کە مانگی ڕابردوو لە ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە ھەردوو ڤاکسینی فایزەر و مۆدێرنا بەرگری لە بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ چەند ساڵێک و تەنانەت بە درێژایی تەمەن دروست دەکەن.


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەو بارەیەوە ئاشکرایکردووە، ئەو کەسانەی بە ڤاکسینەکانی ناوکە ترشی ڕایبۆزی کوتراون پێویستییان بە ژەمی بەھێزکەر نیە.