پسپۆرانی نەخۆشییەکانی مندڵان لە بەریتانیا ئاماژەیان بەوەکردووە، مەترسییەکانی گیان لە دەستدانی منداڵان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەگەرێکی زۆر لاوازە و نیشانە قورسەکانی ڤایرۆسەکە لەناو تەمەنی خوار (١٨) ساڵ ڕێژەیەکی زۆر کەمە.


بە پێی توێژینەوەیەکی زانکۆکانی (پریستوڵ و یۆرک و لیڤەربوڵ)ی بەریتانی، لە کۆی زیاتر لە (٤٦٠) ھەزار منداڵ کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، ٩٩.٩٩٪یان ھیچ لێککەوتەیەکی خراپی ڤایرۆسەکەیان لەسەر بە جێنەماوە.


توێژینەوەکان دەریانخستووە، ئەو منداڵانەی کە تووشی ڤایرۆسەکە بوون و خراونەتە ژێر چاودێری ووردەوە، ھەڵگری نەخۆشییەکانی (شەکرە و ڕەبۆ و دڵ) و نەخۆشییەکانی خوێن بوون، ھەمان ئەو نیشانانەی ڤایرۆسەکەیان ھەبووە کە لە گەورەکاندا ھەبووە.


لەگەڵ ئەوەشدا، توێژینەوەکان ئەو پێشنیار و بیرۆکانە ڕەتناکەنەوە، کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان ھەیە بۆ ھاندانی کوتانی منداڵان بە ڤاکسینی کۆرۆنا.


بەشێک لە زاناکانیش پشتیوانی لەو بیرۆکەیە دەکەن، کە داخستنی ناوەندەکانی خوێندن لە زۆرێک لە وڵاتان، ڕێگر بووە لە تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە، و پێداگری دەکەن لەسەر ئەو میتۆدەی کە ئەو منداڵانەی ھەڵگری ڤایرۆسەکەن بە شێوەیەکی بەرز ئەگەر ھەیە ببنە سەرچاوەی سەرەکی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نێوان دانیشتواندا.


ھاوکات بە پێی توێژینەوەیەکی زانکۆی (یێڵ)ی ئەمریکی، بەکارھێنانی ڤاکیسنی کۆرۆنا، مەترسی گیان لە دەستدانی لەسەر (٢٧٩) ھەزار ھاوڵاتی ئەمریکی دوورخستووەتەوە و ھۆکاریش بووە بۆ ئەوەی کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار کەس پێویستی بە نەخۆشخانەکان نەبێت.