کۆرۆنای گۆڕاو لە جۆری دەلتا، بۆ یەکەمین جار لە مانگی نیسانی ڕابردوو لە وڵاتی "ھیندستان" بڵاوبووەوە، لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو ڤایرۆسە گەیشتووەتە زۆرینەی وڵاتان و "تیدرۆس ئەدھانۆم" بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی ڕایگەیاند، ڤایرۆسی دەلتا لە ھەموو جۆرەکانی تر زیاتر و خێراتر بڵاودەبێتەوە لە نێو ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و ٨٥ وڵاتی گرتووەتەوە.


بە وتەی "میلیتا ڤوینوڤیچ" نوێنەری تەندروستی جیھانی لە ڕووسیا، ئەو ڤایرۆسە زۆرینەی خانەکانی لەش دەگرێتەوە، کەسی تووشبووش ژمارەیەکی زیاتر لە بەرکەوتووانی تووش دەکات. پسپۆڕانی بەریتانیاش دەڵێن، ئەو ڤایرۆسە بە ڕێژەی ٤٠٪ بۆ ٨٠٪ خێراتر بڵاودەبێتەوە.


لە ولاتی "پورتوگال" ئەو ڤایرۆسە مەترسییەکی گەورەی دروست کردووە و ٥١٪ی تووشبووان لەو جۆرە نوێیەن، لە "لشبونە"ی پایتەختیش زیاتر لە ٧٠٪ی تووشبووان پێکدەھێنێت.


ھاوکات ڕێکارەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە چڕ کراونەتەوە و ھاتوچۆکردن لە پایتەختی پورتوگالەوە بەرەو شارەکانی تری وڵاتەکە سنوردار کراون و دەوام و کاری چێشتخانەکانیش کەم کراونەتەوە.


لە باشوری ئەفریقاش، زانایان دەڵێن ئێستا دەلتا بڵاوترین جۆرە لە وڵاتەکە و ئەم شەپۆلی بڵاوبوونەوەیە شەپۆلەکانی تر تێدەپەڕێنێت لە ڕووی مەترسی و خێرایی بڵاوبوونەوەی.