نەوەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جۆری دەلتا کە بۆ یەکەمین جار لە ھیندستان بڵاوبووەوە و دواتر گەیشتە بەریتانیا و چەند وڵاتێکی تر، لە ئێستاشدا لە ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاوبووەتەوە و ئامارەکان دەریدەخەن ٢٠٪ی تووشبووان لەو وڵاتە لە ٢ ھەفتەی ڕابردوودا لەو جۆرە نوێیە بوون، بە شێوەیەک لە ناوچەکانی "ئایوا و کانساس و میزوری و نبراسکا و کولۆرادۆ و داکوتا و مونتانا" و چەندین ناوچەی تری وڵاتەکە بڵاوبووەتەوە.


"ئەنتۆنی فاوچی" گەورە پسپۆڕی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئەمریکا دەڵێت، ڕەنگە ئەمریکا وەک بەریتانیای لێبێت لە بڵاوبوونەوەی "دەلتا" و بڵاوبوونەوەشی لە نێو گەنجاندا زۆر خێرایە. 


"فاوچی" داواشی لە کۆشکی سپی کرد تا ٤ی تەموز لانی کەم ٧٠٪ی ئەمریکییەکان کوترابن، چونکە تا ئێستا ٧٠٪ی ئەو ھاووڵاتیانەی تەمەنیان لە ٣٠ بەرەو سەرە، تەنھا یەک دۆزی ڤاکسینیان وەرگرتووە. 


"جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکاش لەسەر دەلتا لە زاری زانایانەوە وتوویەتی، ئەو جۆرە نوێیەی کۆرۆنا ھەڕەشەیە بۆ سەر ھەمووان بە تایبەت گەنجان، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەشی لە ماوەی ١٥٠ ڕۆژدا ڤاکسینیان داوەتە ٣٠٠ ملیۆن ئەمریکی. سەرباری ئەوەش "بایدن" گەشبینە و دەڵێت ڕۆژی ٤ی تەموز داھاتوو ئەمریکییەکان ئاھەنگ دەگێڕن بە بۆنەی ڕزگاربوون لە کۆرۆنا.