ھەر بە پێی ئامارەکە کۆی بێکاران لە ساڵی ڕابردوودا ١٨٧ ملیۆن کەس بووە و چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارەی بێکاران لە ساڵی ٢٠٢٢ بۆ ٢٠٥ ملیۆن کەس بەرزببێتەوە، ئەم ژمارەیەش لە ساڵی ٢٠١٣وە بێوێنە بووە.


لە بارەی وڵاتە زیانلێکەوتووەکانەوە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لە وڵاتانی کاریبی، ئەمریکای لاتین، ئەوروپا و ناوەڕاستی ئاسیا، بەھۆی کۆرۆناوە زۆرترین کرێکار کارەکانیان لە دەستداوە.


"گای ڕایدەر" سەرۆکی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی دەڵێت، کۆرۆنا تەنھا قەیرانیکی تەندروستی نییە، بەڵکو قەیرانێکی ئابووری و مرۆییە و ئەگەر گروپ و کەرتە زیانلێکەوتووەکان نەپارێزن، تا چەند ساڵێکی دیکە کاریگەرییە خراپەکانی کۆرۆنا بەردەوام دەبن و بە ئاسانی کۆتایی نایەت.


بە پێی زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کەسانەی بەھۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لە دەستداوە ناچاربوون ڕۆژانە بە کەمتر لە سێ دۆلار ژیانیان بەڕێبکەن و پێویستە وڵاتان ھەنگاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە بنێن کە ئاستی نادادپەروەری لە ئاستی جیھاندا بۆ ئاستێکی مەترسیدار بەرزکردووەتەوە.


ڕێکخراوەکانی بەرگریکردن لە مافی ژنانیش باس لەوە دەکەن، ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانێکی زۆری لەو ژنانە داوە کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکەن و زیاتر لە پیاوان زیانیان بەرکەوتووە.


تا ئێستا لە جیھاندا زیاتر لە ١٧٢ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەو ڕێژەیەش زیاتر لە سێ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس گیانیان لە دەستداوە، ژمارەی ئەو کەسانەشی تا ئێستا ڤاکسینیان وەرگرتووە گەیشتووەتە دوو ملیار کەس.