ئەلبومی (شار) و ئەفسوسێك
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢
1266
(كەسێك میوزیك ناخی نەهەژێنێت هەرگیز متمانەی پێ مەكە)
ویلیام شکسپیر لە شانۆیی بازرگانی ڤینیسیا
ھێمن موکریانی لە پێشەکیی دیوانی تاریک و رووندا دەڵێت لە وڵاتی ئێران دیوانی حافزی شیرازی لەژێر قورئاندا دادەنێن، وەک ئاماژەیەک بۆ کاریگەریی وشە ، گەلی کوردیش لەو بەھرەیە بەدەر نییە و نمونەی کەڵە شاعیرانی وەک نالی گەواھیی ئەم قسەیەیە.
بەڵام ئەفسوس کە ئێمە خاوەنی کەڵە شاعیرێکی وەک نالی و ھونەرمەندێکی پابەندی وەک عەدنان کەریم و میوزیسیانێکی زرنگی وەک کارزان مەحمود بین و بێ پشتیوانییەکی ئەوتۆ ئەفراندنێکی وەک ئەلبومی (شار) مان بە بێ بەرامبەر پێشکەش بکەن، دوای دوو رۆژ لە بڵاوکردنەوەی ڤیوی لە یوتیوبدا نەگاتە١٠٠٠.
گەلی ئازەری یەکێکن لەو گەلانەی ناوچەکە کە خاوەنی خەرمانیکی دەوڵەمەندی میوزیکن و لە مۆزەخانەی میوزیکی باکۆی پایتەختدا زیاتر لە ١٥٠ ئامێری خۆیانیان نمایش کردووە.
ئیڵنارە عەبدوڵڵایێڤا، یەکێک لە خانمە گۆرانیبێژە دیارەکانی ئازەربایجان، لە کۆنسێرتێکی بە شکۆدا بەخێرھاتنی ئامادەبوان دەکات کە لە چەندین وڵاتەوە بۆ ئەو کۆنسێرتەی ئەو ھاتوون، دەڵێت: من سپۆنسەرم نییە، سپۆنسەری من ئێوەن کە پاڵنەری داھینانەکانی ئێمەن.