یانزدەی سێپتامبر/ ئەیلول و یادەکانی
١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢
484
رەنگە لەمڕۆژەدا یادی زۆر گرنگتر ھەبن لە رۆژ ژمێری مێژودا، بەڵام بەندە ئاگاداری سێ یادم ئەوانێش شۆڕشە مەزنەکەی ئەیلولی خەباتی دیموکراسیی رزگاریی گەلی کوردستان، دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان و پەلاماری تێرۆریستان بۆ سەر ھەردو تاوەری سەنتەری بازرگانیی جیھان لە نیویۆرک.
شۆڕشی مەزنی ئەیلول کە ھەڵسەنگاندن و روانینی جیا جیای لەبارەوە کراوە و دەکرێت ،روانین و بۆچونەکان جیاوازن لەسەری ،وەرچەرخانێکی گرنگ بو لە خەباتی کۆمەڵانی خەڵک بە رابەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ وەدەستھێنانی مافە مرۆیی و دیموکراسیی و نەتەوەییەکانی .ھەرچەندە فاکتەری شۆڕشەکە شەڕی دەرەبەگایەتیی بو لەگەڵ حکومەتێک بە ناوەڕۆک دەرەبەگ و بەرواڵەت بۆرژوازیی ،بەڵام بیانویەکی باش بو تا خەباتگێڕانی ئەوێ رۆژێ رەوتەکەی بگۆڕن و ببێتە شۆڕشێکی رزگاریخواز(ئەوەش بۆچون و لێکدانەوەی زۆری لەبارەوە کراوە و دەکرێت کە ئایا وەختی شۆڕش بو؟! ئایا رێبەرانی پ د ک ھەمویان کۆک بون لەسەر وادەی ھەڵگیرساندنەکەی ).بەگشتی شۆڕشەکە تاکە بزوتنەوەی چەکداریی -جەماھیریی بو کە لەو قۆناغەدا بتوانێت لانی کەمی مافەکانی گەلی کوردستان بە حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق بسەلمێنێت ،جارێک بە لامەرکەزیی جارێکی تریش بە ئۆتۆنۆمیی،تاکە بزوتنەوەش بو کە کوردی بەشەکانی تریش ھیوای لەسەر ھەڵبچنن. ھەرچەندە شۆڕشەکە لە وێستگەیەکدا کۆتایی ھات ،بەڵام ماکی شۆڕشەکە بەزیندویی مایەوە و جارێکیتر شۆڕش ھەڵگیرسایەوە.ئەمجارەیان بەرابەرایەتی ی ن ک و دواتر ھێزە رەسەنەکانی تر ،کە درێژخایەنیی شۆڕشەکە بوە فاکتەری بەدیھێنانی ئامانجەکانی گەلی کوردستان لە نێو دەستوری عێراقی نوێدا کە ئەویش تا ئێستا نەخەمڵیوە .
دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانیش بە دەستپێشخەریی ی ن ک لە دوای راپەڕینی ئازار-مارس/١٩٩١ وەرچەرخانێکی گرنگ بو لەسایەی ئازادیی تازە بەدیھاتوی بەشە رزگاربوەکەی کوردستان .
سەرگوزشتەی دامەزراندن و کارکردنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان زۆر دورو درێژ و پڕ ھەوراز و نشێوە وەک یەکێتییەکەی ،بۆیە بە سەدان سەعات و دەیان کتێب تەواو نابێت .گێڕانەوەی ھەر رۆژێکی کارکردنی کادیرەکانی لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ بۆ خۆی چیرۆکیکی دورو درێژی لێ دێتە بەرھەم . ئامێری سادە ، جێگە و رێگەی سەرەتایی ،توانای مادیی کەم ،بەڵام ئەقڵ و شارەزایی زۆر و دانسقە و پشتیوانییە لێ بڕاوانەکەی سەرۆک مامجەلال ئەو وەرچەرخانە مێژوییەی لێ ھاتە بەرھەم کە لە یادی شۆڕشێکی جەماوەریی وەک شۆڕشی مەزنی ئەیلول مژدەی لەدایکبونی یەکەمین تەلەفزیۆنی کوردیی گەیاندە ناوچە نزیک و دورەکان ،یەکەم میوانیش رابەری مەزنی کوردایەتیی سەرۆک مامجەلال بو کە پەیامێکی گرنگی گەیاند بە کۆمەڵانی خەڵک و حکومەتی ئەوسای عێراق و تیایدا ئەرک و فەرمان و ھەڵوێستە سیاسییە نەگۆڕەکەی ی ن ک و بزوتنەوەی رزگاریی و دیموکراسیی گەلی کوردستانی لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستانەوە دیاریکرد وەک چۆن پەیامی راپەڕین لە ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستانەوە گەیشتە ئەوپەڕی کوردستان و بەغدای ھەژاند .
تەلەفزیۆنەکە کە بەندە لە نێوان مانگی نۆفامبری ١٩٩٢-حوزەیرانی ١٩٩٤ خزمەتم تیادا کردوە، بە خاوەن زمانێکی ستانداری پاراوی کوردیی راگەیاندن،پیشەیی بون لە گەیاندنی ھەواڵ و زانیاریی و ھوشیارکردنی کۆمەڵ لە بوارە جیاجیاکان ،بەناوبانگ بوە بە ئێستاشییەوە.
تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بوە فاکتەرێک کە چاوی لێ بکرێت و چەندین تەلەفزیۆن و کەناڵی تریش لەو سەردەمە سەختەدا بێنە مەیدانی کاری میدیایی .TGK ھەر کادیرانی راگەیاندنی سەر بە ی ن ک کاریان تیادانەدەکردبەڵکو روناکبیرانی دەرەوەی ئەڵقەی حزبایەتیی بە ماڵی خۆیانیان زانی و ئێستاش بەھەمان شێوەیە،ئاخر ی ن ک ئەوێ رۆژێ خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی بە ئەرکی خۆی زانیوە بێ جیاوازیی بیرکردنەوەیی سیاسیی.
پەلاماردانی تێرۆریستانی القاعیدە بۆ سەر ھەردو تاوەری بازرگانیی جیھان لە یانزدەی سێپتامبری ٢٠٠١یشدا مێژوی
سیاسەتی دنیای گۆڕی و ئەمریکا سیستمی تاک جەمسەریی زیاتر بوە چوەسەر تا خۆی سەرکردایەتیی جیھان بکات بۆ رەواندنەوەی ھەڕەشەی تێرۆریستان کە لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەو سەرکردایەتییەی ئەمریکا بەردەوامە .یانزدەی سێپتامبری ٢٠٠١ بوە فاکتەرێک کە لەھەر جێگەیەکی جیھاندا تێرۆری ئیسلامیی ھەبێت ئەمریکا بێ سێ و دو بە ھەڕەشەی دەزانێت بۆ سەر بەرژەوەندیەکان و ئاشتیی و ئاسایشی جیھان .
وەک چۆن ھەمو سیاسەت و ھەنگاوێک دولایەنەیە و خەڵکی تریش قسەی ھەیە ،ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆی ئەمریکا بەدڵی ئەو دەوڵەت و ھێزانە نییە کە رۆژانێک دەست رۆیشتو بون لە بڕیارەکاندا بۆیە ئەمریکا لە روانگەی تێزی ئاسایش بۆ ھەمو جیھان بەگژ روسیای ئۆلیگاریشەکاندا دەچێتەوە تا رێگە نەدرێت ئەو دەوڵەتە دیکتاتۆر و چاو چنۆکە کۆسپ بخاتە بەردەم سیاسەتی جیھانیی دوای یانزدەی سێپتامبر .
پیرۆزە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و یادی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان ،مردنیش بۆ تێرۆری ئیسلامیی و ھەر تێرۆرێکی تر لە ھەر جێگەیەکی ئەم جیھانەدا بن .