بەو کوردانەوە شانازیی دەکەم کە شەیدای ئازادیین
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
2002
بە داخەوە ھەرکاتێک گوێم لە ھەندێک کوردی عێراق دەبێت لەناو ھەرێمی کوردستان یا نیشتەجێی دەرەوەن (ھەروەک ھاوڕێ و ھاوکارم ھەوراز شوانی دەڵێت)بە ژەھری ئیخوان موفلیسین، بە ئیسلامێکی نامۆ و دور لە ئیسلامە کوردەوارییەکەی خۆمان مێشکیان قان دراوە وئامۆژگاریی خەڵکی ساویلکەو نەزان دەکەن و بە نەھجی ئین تەیمیە و تیرۆری ئیسلام وەعزیان دادەدەن یا شانازیی دەکەن بە گۆڕینی بینای کڵێسایەکی فەرامۆشکراوی بێ ئەرزشی مێژویی ،بۆ شوێنێکی پەروەردە کردنی تێرۆر ،خۆزیام ئەوەیە کە کورد نەبومایە ، لەکاتێکدا ئەو مێشک پوتانە نازانن کە کڵاویان کراوەتە سەر ئەبێت باج و مەسرەفەکانی تر بکەوێتە سەرشان و فرۆشیارەکان کۆمەڵێک پابەندبونیان بە رێکارەکانی باج و تەندروستیی. و چی و چی لەکۆڵ بوەتەوە .
کەچی کە کوردی کوردستانی ئێران دەبینم و گوێم لێیان دەبێت ،شەکرە قسەی دیموکراسیی و شارستانیی و بیری ئازادیی لە لێوانیان دەبارێت،شانازیی دەکەم کە منیش کوردم .کاتێک گوێم لە شیرین کەلام خاتو ئامینەی باوە دەبێت ،شانازیی دەکەم کە کوردم و کورد دەتوانێت ئازادیخوازیی شارستانیی بونی خۆی بسەلمێنێت ،لە ھەر جێگە و ناو ھەر کۆمەڵێکی شارستانییدا بێت دەتوانێت رۆڵی کارا ببینێت .کە گوێشم لەو جەوان و تازە پێگەیوە کوردانە دەبێت بە کچ و کوڕیانەوە خۆیان بە جێگرەوەی ئەنەسی کوڕی سەلما و سەعد و قەعقاع و خوێنڕێژەکانی تری مێژوی خوێناوی غەزەواتەکانی بیابان نشینەکان و دوژمنانی بەھا جوانەکان ئەزانن ،دەمەوێت دەست لە ناسنامەی نەتەوەییم ھەڵگرم ،بەڵام کاتێک دیمەنی روخساری پڕ لە ھیوا و ئاواتی ئازادیخوازیی ئەو ژن گەل و کوڕ گەلەی ئامادەبوی کۆنسێرتەکەی شاری سنەی قارەمانم بینی کە چۆن بە حەسرەتەوە خەریکە باڵ دەگرن بۆ گەیشتنیان بە ھەوای ئازادیی .
بەڵێ رۆژی دوشەممە رۆژێک بەر لەکۆتایی وەرزی بەھار ڤیدیۆیەکی بەرنامەی (کوردسات ماگەزین )م بینی سەرەتا خەمبار بوم بە بیستنی ھەواڵی ماڵئاوایی ھونەرمەندی ناودار(محمد ئەربیللی)،رۆحی شاد بێت،ھەر لەو ڤیدیۆیەدا ھەواڵ و دیمەنە شادی ھێنەرەکەی شاری سنەم بینی کە کۆنسێرتێکی ھونەرمەند کاکە حسێن سەفا مەنش بو .ئەو ھونەرمەندەم نەناسیبو ،یەکەمجاریش بو نامی بشنەڤم روخساری ببینم . بوێریی ئەوەم نیە ھەڵسەنگاندن بۆ ھونەرەکەی بکەم جونکە ھیچ لە ھونەر نازانم ،بەڵام دەتوانم ھەستی کاکە حسێن و ئامادەبوانی کۆنسێرتەکەی بخوێنمەوە.ئەو ھونەرمەندە قسەکانی پڕبو لە ھەستی نەتەوەیی ،پەرۆشیی بۆ پێشکەشکردنی ھونەرێکی رەسەنی پڕ لەتازەگەریی،لێوان لێو بو لەوەی لەرێی گۆرانی موزیکەوە یەکێتیی نەتەوەیی بەھێز بکات ،کورد وەک نەتەوەیەکی شەیدا بە ئازادیی و شارستانیی و خولیا بە پێکەوە ژیان بناسێنێت کە منی دڵشاد و خوش کەیف کرد .لەوە شادمانتر ھەستی کاکە حسێن بو کە گەرەکێتی بە ھەموان بوێشێت ئەگەر پشت و پەنامان ھەبێت دەوروبەرەکەمان لێمان بگەڕێن ،توانین و تواین شتی خاس پێشکەش بکەین ،توانین خۆمان بگونجێنین لەگەڵ پێشکەوتن و شارستانییدا .کاکە حسێن بە زوانە رەسەنە کوردییە شێوە کلھوڕییەکەی دەدوا زۆری مەبەست بو کورد وەک نەتەوەیەکی یەکڕیز و پێشکەوتنخواز و ئازادیخواز بناسێنێت و پیشان بدات ،ئەوەش سیحری ژەھری دەمارگیریی ئاینیی شێوە ئیبن تەیمیە حەنبەلییەکە بەتاڵ دەکاتەوە کە ھەندێک کوردی نیشتەجێی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتیش بەتاڵ و پوچ دەکاتەوە .بەوەش ئەوەم لا ساغ و بەرجەستە بو وێنەکەی کاکە حسێنی سەفامەنش راستەقینەی نەتەوەکەمە ، نەک ئەوانەی مێشێکیان بە ژەھری حەسەن بەننا و بن لادن کێ و کێ کانی تر ئاخنراوە کە ھەم کوردبونیان ،ھەم دیندارییە راستەقینەکەیان شێواندوە دینێکی تەزویر پڕ لە دوڕوویی ھاوردە کراویان سەپاندوە .
دیمەنێکی تری سەرنج راکێش کە من و ھەر بینەرێکی تر دڵخۆش دەکات ،بەراستیی دڵخۆشی کردم ھانی دام زیاتر شانازیی بە کورد بونم بکەم ،جوڵە و ھەستی پڕ خرۆشی ئامادەبوانی کۆنسێرتەکەی شاری سنەی قارەمان بو کە ئاماژەو نیشانەی پێشکەوتویی تاسە و حەزی کۆمەڵانی خەڵکی ئەو بەشەی نەتەوەکەمە بۆ ئازادیی و پێشکەوتنخوازیی و شارستانیی ،چەنە جوان و قەشەنگ بی کە کیژ گەل و کوڕگەل و ژنان و پیاوان بە جیاوازی تەمەنیان وشەکانی گۆرانییەکانیان دەوتەوە،بە تایبەتی ئەو گۆرانییەی کە ھاوار دەکات بۆ ئازادیی و کۆتایی دیلیی و ئەسارەت.ئەویش گۆرانی لەیلم لێ بو کە پێشتر ھونەرمەندی گەورە کاک ناسری رەزازی چڕیوێتی و گوزارشت دەکات لە خولیا و شاد بون بەئازادیی و گیان بەخشین لە پێناوی ئازادیی و سەرفرازیی رزگار بون لەقەفەسی دیلێتی ،وەک چۆن بولبل ئارەزو دەکات بگەڕێتەوە بۆ ناو گوڵزار و ھێلانەکەی خۆی و کۆتایی بێت بە ماڵ وێرانیی و خاپور کردن .ئای چەندە دڵخۆش بوم کە من لە نەتەوە گەلێکم خولیا و شەیدای ئاشتیی و خۆشگوزەرانییە،حەسرەت دەکێشێت بۆ شکاندنی تەڵسمی ترس و دودڵیی بۆیە ھەمویان بەوتنەوەی گۆرانییەکە ئارامییان پێ دەبەخشرا لەوساتەدا روخساری پڕ لە خۆشیی و خەندەیان باڵی پێ گرتبون ھیچ سانسۆر و ترسێک نەی دەتوانی رایان بگرێت لە فڕین بەرەو ئازادیی و شارستانیی ئاشتیی،بۆیە منیش لەگەڵیان فڕیم زیاتر شانازییم بە کورد بونمەوە کرد،ئەوەم زیاتر لا بەرجەستە بو ئەو وێنەو دیمەنانەی موحەجەبە مێشک پڕ لە ژەھر و تاریکییەکان پیشانی ئەدەن راستەقینەی کورد نییە بەڵکو ئەوەی لە کۆنسێرتەکەی شاری سنەی قارەمان رەسەنایەتیی کورد پیشان دەدات و بەرجەستەی دەکات ،بۆیە بەوکوردانەوە شانازیی دەکەم کە شەیدای ئازادیین.