گرنگی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری دێلفی
٩ی نیسانی ٢٠٢٢
1568
دیداری دێلفی دیدارێکی ساڵانەی ئابووری سیاسیە کە لەلایەن دامەزراوە-رێکخراوێکی نا حکومییەوە خۆبەخشانە رێکدەخرێت، لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە ساڵانە لە یۆنان بەڕێوەدەچێت.
بنکەی سەرەکی رێکخراوەکە لە ئەسینایە و لەچەند ھەرێمێکی تری یۆنان بنکەیان ھەیە، ئەم رێکخراوە (کۆمپانیا)یە پشت بەھاوکاریی و ھەماھەنگی لەنێوان دامەزراوەکانی کەرتی گشتیی و کەرتی کۆمەڵایەتی و کۆمپانیاکان و کەسایەتییەکان دەبەستێت، ناوچەی دێلفی سەر بە پارێزگاری فۆکیژا شوێنی دیداری ساڵانەی ئابوری دێلفۆنە کە ئەم دامەزراوەیە رێکی دەخات و دیدارەکەی لێ بەڕێوەدەچێت .
بەشداربووان لەم دیدارەدا، خەڵکانی ئەکادیمی زانستیی و سیاسیی و سەرمایەدارو بازرگان و کەسایەتی بە ئەزموونن، ئامانج لێی ھەوڵدانە بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاڵنگاریە ھاوچەرخەکان کە کاریگەرییان لەسەر یۆنان و ناوچەکە بە گشتی ھەیە.
گەشەپێدانی ستراتیژی نوێ لەناو گۆڕانکاریی و چاکسازی بنەڕەتی بە ئامانجی بەرەپێشبردن و گەشەپێدانی بەرپرسانەی سیستمی حکومڕانی گونجاو و زیندووی ھاوچەرخە، بەئاراستەی یۆنان و ئەوروپا و ناوچەکە و رۆژھەڵاتی مێدیتێرانیان، بۆیە ئامانجی دامەزرێنەرەکانی ئەوەیە کە ساڵانە ئەم دیدارە رێک و ساز بەئەنجام بگەیێنن.
سیمێیۆن تسۆمۆکۆس دامەزرێنەری سەرەکی ئەم دیدارە لەلێدوانێکیدا دەڵێت: یەکێک لەئامانج و ھیواکانی بۆ دیداری دێلفی ئەوەیە کە سیاسییەکان و دەسەڵاتداران لەھەردوولای رکابەر، لە رووی سیاسی و ئایدۆلۆژیەوە بتوانن گفتوگۆبکەن و لەسەر ھەندێ خاڵی سەرەکی رێکبکەون.
یەکێک لەگرنگیەکانی ئەم دیدارە کە جێی بایەخەو بریتییە لەوەی راستەوخۆ لەڕێی ھێڵی ئینتەرنێت و دیجیتاڵیەو ھەموو گفتوگۆو بابەتەکان کە ھاوچەرخ و سەردەمین و ھەروەھا پرسیارگەلێک بە ئاراستەی کێشە کۆمەڵایەتییە ئابورییەکان پەخش دەکات بۆ ئەوەی زۆرترین بەشداربووی ھەبێت و سوود لەدیدو تێڕوانین و بۆچوونەکانی یەکتر ببینن.
لەو چوارچێوەیەدا نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەیۆنان لەدەستپێک و سەرەتای رێکخستنی دیدارەکەوە لە٢٠١٦ ەوە ساڵانە بەوردیی چاودێری کاروبارەکانی دیدارەکەی کردووەو بۆ ئەوەی کوردیش وەک گەلێکی زیندووی ناوچەکە کەخاوەن کلتورو شارستانێتی دێرین و ھاوچەرخە بەشداریی تێدابکات، چەندینجار لەگەڵ دامەزرێنەران و رێکخەران و لێپرسراوانی باڵای دیدارەکەدا گفتوگۆو کۆبوونەوەی دۆستانەی کردووە، تاخۆشبەختانەو سەرەنجام لەمساڵدا لەحەوتەمین دیدارەکەدا جێگری سەرۆک وەزیری ھەرێم و وەفدی ھاوڕێی لەحکومەتی ھەرێم بەشدارییان لەدیدارەکەدا کردو لەنزیکەوە لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای یۆنان داڕشتنی بنەمایەکی تۆکمەیان بۆ سیستمی بەڕێوەبردن و گەشەپێدانی بنەماکانی کەرتی گەشتیاریی و ئابووریی تاوتوێکردووە..
بۆ ئەمساڵیش ٢٠٢٢ بە بەشداری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیری ھەرێم و تیمی ھاوڕێی حەوتەمین دیداری ئابوری دێلفی لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کەناوچەکە بەگشتی و وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەی بەھۆی پەلاماری سوپای روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بارودۆخەکە ئێجگار ھەستیارو تایبەتە.
پێش قەیرانی کۆرۆنا لەساڵی ٢٠١٩ زۆرترین کەسایەتی لەبوارە جیاجیاکادا بەشدارییان تێداکرد کە سێ ھەزار و ٢٠٠ کەس ئامادەی دیدارەکە بوون و تێیدا ئامادەبوون، دیدو بۆچوونەکانیان بەئاڕاستەی بەرەوپێشچوون و تۆکمەکردنی بنەماکانی ئەو دیدارە خستەڕوو.
رەوا بابان نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یۆنان