لە دەروازەی مێژودا ناکۆکیەکان یان دەرفەتەکانمان گەورەترن؟!
٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢
585
ئەوەی لێرەدا دەماخاتەوە سەر کەڵکەڵەی بیرکردنەوە لە رابردوو، دۆخی ئێستای کوردستان و تەشەنەکردنی قەیران و کێشەی جۆراوجۆرەکانە ، گەرمبوونەوەی ململانێ و ناکۆکیە لەسەر حسابی گونجان و پێکەوەھەڵکردن، لەکاتێکدا کە پێویستی زۆرمان بە سازان و یەکخستنی ھێزو توانای خۆمانە بۆ ئەوەی بەرگەی دۆخی قورسی پڕ لە قەیران و تەنگژەکانی ئێستا بگرین و تێپانپەڕێنین.
لەڕاستیدا گەر یەک دەنگ و یەک دەست بین دەرفەت و ئاسۆی فراوانمان لەبەردەمە، دەسکەوتەکانیشمان زۆر لەوە زیاتردەبێت کە ئێستا لەسەری ناکۆکین و خۆمان و خەڵکیشی پێوە نیگەران و دڵتەنگ دەکەین.
لە سەرەتای ساڵی (١٩٩٥ )وەفیق سامەرایی کە یەکێک بوو لە کەسایەتیە گرنگەکانی رژێمی سەدام، بەھۆی نائومێدی لەو رژێمە رایکرد و خۆی گەیاندە کوردستان ، دوای گەیشتنی بۆ سلێمانی سەردانی کاک نەوشیروانی کرد و منیش لەو دانیشتنە ئامادە بووم بەداخەوە ئەو کات شەری نەگریسی ناوخو لە ئارادا بوو ومەترسیش لە سەر ئەزمونە فیدڕاڵیەکەمان ھەبوو... پرسیاری کرد : ئەو شەڕە لەسەر چییە؟ کاک نەوشیروان ھۆکارەکانی شەڕەکەی باسکرد و ئاماژەی بە گومرگی ئیبراھیم خلیل کرد، وەفیق سامەڕایی کۆمێنتێکی زۆر جوانی لەسەر ئەو خاڵە خستە ڕوو گوتی( ئێوە بۆ ئاشت نابنەوە، لەبری شەڕی خۆکوژی ، بۆ ھەوڵ نادەن رژێمی سەدام بڕوخێنن کە پارەی یەک رۆژی نەوتەکەی بەسالێکی ئیبراھیم خەلیلە)
کاک نەوشیروان وتی بڕۆ قەناعەت بە مام جەلال و کاک مەسعود بکە.
ئێستا لەسایەی ئەم دۆخە سیاسیە گرژو ئاڵۆزە و بونی مەترسی دەرەکی ھەمان ئەو رستانەی وەفیق سامەراییم بەخەیاڵدا دێنەوە کە بەشەکەتی لەداقوقەوە و بە پێ خۆی گەیاندبووە لەیلان ئینجا کەلار ، پێڵاوەکانی ھەلاھەلا بوون ، دوای گەیشتنی کاک عوسمانی حاجی محمود لە ماڵی دۆستێکی خۆی دەیبینێ و جوتێ پیێڵاوی بۆ تەرتیب دەکات و لە گەڵ خۆی دەیھێنێ بۆ سلەیمانی و دواتر رەوانەی لای مام جەلالی دەکات لە ھەولێر.
ئەو پیاوە لە ئێمە باشتر نرخی ئەو ئازادی و رزگاربوون لە رژێم دکتاتۆریەت دەزانی کە ئێمە بێباکانە لەتمان کردبوو، ئامۆژگاری دەکردین بۆ رێکەوتن و کۆتایی ھێنان بەشەڕو ناکۆکی کە سوپاس بۆ خوا دوای چەند ساڵێک کۆتایی بە شەری خۆکوژی ھات و ئاشتی بەرقرار بوو و بووین بە بەبەشێکی کاریگەر لە روخاندنی رژێمی بەعس و دامەزراندنی عیراقی تازە لە سەر بنچینەی سازان و شەراکەت و بۆ یەکەم جار لە مێژووی عیراقدا کوردێک (مام جەلال ) ببێت بە سەرۆک کۆماری عیراق و پیی بوترێت سەمامی ئەمانی عیراق و بووین بە خاوەنی فیدرالیەت بە پیی دەستور و دابینکردنی لە (١٧/١٠٠) بوجەی عیراق ئیتحادی بۆ ھەرێمی کوردستان کە مانگانە زیاتر لە ملیارێک دۆلار بوو.
لەم نووسینە مەبەستم نییە بڵێم ئێمە لەبەردەم ھەڕەشەی شەڕێکی ترداین بەقەد ئەوەی مەبەستمە بڵێم پێویستمان بە تەباییە نەک پەرتبوون، ناکۆکی و جیاوازیەکان ھەر چەند بن بایی ئەوە نین گرژی دروست بکرێ و خەڵک دووچاری دڵەراوکێ و نائومێدی ببێ.
ئێمە ئەمڕۆ پێویستە خۆمان روبەڕوی بەخۆداچونەوەیەکی رەخنەگرانە بکەینەوە، دواتر خاڵە ناکۆک و کۆکەکان جیا بکەینەوە، ئینجا میکانیزمی چارەسەری خاڵە ناکۆکەکان دەسنیشان بکەین و بڕیاری لەخۆبوردوانە بدەین، چونکە ئەگەر کێشەکانی ناوخۆی خۆمان چارەسەر بکەین و دادپەروەری و حوکمی رەشید بەر قەرار و متمانەی خەڵک مسۆگر بکەین و پەیوەندی دروست و بەپێ دەستور لە گەڵ بەغدا جێبەجێ بکەین ئەو کات ئەتوانین بە سەربەرزییەوە خزمەتێکی باش بە خەڵک و کوردستان بکەین و روحی شەھیدەکانمان شادبکەین، لەڕاستیدا ئەگەر لۆژیک زاڵ بکەین وەک گوتمان ئەوەی لە پێشمانە زۆر لەوەزیاترە لەوەی ئێستا لە پێناویدا خەریکە حیسابی بۆ دەکەین.