بۆ یەکێتی بژین ھەموو، کوردین ھەموو
٢٧ی تەمووزی ٢٠٢١
1127
بۆ یەکێتی بژین ھەموو، کوردبن ھەموو، دوای رێباز و رێگا و دروشم و بەرنامە و سیاسەتی یەکێتی بکەون.
ھەڤاڵی شەخسپەرستی مەبن. ھەڤاڵی رێی مافی چارەنووس، رێی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی بن.
ھەڤاڵی بێ غەلوغەشی کوردایەتی و یەکێتییەکی عەیار بیست و چوار بن.
ھەڤاڵی سۆشیال دیموکرات و ھەڤاڵی شانە و کەرت و کۆمیتە و مەڵبەند و مەکتەبی یەکێتی بن، ھەڤاڵی لاکۆڵانی تاریک و نوتەک و ھەڤاڵی کۆڵانی بنبەست مەبن کە بۆنی شەخسزەدەیی و ڕەنگی کەس پەرستی و بەرامەی پۆلپۆلیستی و عەوام فریوی گرتووە.
ئەی ھەڤاڵی یەکێتی تۆ کە ئەم حزبە پان و بەرینەی مەیدانی خەباتی کوردایەتیت ھەیە. بۆ دوای ھەڵپەی پێچ و پەنا و ھەڵلای پەیجی درۆزنانە و میلیشیای ئەلکترۆنی ناوی خوازراو و تایتڵی شێواو کەوتووی؟
تۆ ھەڤاڵی یەکێتی و ھەڤاڵی مام جەلال بە، ھەڤاڵی کوردایەتی و کوردەواری و دیموکراتی بە کە تا سەر و بۆ ھەمووان و بە ھەمووان سەرئەکەوێت.
چیت داوە لە فەلاکەت و ھەلاکەت و لەرێ لادانی دوور لە حزبایەتی و دور لە ھەڤاڵبەندی؟
یەکێتی ڕاستەقینە بە، دەروێشی حەقیقەتی یەکێتی بە، کۆیلەی پۆلپۆلیستی مەبە، ئەندامی سۆشیال دیموکرات بە، نەک ئەندامی سۆشیال میدیای قیل و قالی کۆمەڵگەی گریمانەیی.
ئەندامی سوپای ئەلکترۆنی رەسمی و رەسەن و رەوا و روونی یەکێتی بە، نەک ئەندامی سپۆنسەرکراوی میلیشیای ئەلکترۆنی تەشھیر و سوکایەتی و پەلاماردان!
ئەی ھەڤاڵی یەکێتی! تۆ پشتیوانی ھەڤاڵەکەی خۆت بە، لەگەڵَ ھەڤاڵی خۆتا خەبات و کۆشش بکە، نەک تەشھیری پێ بکەیت و ملی بشکێنی چونکە ئەویش ھەر یەکێتییە و ھەر دەیەوێ یەکێتی بێت. تۆ ھەڤاڵانی خۆت بە دۆست و یار و ھاورێی خۆت بزانە، نەک لە پەیج و پەناو و پەسێوی خوازراودا سوکایەتی پێ بکەیت و کۆمێنتی نەشیاوی لەسەر بنووسی و موزایەدەی بەد عەمەلی بەسەردا بکەیت؟ ئاخر تۆ بەو ھەڤاڵە و بە کۆی ھەڤاڵانیشت، یەکێتی و یەک سەنگەری.
ئەی ھەڤاڵی یەکێتی، پابەندی یەکێتی ناو یەکێتی بە، بەگوێی ئەدەبیاتی یەکێتی بکە کە دەڵێ: کەسمان لێ زیاد نییە و لەسەر کەس پەکمان نەکەوتووە، ئەندامی ماڵە گەورەکە بە نەک ئەندامی بازنەی چەواشەکاری، لە خۆ رازی بوون و لە خەڵک تەوەلا بوون بیت.
بەگوێی مامی یەکێتی بکە کە دەیگوت مەدحی شەھیدان بکەن و بە شانوباڵی نەمرانی رێی مافی چارەنووسدا ھەڵبدەن، نەک بە کوڵاوی و بە برژاوی مەدح و سەنای ئەم و ئەو بکەن و دیاردەی ناپەسەندی پڵنگی کاغەزی رەواج پێ بدەیت! بەگوێی مام بکەن کە دەیگوت ((سەروەریمان، مانەوەمان، گەشەکردنمان، بەندە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە.))
گوێ لە راسپاردەی مام بگرن کە دەیگوت (( ئەوە بەرھەمی خەباتی خۆتان و خوێنی شەھیدەکانتانە کە مام جەلال ئەو پێگەیەی ھەیە لە دونیادا))
ھەڤاڵانی یەکێتی، سەرجەمی ھەڤاڵانی یەکێتی، یەکێتی وەک بیلبیلەی چاوتان بپارێزن و یەکێتی ناو یەکێتی بگەشێننەوە.
ئێوە مرواری زیخ و چەوی کانی روونی یەکێتین، سەرەنجام ھەر یەکێتی و ھەر نیشتمان و ھەر کوردستان دەمێننەوە، ھەر مافی چارەنووس ڕاستییە تا سەر و ئەبەدی و نەمرەکەیە.