راستکردنەوەی رێڕەو
٢٤ی تەمووزی ٢٠٢١
3197
با کەس بە ھاشوھوشی ساختەی پەیج و سایت و سێبەری سۆشیال میدیایی پارەدارکراو لە قووتی ھەڤاڵانی یەکێتی چەواشە نەبێت و با کەسیش تەراویلکەی نا راست لەسەر ھیچ شتێک ھەڵنەچنێ.
ئەسڵی بابەتەکە (تیۆری پلانگێری) ھەرزان و گوتاری دەستی دوژمنانی دەرەکی نییە.
چونکە لە فەرھەنگی سیاسی رۆژھەڵاتیدا دەیان ساڵ ھەموو چاکسازییەک دەکرایە ئەنگیزەی پیلانگێری ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و... کۆمەڵێ یزمی تر. ئێستاش مۆدی دەستی دەرەکی و ھەرێمییە، بۆ ئەوەی دەستی سەوزی بچووکترین چاکسازی، گۆرانکاری یاسایی و ئاسایی بگرن و بیچەمێننەوە.
ئەمەی روویداوە و ھی تریش کە روو دەدەن دەستی سپی چاکسازییە، دەستی سەوزی یەکێتییە بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان و گوزەران و جووڵەی سیاسیی نۆرماڵ لە زۆنی سەوزدا.
دەستی سپی و ئەمین و جێباوەڕی حزب سەرەنجام ناوەندێتییەکی یەکێتیانە و دیموکراسیانە، بە راوێژی سەنگینی ھەڤاڵانە، ئاوەدان دەکاتەوە و دەزگا و دایەرەی وڵات رێکدەخاتەوە.
وەک کوردستان و وەک یەکێتیش بە کەمترین تەقەللا و بە کەمترین ئازارێک، کە لە حوکمی نەبودایە، لێی دەرچووین و ئەم چاکسازیی و گۆڕانکاریێە راستەڕێی خۆی گرتۆتە بەر.
لە بنچینەدا ئەم رێرەوە راستەی چاکسازی بۆیە دواکەوت بۆ ئەوەی بەو شێوەیە بێت کە کەمترین زیان و بەریەککەوتنی تیا بێت، بە وەستایی و شێنەیی گۆڕانکارییەکە جێبەجێ بوو تا ژیان و گوزەرانی نۆرماڵی خەڵک نەشێوێ. ئەم ئیجرائاتانە بە کەمترین کات و بە نەشتەرگەرییەکی ژیرانە کرا. ھەقە گلەیی لەسەر دواکەوتنی بکرێت، نەک لەسەر باش فریا کەوتنی.
ئەوەی کە روویدا و روودەدا مەسەلەیەکی نۆڕماڵی گۆڕانکاری ئیدارە و دەوڵەتدارییە کە دەزگاکانی پارێزگاری لەژیانی خەڵک وەک دوو دەزگای میریی، دەگێڕێتەوە بۆ بنکەکانی خۆی کە بنکەی پارێزگاری و گیانفیدایی و پتەوکردنی دینگەی ژیان و گوزەران و ئارامی خەڵکی زۆنی سەوز و تەواوی کوردستانە.
ئەم رێڕەوە حزب دەکاتەوە بە دامەزراوەیەکی مەدەنی کە کەسانی پێشینە حزبی و ئەفەندییەکان و ھەڤاڵانی تێکۆشەر بە عینوانی تێکۆشان و ھەڵسوڕانی سیاسی و رێکخراوەیی و پلەبەندی حزبی خۆیانەوە ھەڵیدەسوڕێنن و جەماوەری یەکێتی بۆ کار و تێکۆشانی حزبی ھان دەدەن بەرەو "یەکێتی نوێ ".
ئەم رێڕەوە یەکێتی والێدەکاتەوە ببێتەوە یەکێتیەکەی جاران، یەکێتییەکەی کۆمەڵانی خەڵک کە وەک ھەمیشە سەرۆک مام جەلال دەیگوت: یەکێتیەکەتان. کە بەم دەستەواژەیە ھەمیشە یەکێتی دابووە دەست کۆمەڵانی خەڵک ئەم رێرەوە تینوتاوی حزبایەتی لەناو یەکێتی باشتر دەگەشێنێتەوە و دابونەریتی حزبایەتی پەرەپێدەدات، ئیتر رێورەسمی حزبی پایەدار دەبێت، نەک سێبەر و تارمایی نادیاری، نا حزبی، کە راسپاردە و بڕیار لە شوێنی نادیار و میلیشیای سۆشیال میدیاوە وەربگرێت.
راستکردنەوەی رێرەو وێستگەیەکی چۆنایەتی بڕیووە و وێستگەی تری ماوە، کە حەتمەن دەیبڕێ.