یەکێتی و یەکڕیزی نیشتمانیی
٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
1960
لە دوای ھەڵبژاردنەکانی مانگی ڕابردووی عیراقەوە، ماراسۆنێکی دیکەی سیاسی بۆ تانوپۆی نەخشەی داھاتووی حکومەت و سەرۆکایەتیەکانی بە چڕی سەر ڕێگا کەوتووە، ھەموو لایەنە سیاسییەکانی عیراق لە ھەوڵی دروستکردنی ھاوپەیمانێتی بەھێزدان بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بەڵێنانەی بە دەنگدەرانی خۆیانداوە جێبەجێ بکەن، لەم ڕوەوە پێویستە زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ دوو تێز بکەین.
تێزی ھێزە براوەکانی ھەڵبژاردن
یەکەمیان ئەو ڕوئیا گشتیەیە کە دەربارەی پرۆسەی دیموکراسی و ھەڵبژاردن چەند ساڵێکە لە عیراقی فیدرال بە قوڵی ئیش دەکات، ئەگەرچی لایەنگرانی ئەم ئەم تێزە ھەندێکجار بەر زەبری ئەمری واقیع کەوتون و چارێکی دیکەیان نییە جگە لە بەشداریکردن لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و دیموکراسی، بەڵام ئیدی نابێ ئەو واقیعە نادیدە بگرین کە ئەمڕۆ لە عیراقی نوێ پرۆسەی دیمۆکراسی دیفاکتۆیەکی حەقیقیەو ھیچ ھێزو لایەنێکی سیاسی ناتوانێ باز بەسەر ئەم وەرچارخانە مێژوییەی عیراقدا بدات. ھەلومەرجی سیاسی عیراق و پێکھاتە ئەتنی و مەزھەبی و ئیدیۆلۆژیەکانی عیراق، ھەموو ھێزە سیاسییەکان و گەلی عیراقی خستۆتە بەردەم ڕێککەوتن و لێکتێگەشتن و ڕازیبوون بە پرۆسەی دیمۆکرسی و سیستمی حوکمڕانی دەستوری. ھەرچی تێزی دووەمە پەیوەندی بە شوناس و زمان و کلتورو پرسی نەتەوەیەوە ھەیە. ڕەنگە عیراقیەکان کەمتر ئەم کێشەیان ھەبێ لەڕوی پرۆژەی ئەتنیکی و نەتەوەییەوە، چونکە زۆرینەی ھێزە کاریگەرو سیاسییەکانی عیراق خۆیان بە نەتەوەی عەرەب حساب دەکەن و لەم ڕوەوە کێشەی نەتەوەو خاکیان لەگەڵ یەکتر نییە. ئەگەرچی کۆمپلێکسی تەیارە مەزھەبیەکان ھەندێکجار تۆقێنەرترو پرۆبلاماتیکتر دەردەکەون، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێ لەبابەتی عیراقیبوون زمانی ستانداری قەومی و ئیدیۆلۆژی و سیاسیو گرفتی میتۆدۆلۆژی قوڵیان نییە لەگەڵ یەکتر. بەڵام کاتێک کورد تێکەڵی بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان دەبێ لەگەڵ برا عەرەبەکان، لێرەوە ھەموو شت گۆڕانکاری ڕیشەیی بەسەردادێت. لێرەوە ھەندێک نەغمەو ئاوازی جیاواز دەبیستین کە بە ئاشکرا دژایەتی شوناس و پێگەی کوردی پێوە دیارە وەک نەتەوەیەکی خاوەن خاک و زمان و کلتور و مێژوو. لێرەدا پێویستە ھێزە کوردییەکان زۆر بە وریاییەوە لە ھەردوو تێزەکە تێگەن.
ڕاستە پرۆسەی دیمۆکراسی ماناو ئامانجە نزیک و دورەکانی بۆ کورد جێگای گرنگی خوێندوەی ستراتیژی قوڵە، ئەوەش ڕاستە لە سەرەتای شۆڕشی گەلەکەمانەوە لەگەڵ ڕێژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عیراقەوە شەڕی لەسەر خاک و نەتەوە و زمان و مێژوو و کلتور کردووە. کەواتە چۆن بتوانین وەک کاراترین ئەکتەری سیاسی لە عیراق بەھەموو ھێزی خۆمان بەرگری لە پرۆسەی دیمۆکرسی و سیستەمی دەستوری و دیالۆگی نیشتیمانی بکەینەوە؟ چۆن بتوانین شۆڕش و بەرخۆدان وەک تاکە ئامانجی ناسیۆنالیزمی کوردی ببەستینەوە بە کۆی پرسەکانەوە؟، چۆن بتوانین قوربانیدان و دواکەوتنی زیاد لە سەدەیەک لە دروستکرنی دەوڵەتی نەتەوە پرانسیپ و پلانە سیاسی و ستراتیژییەکانی خۆمان بە شێوەیەکی عەقڵانی و دور لە جەنگی تاک و گروپ و حیزب و بەرژەوەندی و پاوانخوازی شەخسی داڕێژین. بێگومان ھەموو ئەو فاکتانەی گەرەنتی ئەم نەخشە عەقڵانیە نەتەوەییە دەکەن، پەیوەندی سەمیمی لەگەڵ یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەک ئامانجی ھێزە کوردییەکان ھەیە. نە گۆڕانکارییە خێراکانی جیھان لەسەرمان ڕادەوەستێ و نە نەیارە سیاسییەکانمان چاوپۆشی لە ھەوڵە پاسیفانە دەکەن، کە ملنادەن بۆ یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانی. بۆیە گرنگترین ئەو خاڵانەی لەم قۆناغەدا پێویستە ھێزە کوردییەکان بێ جیاوازی پێداگری لەسەر بکەن لە چەند خاڵێکدا کورت دەکەمەوە.
لەپێناو چیدا یەکڕیز بین
پێویستە ھەموان ئەو ڕاستیە بزانین، مان و نەمانی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەندە بە ئامادەکردنی پرۆژەیەکی سیاسی نەتەوەییو نیشتمانیی کە پێداگری سەرسەختانەبێ لە خواستە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانییەکانی گەلەکەمان لە چوار چێوەی عێراقێکی فیدراڵی دیمۆکراتی دەستوریدا، بوونو مانەوەی کورد لە پایتەخت بە یەکڕزی بایەخەکەی لەوەدایە کە دەتوانین پارێزگاریی لە سایەو سێبەری ئەزموونی کوردستان بکەینو لەھەر ئەگەرێک بیپارێزین کە لە ھەموارکردنەوەی دەستوورو پشت بەستن بەسیستەمی زۆرینەو کەمینە روبەڕووی ھەڕەشە ببێتەوە.
پێکەوەیی گارەنتی مافە دەستوورییەکانە
بوونو مانەوەی کورد لە بەغداد بە یەکڕیزیی لەو ئاستەدا گرنگە، کە کۆی ھێزە سیاسییەکان لەسەر ئەوە ڕێک ببنەوە کە عیراقی فیدراڵ چوارچێوەیەکی دەستوری و یاساییەو گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی سەرەکی ئەم وڵاتەی ناوی عێراقە کۆی مافە دەستوریی و نەتەوەیی و مەدەنییەکانی لە ڕێگای ڕێککەوتنە ستراتیژییەکانەوە پارێزراوبێت. لەراستیشدا دەستور کە تاکە کلیلی چارەسەری ھەموو گرفت و کێشەکانی ھەرێم و بەغدایە بکرێتە پێش مەرجی ھەرجۆرە دانوستان و ڕێککەوتنێک لە بەغداد کە وەک باسمان کرد ھەندێک خواستی ناچیز ھەن لە بەغدا دەیانەوێ دەستکاری ئەو دەستورە بکەن، کە ھەموو گەلی عیراق دەنگیان پێداوەو وەک پەیمانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە ئامادەبونی زۆربەی سەرکردایەتی کوردستان پەسەند کراوەو بەشێک لە مافە بنەڕەتیەکانی کوردو ھەرێمی کوردستانی تێدا رەنگیداوەتەوە.
یەکڕیزی لەپێناو پرۆژەی نیشتمانی
زۆربەی ئامانج و داخوازییەکانی گەلەکەمان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتیمانیەوە دیراسەیەکی سیاسیی و زانستیی قوڵبکرێت. بۆ ئەوەی بتوانین داخوازییەکانمان لە بەغدا ڕوون بێت. ھەموو ئەو پرسانەی ڕەھەندی مێژووییو ئەتنیکی و جوگرافیان ھەیە دەبێ وەک پاکیجێکی سیاسی ھەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بتەقێنرێتەوە و ھەمیش ببێتە پرسێکی چارەنوسسازی کابینەی داھاتوی حکومەتی عێراق، ئەوەش کاتێک دێتەدی کە یەکڕیزی ھێزە کوردستانییەکان ھەموویان پێکەوە بەرەنجامی ھۆشیارییەکی نەتەوەیی خەمڵیو بنو دوور بن لە خۆسەپاندنو شەرم، چونکە سیاسەت و شەرم دوو تەوەری تەواو لێک جودان. پێویستە ئەوەی ئامانج و ویستی کوردە وەک نەتەوەیەکی خاوەن شوناس و مێژوو و بڕیار لەسەر مێزی گفتوگۆ بەیەکدەنگی و یەکێتیەکی نیشتیمانی بەھێز باسبکرێت. ھەموو ھێزە سیاسییەکانی عیراق ئەو ڕاستییە دەزانن کە گەلی کورد تاکە گەرەنتی یەکپارچەیی خاکی عێراقە. پێویستە ئەم ھۆشیارییە بۆ پێکھاتە سیاسی و جڤاکیەکانی گەلی عێراق ھەم تۆخ بکرێتەوەو ھەمیش ببێتە بابەتێکی گرنگی یەکتر قبوڵکردن بۆ شەراکەتی ڕاستەقینەی گەلی کورد و عەرەب و پێکھاتەکانی دیکە .
یەکڕیزی بۆپێشھاتەکانی داھاتوو
بایەخی یەکڕیزی ھێزە کوردستانییەکان لە بەغداد، ئەرکو بەرپرسیاریەتێکی گەورەیەو پێویستە چاو پۆشی لەو دیفاکتۆ تاڵە نەکەین کە ئەمڕۆ ناوچەکەو عێراقی پێدا تێدەپەڕێت. دوو ساڵی داھاتوو قورستترین قۆناغی سیاسی مێژووی ناوچەکە دەبێت. لە دوو ساڵی داھاتوو گۆڕانکاری ڕیشەیی لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوین ڕودەدەن. تورکیا، ئێران، سوریاو عێراق بە وردی ئیش لەسەر جێگیرکردنی پلان و پرۆژەکانی خۆیان دەکەن بۆ دوو ساڵی داھاتوو. وەک ئاشکرایە زۆر لە ڕێککەوتنامەو نەخشەو پلانی کۆلۆنیالیزمی ڕۆژئاوایی لەم ناوچەیە لەبەردەم ھەڵوەشاندنەوەو ئێکسپایەر بوندان. بۆیە پێویستە ھاوشان لەگەڵ دانوستانەکانمان لەگەڵ ھێزە سیاسیەکانی عیراق ئەو خاڵە لەبەر چاوبگرین کە ئەم ڕێککەوتنەی دەکرێ ئەتوانێ قورسایی و تەئسیری گەورە لەسەر ساڵانی داھاتوو دروست بکات..
ڕاستە لەناو خۆی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبومان ھەیە، گومان لەوەیا نییە ھێزە سیاسیەکان لە ھەرێمی کوردستان خاوەن دیداگاو فەلسەفەی سیاسیی خۆیانن. ئەوەش ئاشکرایە ھەموو ھێزێکی سیاسی بێ ڕوئیاو تێگەشتن و فەلسەفەی سیاسی ڕادیکاڵ ناتوانێ گوژمەیەکی بەھێزی بۆ پرۆسەی سیاسی دروست بکات. بەڵام لە ھەموو ئەمانە گرنگتر یەکێتی و یەکڕیزی ناسیۆنالیزمی کوردە لەبەرامبەر دنیا. یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تاکە ھێزی سیاسیە ھەم لەسەر ئاستی عیراق و ھەرێمی کوردستانیش بێ وچان داوای یەکڕیزی نەتەوەییو نیشتمانیی دەکات.
خەمی یەکێتی بۆ یەکڕیزی
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئیدیۆلۆژیەکی ڕۆشنی بۆ کۆی پرسە نەتەوەیی و سیاسییەکان ھەیە. ھەر لەسەردەمی جەنابی مام جەلالەوە نەخشەڕێگای یەکڕیزی و یەکێتی نەتەوەیی داڕێژراوەو بەو نەفەسەوە شۆڕشی سیاسی و نەتەوەیی سەرڕێگا خستووە. ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاتر یەکێتی دەرک بە زەرورەتی ئەو یەکڕیزیە دەکات و بەجدی بانگی ھەموو لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان دەکا پێکەوە وەک وەک گەلی کورد بەشداری لە ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ لایەن و ھێزە براوەکانی ھەڵبژاردنی عیراقدا بکەن نەک وەک حیزب و تاقم و گروپی جیاواز. یەکێتی دەزانێ بەھێزی گەلەکەمان لەو پلان و پرۆژە نەتەوەییانەدایە کە دەتوانێ زامنی ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیان بکات لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فێدراڵ. واجبێکی نەتەوەییو سیاسی و نیشتیمانییە کە ھەموو ھێزە سیاسیەکان بێ جیاوازی بۆچونە سیاسیەکانیان لە چوار چێوەی پرۆژەیەکی نەتەوەیدا چڕکەنەوەو ھەمووان پێکەوە ئیش بکەن بۆ مسۆگەرکردنی دەستکەوتە نەتەوەیی و سیاسی و مەدەنیەکانی گەلەکەمان. وەک ڕونە مێژوو چاوپۆشی لە ھەڵەی ستراتیژی ناکات، ئەوەی لەم قۆناغەدا واجبی نیشتیمانی ھەموانە پێویستە بە ڕۆحی پێشمەرگانەوە جێبەجێ بکرێت. پێشوازی لە بانگەوازو پڕۆژەی یەکڕیزی نەتەوەیی نیشتیمانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان گەرەنتی سەرخستنی دۆزی نەتەوەکەمان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، چونکە ئەبێت ئەو ھەڵەیە راستبکرێتەوە، کە ویستی یەکێتی بۆ یەکڕیزی بریتی نییە لە کۆکردنەوەی یەکێتیو پارتی لە چوارچێوەیەکی ھاوبەشدا، بەڵکو یەکخستنی تەواوی ھێزەکانە لە ھاوپەیمانیو یەکڕیزییەکی راستەقینە کە ئامانج لێی خزمەتی کوردستان بێت.