نەورۆز لە چەند وێستگەیەکی جیاوازی ژیانمدا
١٤ی ئازاری ٢٠٢٢
916
سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو، لە یادی نەورۆزی ئەو ساڵاندا، مێردمنداڵ بووم، لە گەرەکی جەلەوەی شاری خانەقین دەژیام . بە خەیاڵێکی کوردانەوە لە گەڵ خەڵکی گەرەکدا، بە ژن و پیاوەوە بە گەورە و بچوگەوە دوای خاڵو فرە بەھرەکەم مامۆستا موحسن ئەکەوتین و بەدەنگی بەرز، لەقەراخ ھاژەی رووباری ئەڵوەن ھاوارمان دەکرد
(ئیمرۆ رۆژی خۆشییە،کاوە زووحاک کوشتییە )
ساڵی(١٩٧٠) ھەرزەکار بووم ، یادی نەورۆز لە تەیارەخانەی شاری خانەقین سازکرا . یەکێک لە سونبولەکانی کوردایەتی لە شاری خانەقین مامۆستا عەزیز پشتیوان بوو. ئەو بە دەنگە پر سۆز و زوڵاڵەکەی بە دەستە راستە پڕ ئاماژەکەی ھاواری دەکرد (یان کوردستان یان نەمان) وەکوو بروسکەیەک لە ناخماندا دەنگیدایەوە و ئەو دروشمە بووە وزیەکی ھەتاھەتایی کوردایەتی بۆ خەڵکی شارەکەم.
ساڵی (١٩٨٤) لەھەڕەتی گەنجایەتی بووم ،یادی نەورۆز لە سورداش ساز کرا، بە ئامادەبوونێکی جەماوەری بێوێنەی خەڵکی کوردستان و بە وتە پر جۆش و خرۆشەکەی ھەڤاڵ مامجەلال کە دەیفەرموو (جەماوەری لە بن نەھاتووی یەکێتی) دڵنیایی بەسەر خەڵکی کوردستان دەباراند و نەورۆز و پێشمەرگەو خەڵک ئاوێتەی یەکبوون.
ساڵی(٢٠١٢) قۆناخی کامڵبوونی دید و تێڕوانین و تێگەیشتنم بوو ،بۆ یادی نەورۆز ، کاک دلێری سەید مەجید، مامە خەمەی ھەمووان ، کۆمەڵێک ھاوڕێ و کەس وکاری ھەردوولامان ، لە کانی ماسی قەراغی شاری سولەیمانیدا، میوانداری کردین و بە دیار ئاگرێکی گەورەوە و بە دەنگی زووڵاڵ و بەرزی حەسەن زیرەک سروودی (ئەم رۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە ھاتەوە......) ئێوارەی نەورۆز مان بەسەربرد.دڵۆپ دڵۆپ خۆشەویستی و خۆشی دەڕژایە ناخی دەرونماندا
ساڵی (٢٠٢٢) لە سێبەری رەشماڵی پایزی تەمەندا ، یادی نەورۆز یادێکی یەکجار جیاواز لە جاران دەبینم
پەرتەوازەیی زۆر و یەکریزی زۆر کەم
ھیوا کەم و نائومێدی زۆر!
بورجی عاجی زۆر و دادپەروەری زۆر کەم !
کاوە کەم و زووحاکیش زۆر!