خنکانی بەکۆمەڵ
٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
1070
رەنگە ھیچ بابەتێک ھێندەی بابەتی خنکان بێ تەفسیرو سەربووردە نەبێ، بەجۆرێک ھەرکات باسی خنکان ھاتەگۆڕێ ئیدی بێدەنگ دەبین و وەک کردەیەکی سروشتی و قەدەرێکی تاریک سەیری دەکەین.
خنکاندن جۆری زۆرە، لەڕووی سایکۆلۆژییەوە بە جۆرێک لە ئەلیەناسیۆن و نامۆبوون باس دەکرێ و لە رووی ئینسرۆپۆلۆژییەوە ئیگۆی سوپەرمانە و ھەروەھا سۆسیۆلۆژیا بە پەراوێزکەوتن و حیرمانی تاک پڕۆسەی خنکانیان تیۆریزە کردووە.
مرۆڤ دەکرێ پڕ بە سییەکانی ھەوا ھەڵمژێ، بەڵام ھەست بکات گەرووی ئەو بۆ ھەوا تەنگەبەرە. دەکرێ ھەنگاوەکانت بھاوێژی، بەڵام تەنھا خۆت ھەست بە خنکانی قاچەکانت بکەی. ئەوەی مرۆڤ لێی بەرپرسیارە ھەوڵدانە بۆ ئەوەی نەخنکێت لە راستیدا ئەوەی ھێزی مانەوەشی پێدەبەخشێ ھەستی نەخنکانە، بۆیە دەتوانێ شەڕ لەگەڵ چارەنووسی خۆی بکات. وەکو قورگ و ھەناسە دەکرێ پەنجەکانی دەستیش بخنکێن بە جۆرێک تەوق بن بەسەر جەستەتەوە ئەگەر وانەبا چی لە دەستەکانمان بەنرخترە بۆ پاراستن، بەڵام وەک کورد دەڵێ ماری پێدەگرین. ھەموو ئەندامێکی جەستەی مرۆڤ دەکرێ بە رێگای جیاواز بخنکێنرێ. دەکرێ مرۆڤێکی خنکاو بیت و جەستەیەکی سارد و سڕی ماندوو بەدوای خۆتتدا کێش بکەی. بەڵام ھۆکار و فاکتەرەکانی پشتی خنکان چین و لە کوێدا ھەستی خنکان لە مرۆڤدا دروست دەبێ.
یەکێک لەو خاڵانەی بۆ مرۆڤ قووتناچێ و بەتەواوەتی گۆشەگیری دەکات بابەتی ھیوایە. ھەرکات ھیواو ئومێد لە ژیانی مرۆڤدا بەرەو کوژانەوە رۆیشت ئیدی خنکان دەستپێدەکات. ھیوا بۆ ئازادی، بۆ کەرامەت بۆ نان، سیانەی ئەو تێرمانەن مرۆڤ لە ئەگەری خنکان دووردەخەنەوە. ھەرکات لەم جۆرە ھەلومەرجە نزیک بووینەوە ئیدی سەرەولێژبوونەوەیەک بەرەو نامۆبوون و بێھیوایی دەستپێدەکات کە لە دواجارا بە خنکان کۆتایی دێت.
ھەڵەین ئەگەر پێمان وابێ خنکان تەنھا کاتێک روو دەدا کە کەسێک دەستی خستبێتە بینەقاقامان. یان لە شیرین خەودا سەرینێک بخرێتە سەر دەممان و بتاسێین. وەکو چۆن خنکانمان ھەیە بە نەبوونی دادپەروەری لە وڵات ئاوھاش خنکان ھەیە بەو ھەموو رێگرییە ئاینی و کەلتورییانە ھیچ تێگەشتنێکی ناوکۆیی لە نێوان ھۆشیاری نەوەی نوێ و سەردەمەکەی لەگەڵ رابردوو نابینینەوە.
کاتێک ھەست بکەی بەھرەکانت و خەونەکانت لە گۆشەگیریی و نامۆبووندا دەژین ھەناسەت توند دەبێ. ئەو کاتەی خەڵکانێکی گەندەڵ و نابەرپرس دەبینی وڵات تاڵان دەکەن و تۆش ناتوانی رێگری بکەی ھەست بە خنکان دەکەی. ھەندێک جار کۆچ و راکردن و دوورکەوتنەوە دەبێت بەو نوزەی ئەو ھیوایەی کە لە خنکان نەجاتت دەدا، بەڵام بە داخەوە خنکانی دەریاچەی ئیجە و دەریاچەی کاڵاس و کەناراوەکانی دنیا ئەو ھیوایەت پێڕەوانابینن و تۆ دەخنکێیت.
ھەندێک جار لە خنکان و دڵ رەقی دنیا ناترسین و بەرگری دەکەین بەڵام بارانێکی تووڕە دەتوانێ ببێت بەلافاو لە شارێکی بێ پلانی تەلارسازیدا لە شیرینی خەودا ئاو بێتە ژوورەوەو تۆ دەخنکێیت.
بۆ ئەوەی بیر لە چارەسەری خنکانی بە کۆمەڵ بکەینەوە دەبێ بیر بکەینەوە. ھەموو بەھرەو ھێزی فیکری خۆمان بەکار ببەین تارووبەڕووی مەترسی خنکان ببینەوە. ھێشتا درەنگ نییە دەست بە دروستکردنی خەونی گەورە و رووداوی گەورە و ھیوای گەورە بکەین لای تاکی کورد. پلان و ستراتیژی حکومەتی ھەرێم دەبێت بە ئاڕاستەی دروستکردنەوەی ھاونیشتمانی خاوەن خەون و ھیوا ئیش بکات. ئیشکردن لەسەر تاکی کورد یەک لە ئەرک و وەزیفە ھەرە قورسەکەی حکومەت و تەواوی سەندیکا و داموودەزگا پەروەردەیی و پیشەییەکانی حکومەتە، وڵات ناتوانێ تەنھا یەک ھەنگاویش بچێتە پێشەوە ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگا بێ ھیواو خەونی گەورە بژین. ئیشکردن لەسەر ھیوای نەخنکان زۆر قورسترە لە پرسی خنکان خۆی .