ئه‌و كاته‌ى هێرۆخان بانگهێشتى ئه‌ردۆغانى ره‌تكرده‌وه
١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
135
دواى كۆچى دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال دوو جار و به دوو رێگه‌ى جیاواز سه‌رۆكى توركیا ئه‌ردۆغان بانگهێشتى هێرۆخانى كرد كه سه‌ردانى ئه‌نقه‌ره بكات ، جارێكیان به‌رێگه‌ى دكتۆر نجم ا‌لدین كریم و جاره‌كه‌ى تریش به رێگه‌ى قوباد تاڵه‌بانى.
له كۆبونه‌وه‌یه‌كى مه‌كته‌بى سیاسی‌دا بابه‌تى ئه‌و بانگهێشتنامانه و سه‌فه‌رى هێرۆخان بۆ توركیا باسكرا، هێرۆخان به توندى ره‌تیكرده‌وه كه بانگهێشتنامه‌ى ئه‌ردۆغان بۆ ئه‌و سه‌ردانه قبوڵ بكات. گوتى من ده‌زانم بۆ په‌یده‌وندى یه‌كێتى و توركیا ئه‌و سه‌ردانه چه‌ند گرنگه ، به‌ڵام له كاتێكدا ئه‌ردۆغان نیوه‌ى گه‌لى ئێمه‌ى له باكور خستۆته زیندان و به ئاگر و ئاسن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات ، له‌م كاته‌دا پێویسته ئێمه پشتیوانى میلله‌ته‌كه‌مان بین نه‌ك به‌ده‌مى ئه‌ردۆغان پێ بكه‌نین و له وره‌ى خۆراگرى گه‌له‌كه‌مان كه‌م بكه‌ینه‌وه ، دیاره ئه‌وكاته به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێستادا جیاوازیه‌كى زۆرى هه‌بوو ، له‌گه‌ڵ هه‌موو توندوتیژیه‌كى دژ به گه‌له‌كه‌مان ، به‌ڵام وه‌ك ئێستا نه‌بوو كه ئه‌ردۆغان شه‌ر و داگیركارى له (3) پارچه‌ى كوردستان به درندانه‌ترین شێوه درێژه پێ ده‌دا ، له‌مه‌ش خراپتر به تایبه‌تى گه‌مارۆى خستۆته سه‌ر زۆنى سه‌وز و فرۆكه‌خانه‌ى سلێمانى ، كه‌چى له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا هه‌ندێ له به‌رپرسى حزبه‌كان نۆره‌یان گرتووه بۆ چوونه توركیا و چركاندنى وێنه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و به‌رپرسى ئه‌و وڵاته و رێكه‌تنى ژێر به ژێرى و پێكه‌نین به ده‌میانه‌وه.
یادت به خێر هێرۆخان شێره ژنه دڵسۆز و ئازا و خاوه‌ن هه‌ڵوێسته‌كه‌ى كوردستان ، ئه‌وه‌ى بۆ مێژوو ده‌مێنێته‌وه ئه‌م هه‌ڵوێسته بوێره‌ى ئێوه‌یه ، نه‌ك وابه‌سته‌یی و ملكه‌چكردن بۆ داگیركه‌رانى كوردستان.
قادر عزیز
11/1/2025