وەختێک تابلۆکان تێکەڵ دەبن
١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
568
لەبازگە سەرەکییەکەی رێگای چەمچەماڵ - قەرەھەنجیر تا دەگەیە ناو کەرکوک و دیارە لە ھەندێ جادەی سەرەکی و دەروازەی تری روو لە ناو شارەکەش ، دیواربەند و ێنە ھەڵواسراون. وێنەکان تێکەڵن و روخساری جوان و ئەدگاری مرۆڤی کورد و چیرۆکەکانی، بە شێوەی راگوزەریش بن ،دەگێڕنەوە.
بۆ رێبوارێک دەموچاوەکان نەناسێتەوە زەحمەتە لە دیتنی یەکەمەوە جیایان بکاتەوە.ئەگەر دیقەت نەدات .
دیواربەندە سەرەکییەکان ھی ژمارەیەک شەھیدن کە ژێر وێنەکان ناویان و تاریفیان دەردەخات. خۆیەتی ! شەھیدەکانمانن کە لەنەبەردی بەرەنگاری تیرۆر و داعش و لەنەبەردی تری داکۆکی لە خاکی کوردستان گیانیان بەخت کردووە.رەنگ و دیمەنی جوانی ئەمانە وەک پیشانگایەکی دائیمی سەرشەقام چیرۆکی قوربانی حزبەکەی شۆڕشی نوێ، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، باس دەکەن ، رابردووی دوور و نزیکی سەروەرین کە مرۆڤ دەخەنە سەر کەڵکەڵەی شانازی حزبی . ھیچ عەیب نییە گوایە بە ناوی خراپی حزبایەتی تەسک و ئەم لێکدانەوە بێ مانایانەوە شەرمی لێ بکەیت. حزبی تر ئەم تۆمارەی نییە بۆیە دەخوازێ تۆش دیلیتی بکەیت و خۆت بێ یادەوەری بھێڵیتەوە .
لەناو ئەم باخچە ھەڵواسراوەی شەھیدەکان وێنەی تازەی تریش تێکەڵاو بوون. ئەمانە وێنەی کاندیدەکانمانن لە ھەڵبژاردنی کەرکوک کە بە شەوق و شورەوە داوای رەوایان ھەیە. داوای دەنگ و متمانەمان لێ دەکەن.داوای ئەوەمان لێ دەکەن ھێز و ئیرادەمان بخەینە سەر یەک و دەنگ بە لیستی "ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە" بدەین
ئەم تابلۆیانە ئایندەی ئێمەن و زنجیری بێ پسانەوەی رەوتێکن لە جولانەوەی دیموکراتی کوردستان کە مەدرەسەکەی مام جەلال ئاوایکردووە. مەدرەسەکە وایە کە ئەگەر خەباتی سەخت خوێنی ویست درێغی نەکرێ و کە رێگەش کراوە و تەخت بوو بە مەرەکەب و پەنجەمۆر و دەنگدان و سرودی حەماسی و ئاھەنگسازی ، سڵمەکەنەوە . بێ سێودوو لێی بچنە پێش و ھەر خۆتان و خۆمان پاڵەوانی ئەم چانسە کەمانەی کرانەوە و ھەلی دیموکراتی لە رۆژھەڵاتی ستەم بن.
تابلۆی شەھیدەکانمان گوزارشتن لە رابردووی دوور و نزیکی تێکۆشان و تابلۆی گەشبینی کاندیدەکانیشمان گوزارشتن لە دوارۆژی خوازراو. لە ھەندێ گوزەری چڕدا تێکەڵ دەبن و لێک جیانابنەوە . وەک تێکەڵی رابردوو و دوارۆژ کە ئێستامان لە چەقی دووڕیانیدا وەستاوە .
ئەمە کورتە داستانی بان و سەروی داستانەکانە. ماباقی گێڕانەوەکان سەرپێی و راگوزەرن . وەک گۆرانی شاعیر گوتوییە: (بەیانی رۆژھەڵات سوار ئەبم، جێی دەھێڵم )