گەرمای گەرمەسێر دەرچێ لە گیانۆ
١١ی ئابی ٢٠٢٣
483
گەرمترین رۆژی گەرمترین مانگ.
سپلێت، موبەریدە، پانکە و باوەشێن چاری گەرمای تاقەت پروکێنی ئەم رۆژە ناکات ، بەڵام ئەم رۆژە گەرمەی کە بە کەشو ھەوای خەریکە یەکبینە ھەوا قووت دەدا و ھەناسە بڕ دەکات ، ناگاتە گەرمی دوارۆژی ئاب و ناکاتە رۆژە دژوارەکەی ساڵە گەرمەکەی ١٩٩٦.
ئەو رۆژە لولەی دەبابەکانی سەددام چاوی نیشتمانی دەردێنا و چاوی کزی بێ لایەنەکان و بێ باکەکانی خێل و کوێر دەکرد.ئەو رۆژە شەش ساڵ بوو بەعس لە کوردستان دەرکرابوو ، شەش ساڵ بوو بە دونیامان دەگوت ئێمە ئازادیخوازین و لەگەڵ ئەم دیکتاتۆرە ھەڵناکەین و سەنگەری سیاسیی خۆمان لێ جیاکردۆتەوە. گوایە ئێمە کورد و ئەو داگیرکەر، ئێمە میللەتی زوڵملێکراوی دەستی ستەم و ئەویش ستەمکاری نەیار و بێگانە. چیرۆکێکمان ھۆنیبۆوە کە ئەوی کەیفیشی بە کوردبوونمان نەدەھات ھیچ نەبێ کەیفی بە ھەنجەتی خۆگیفکردنەوەمان بەرامبەر بەعس و سەددام و دەبابەکانی دەھات: دیموکراسی و ئازادی .
لەناکاو ، لەو گەرمای ئابی ئەو ساڵەدا ، دەفتەر و ئەلبومی ئەو شانازییەیان دڕی و سەنگەرەکان و کاغەزەکانیان وا تێکەڵکرد کەس نەیدەزانی چی لەم شەمزان و شێوانە بکەین؟
خەڵکی تر، گروپی تر ناپاکییەکەیان کرد ، کەچی ھەموو کورد خەمبار وشەرمەزاری بەردەم دونیابوون . ئاخر حیکایەتەکەمان دەلەسە دەرچوو و ، دونیا لە سەرۆک کلنتۆن تا عەوامی خەڵکی ئاگا ، پێمان پێکەنین؛ کوردی چی و نەتەوەی چی ؟
یموکراسیی کوا و ئازادیخوازی لە کوێ کە ئێوە خۆتان دیکتاتۆر و ستەمکاری ھەڵەبجە و ئەنفال بانگ دەکەنەوە؟
قرچەی گەرما بوو کە ھەموو شتێک درزی تێکەوت و ھەموو دڵێکی رۆمانسیی دوای راپەرینی بەھاری ١٩٩١ کونکون کرا وەک کونکونی چوپی بەلەمی قاچاخ کە ھەزاران گەنجی لەگەڵ خۆی راپێچ کرد و وەک یەکەم گەشتی یەکەم کاروانی بەردەوامی کۆچ ، ئیتر سەرھەڵگرتنی کوردی کردە گەورەترین دیاردەی سەردەم.
سەیری ئەو پەژارە گەورەیە کە گەرمای ھاوین و قرچەی ئابی ساڵی ١٩٩٦ زۆرانبازی لەبەھاری ١٩٩١ بردەوە؟
ھاوین چۆن بەھار دەبەزێنێ ، ئەگەر خیانەتی سروشت و خیانەتی نیشتمان نەبێت؟!
بەو ھەموو زامەوە میللەتەکەمان نیعمەتی خودایی کە مەیلی فەرامۆشی و لەبیر کردنەوەیە دەکاتە کەرەستەی ژیانسازی و ئایندەدۆستی و لەگەڵ دونیا تێھەڵدەچێتەوە و بەعس و دەبابەکانی لە پرۆسەی رزگاری ٢٠٠٣ ئاو دیوی مێژوو دەکات کەچی ئەوی ئەم خیانەتەی کردووە و ئەم زامەی خستە دڵی ھیواکانەوە ھێشتا میللەت و شەھیدەکانی کوردستان قەرزاربار دەکات و ھێشتا یەکێتیی خەتابار دەنوێنێ.
پیرەمێرد وتەنی؛
ھەم یار باقی و ھەم سوعبەت باقی .
تا ئەژنۆیان غەرقی خۆێنی لاوەکانی وڵاتن کەچی ھێشتا ناوە ناوە خولی نیشتمانپەروەری دەکەنەوە و گەرەکیانە بەناوی پڕوپوچی ١٦ ی ئوکتۆبەرەوە خۆیان وانەی ئەوەڵینی تیا بڵێنەوە.
خەڵکی چاوی لە ژیانی باشتر و گوزەرانی شایانتر و ئاوەدانی بەرچاوترە، وا ئەمانە خەریکی ئەلبوم و دەفتەرە دڕاوەکەن ، دەچن مۆنتاجی رووداوەکان دەکەن و لە ئاوێنەوە ، بە روخسەتی حاجی، لە عەکسی خۆیان ڕادەمێنن!
گەرمایە لە سێی ئابی جینۆسایدی شەنگالەوە تا گەرمای ئەمرۆ ، تا گەرمای خیانەتی ٣١-ی ئاب.