لە زامی دێرین بۆ عەزمی مەتین
٣ی ئابی ٢٠٢٢
45
لە خنکانی ھەڵەبجە و سەردەشت بەرێگای جینوساید ، بەرەو ئەنفالی ١٨٢ ھەزار زامی سەحرای سەماوە.لە وێستگەی بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکان بۆ وێستگەی قاچاخی رۆبۆسکی. دیرۆکێکی ترس و برسی لە پشتمانەوە و یەکی دی لەتەنیشت و دەوروبەر. یەکی دی نزیکە لە شەنگال و یەکی دی ،خوا نەکەران ، رووی لێمان دەبێت ئەگەر بە ژیری و سیاسەت و سەبر تەداروکی نەتەوەیی بۆ نەکەین .
ئەلبومە رەشەکە نووسیویەتی :ئەگەر ماشێنی جەنگی سوپای دەوڵەت پشوو بدات و سیاسەتی رەسمی لەسەدەی بیستویەک شەرم لە پەلاماری مۆدێرن بکات ، ئەوا دەسرێژی شەقاوەکانی تیرۆر و داعش لەسەر خەتن تا وەکالەتی ئەرکی دۆزەخی جێبەجێ بکەن.
شەنگال فەرمانی ژمارە ٧٣ یە و پەرتی و کەرتی نیشتمان و نەتەوەش زامێکی قووڵ و دەردێکی بۆماوەییە کە «توبی شەعبی» نەیتوانی چارەی بکات ، بەڵام زانستی ھاوچەرخ چارەی دەکات ئەگەر رەچەتەکەی پەیڕەو بکەین کە دەنکێ حەپی برایەتی و کەوچکێ دەرمانی تێفکرینی جەماعییە لە دوارۆژی وڵاتی نیشتەنی نێوان دووزێی ئەنفال و قەتلوعام.
شەنگال بۆیە قەوما چونکە جوگرافیای فەراغی ئەمنی وایە کەس خۆی ناکاتە خاوەنی، تەعریب وراگوێزانی میراتی نەفرەتی بۆیە ماوە چونکە فەراغی دەستوری لە عەھدی دەستوری موئەقەتەوە بۆ ئەمرۆی دەستوری جێبەجێنەکراوی غەزەبلێگیراوی بەر ھەوای شەعبەویەت ناھێڵێ داد و ھەق و چەکوشی ئینساف بریار بدات .
ئەنفال بۆیە وەک قەدەری ئەزەلی لێھاتووە چونکە تەماحی دونیای زائیل نامانپەرژێنێتە سەر مەحکەم کردنی دینگەی نەتەوەییمان.
ھیچ ناخۆشی و نەخۆشی و تەنگانەیەک وا دیزاین نەکراوە کە بۆ بەرگی کوردی لێقەوماو و کوردستانی گەمارۆدراو پەراوەکرابێت و دوورابێت. گشتی ئەم دەرد و خەمە ڕاست نییە و ھەمووی دەستکردی زوڵموزۆری بەشەری تەماعکار و غەوارە و قەوماوی بندەستی و شپرزەیی و دەستەوەستانییە. راپسکانی ژیری و رابوونی زەین روونی و تەگبیری پێکەوەیی لێکدانەوە و را و رێگا جیاوەزەکانی گەرەکە. ئەوە تاقە دەرمانە تا نەزیفی بەسەرھاتەکانی زام و خەم رابگرین و لە نوقتەیەک بیپێچینەوە. تا تەقویمی یادی مەرگەساتی لە شوێنێ بوەستێ و چیتر مۆنۆمێنت و یادنامە و ئەمنەسورەکان و تازێخانەکانمان فراوانکردن و گەورەکردنیان نەوێت.
یادەکان بۆ ئەوە باشن دوای کوڵی گریان دەستەیەک ئیرادە و دەسکێک وزەی بەتینی بۆ بخوازین