زیرۆکردنی کێشەکان ، یان گەڕانەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم؟
١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢
861
دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی ڕەوتی سەدر چی لە کێشەکانی عیراق چارەسەر دەکات و ئەم ھەنگاوە بۆچی باشە؟
ئایە پەستانی خوێنی پرۆسەی سیاسی خاو دەکاتەوە و درزێک دەخاتە ناو دیواربەندی ئاسنین کە بۆتە بابەتی میدیاکان و بۆتە ھۆی توڕەیی سەدرو ھاوپەیمانەکانی و بۆتە مایەی داخرانی جموجۆڵی سیاسەت لەم وڵاتەدا.
دەست لەکارکێشانەوەی وا کە قەوما نیشانەی کۆتایی خولی یەکەمی ململانێ سیاسییەکەیە، بەڵام مەرج نییە مژدەی چارەسەرێکی سەنگینی پێ بێت.
مەزەندەی یەکەمین دوای کشانەوە ئەوەیە سەدر بچێتەوە بۆ سەر سیناریۆی وروژاندنی شەقام کە کەیفی بە سیاسەتی تا ئێستای رەسمی نایەت و ئەمەش وەبەرھێانێکی کۆن و نوێیە کە رەوتەکە چەند جار کاری تیا کردووە. مەعلومە کە شەقام رای سلبی لەسەر سیاسەتی رەسمی خراپە و جارێ نەگۆڕە ، بەڵام مەرج نییە رای لەسەر ھاندەرانی شەقام و ئەندازیارانی جموجۆڵە جەماوەرییەکان تا سەر نەگۆڕ بێت کە رەوتی سەدر تێیدا مەعلانە چ بە کۆششی زاتی خۆی و چ بە تێکەڵکردنی سەرمایەی رەمزی تشرینییەکان لەگەڵ جموجۆڵی «تاعەتی کوێرانەی رەوتەکە»ی کە ئەم تاریفە خۆی بە باڵای رەوتەکەیدا بریویەتی .لەھەموو حاڵێکدا کە رەوتی سەدر ئەم بژاردەی شەقامەی ھەمیشە لەبەردەمدا بووە و ئێستا بیکاتە بژاردەی یەکەمین خۆی لە خۆیدا نیشانەی نیگەرانی و لەقبوونە.
دەست لەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدر و راکێشانی کارتی تر لەدەرەوەی پەرلەمان و رێرەوەی رەسمی حوکمڕانی دەرخەری بێ ئومێدییە تا ئەوەی دەرخەری سەرکەوتن و فرەیی چانسەکانی بەردەمی بێت.
لەوانەیە سەدر وای نیشان بدات دەتوانێت بگەرێتەوە بۆ شەقام، ھەڕەشە بکا بە پەلاماردانی دامەزراوەکان و خستنەگەڕی نارەزایەتی و تەنانەت وای دەربخات دەتوانێ پاڵ بە پرۆسەی سیاسیەوە بنێت بۆ دووبارەکردنەوەی ھەڵبژاردن. ئەمانە ھەمووی دەشێ و دەکرێن، بەڵام قەناعەت ساز نین و ھەرگیز بەڵگەی بردنەوەو سەرکەوتن نییە.
رەوایی دوا ھەڵبژاردنی پێشوەختی عیراق کە لە ١٠-١٠-٢٠٢١ سازکرا ھەر ئەوە بوو کە گوایە و شەرتیش نییە وابێت ، ئاکام مەخرەجەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوو نەیتوانی حکومەتی باش و گوزەرانی باش بەرھەم بێنێت. نەیتوانی گەندەڵی و پشکپشکێنەی تەسک و تەنگی حزبەکان و خۆپەرستی دەستەبژێری حوکمڕان چارەسەربکات. بەم پێوەرە دەیسا کوا بەرھەمی ھەڵبژاردنی ئەمجارە کە رەوتی سەدر یەکەمێتی و بە ھەموو پێوەرێک خۆی تێیدا بڕیاردەری سەرەکی بەرەی براوەیە، بەو شێوەیە کە خۆیان پێیان خۆشبوو رووبدات؟
ئەگەر رەوتی سەدر ، دوای دەست لە کارکێشانەوەی جەماعی کە کەمتر دەتوانرێت ناونیشانی جولەیەکی دیموکراتی لێ بنێرێت و زیاتر رەنگی فەتوای جەماعی گرتووە ، بەرەو جەماوەر و نارەزایی شەقام بڕوات ئەوا زیاتر ھاوپەیمانەکانی ئیحراج دەکات و ئەگەر بەرەو گەڕەێکیتری ھەڵبژاردن پاڵی پێوە بنێ خۆ دەبێ خەرجی ئەم ھەڵبژاردنە بکەوێتە ئەستۆی خۆی.
تەبعەن خەرجی دارایی ناڵێین کە دیموکراتییە نەوتییەکان قەت لەسەر تێچووی دارایی ھەڵبژاردن پەکیان ناکەوێت، بەڵکو خەرجی سیاسی و خەرجی تریش وەک دەرکەوتنی بێ جەدوایی و بێ کەڵکی تەنانەت بژاردەی ھەڵبژاردن و ئامرازی دیموکراتی کە رێگای چارەسەر ناکاتەوە بەڵکو دیاردەی تا ئێستا کاتی بنبەستی دەکاتە دیمەنێکی رەسەنی سیاسیی و دوور مەودا.
قەرار نەبوو وا بێ. قەراربوو دوای دوو دەیە لە دیموکراسیی بە ھەموو سەرکەوتن و پاشەکشێکانییەوە عێراق بچێتە قۆناغی وڵاتێکی شایان کە ویستی گۆڕانکاری لەگەڵ جێگیرییە دەستورییەکانی وەک تەوافوق و فیدرالی ئاوێتە بکات .
کێ ئەم نرخە دەدات و کێ ئەم خەرجییە لە ئەستۆ دەگرێت؟