ئاسۆی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمی ئیدارەی نوێی بایدن
٢٧ی ئایاری ٢٠٢١
847
ئەمە دوایین جار نەبوو بایدن داوای لێبوردن بکات، لە زانکۆی ھارفاردی ئەمریکی بایدن وتی ھەر کەسێک دژی بەشار ئەسەد بجەنگێت تورکیا پڕ چەکی کردووە (واتە تیرۆرستەکانیش) ھەروەھا وتی ئەردۆغان لە گفتوگۆی لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما دانی بەوەدا ناوە کە ڕێگای بە تیرۆرستان داوە سنووری تورکیا بەکاربێنن بۆ چونە نێو خاکی سوریا، ئەردۆغان نکۆلی لەم تۆمەتانە کرد و زۆر توڕە بوو جارێکیتر بایدن داوای لێبوردنی کرد.
وا دەردەکەوێت کە یەکترناسینی بایدن و ئەردۆغان ھی ڕۆژێک و دوو ڕۆژ نەبێت و ئەزمونێکی زۆریان پێکەوە ھەیە، تا نوسینی ئەم وتارە بایدن چوار جار سەردانی تورکیای کردووە.
لە سەردانەکەی لە کانونی دووەم سالی ٢٠١٦ بادین بە ئاشکرا ڕەخنەی توندی لە پاشەکشەی تورکیا لە دیموکراسیەت گرت، و داکۆکی لە ئەکادیمیەکانی تورک کرد کە بە ئیمزاکردنیان دژی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد ڕووبەڕووی کێشە و ڕەخنەی توندبوونەوە و چەندین کۆبوونەوەی کرد لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە لەسەر ڕەخنەگرتن لەسەر کار لادرابوون، و چاوپێکەوتنی لەگەڵ خێزانی ڕۆژنامەنووسێکی دیاری زیندانیکراو کرد، ئەمەش جارێکیتر ئەردۆغانی زۆر توڕە کرد بەڵام ئەم جارە کەس داوای لێبوردنی لێ نەکرد.
بایدن زۆر جار وتوویەتی کە ئەزموونە دوور و درێژەکەی فێری کردووە کە (زۆربەی سیاسەتە دەرەکیەکان درێژە پێدەری پەیوەندیە شەخسیەکانە) بەڵام بایدن سیاسەتمەدارێکی زۆر وشیارە و کەساتیەکی پراگماتیکە، بەو ئەزموونە سیاسیەی و ئاشنابوون لە بایەخی جیۆسیاسی تورکیا ئەستمە حەز و نیازی کەسی ڕۆڵێکی داڕێژەری سەرەکی ببینێت لە داڕشتنی ڕێڕەوی سیاسەت بەرامبەر بە تورکیا، دۆسیە ئاڵۆزەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیش ئەوەندە زۆرە پێم وانیە پێویستیان بە حەز و نیازی کەسی بێت بۆ ئەم کارە.
مەرج نیە بایدن زوو ئارەزووی سەپاندنی سزای بەسەر تورکیا ھەبێت کە دەبێتە مایەی ژەھراویکردنی پەیوەندیەکانی لەگەل ئەردۆغان و کارەسات بەسەر ئابوریە لاوازەکەی تورکیا بێنێت، بەڵام ھەڵوێستەکانی بایدن سەبارەت بە مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا و جەختکردنەوەی لەسەر کێشەکانی دەریای ئیجە و ڕوژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئارەزووی بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش بە ھاوکاری و ھەماھەنگی (YPG) کە تورکیا بە تیرۆرستی دەزانێت و دۆسیەی موشەکەکانی ئێس٤٠٠ ڕووسی، وادەکەن کە برینەکانی تورکیا و ئەمریکا قوڵتر بێت و پێدەچێت بایدن جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشوەختە ھیچ بژاردەیەکی لە پێش نەبێت.
و ئەو دۆسیانە یەک بە یەک و بە وردتر شیدەکەینەوە : -
یەکەم:- گومانی تێدانیە کە بایدن بابەتی مافی مرۆڤ دەکاتەوە بە بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمەش جیاوازیەکەی زۆرە لەگەڵ سیاسەتی تڕەمپ کە بڕوای بە مافی مرۆڤ نەبوو و کەم جار ئەم بابەتەی وروژاندووە، بگرە زۆر جار تڕەمپ بە ئەرێنی باسی ئەردۆغانی دەکرد، تڕەمپ ھیچ بایەخی بەو ھەموو پێشیلکاریەی مافی مرۆڤ لە تورکیا نەدەدا، لە بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و گرتنی ڕۆژنامەنووسە ئۆپۆزسیۆنەکان، و لەسەر کار لادانی سەرۆک شارەوانی ھەڵبژێردراوی کوردەکان، و دەرچواندنی یاسای دژی سوکاتی پێکردنی سەرۆک کە دەیان ھەزار کەس بە گوێرەی زیندانی کراون، لە بەرامبەردا بەرنامەی بایدنی پارتی دیموکرات ساڵی ٢٠٢٠ بەلێن دەدات کە بەھاکانی دیموکراسیەت ڕاستەوخۆ لە نێو سیاسەتی دەرەوە دابنرێت، لە وتارێکی بایدن لە گۆڤاری کاروباری دەرەوە (Foreign Affairs Magazine) بە ناوی (بۆ دەبێت ئەمریکا جارێکیتر سەرکردایەتی جیھان بکات).
دەڵێت ولایەتە یەکگرتووکانی ئەمریکا لە ساڵی یەکەمی کاری ئیدارەکەی میوانداری (لوتکەیەک بۆ دیموکراسیەت) دەکات، کە ڕیزبەندی دەداتە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و ستەمکاری و جێگیرکردنی مافی مرۆڤ، و ڕووبەڕووی ئەو دەوڵەتانە دەبێتەوە کە پاشەکشەیان لەو بەھایانە کردووە، لەم لوتکەیە جگە لە چەندین وڵات میونداری چەندین ڕێکخراوی کومەڵگای مەدەنی دەکات کە لە ڕیزی پێشەوەن بۆ داکۆکیکردن لە دیموکراسیەت، ئەو جۆرە ڕێکخراوانەی کە سەرکردەکانیان بە شێوازەکی ھەمیشەیی ڕووبەڕووی گرتن دەبنەوە لە تورکیا، سەرەڕای ئەمە بەلێن دەدات بە سزادانی پێشێلکەرانی مافی مرۆڤ، ھیچ لەم خالانە بە دڵی ئەردۆغان نین کە باش دەزانیت ئەم گوتارە ئازایانە ھانی ئۆپۆزسیۆنی تورکی دەدات.
دووەم :- بابەتی ھەرە ھەنوکەیی و لەسەر مێزی کاری ئیدارەی نوێ و لە ئایندەکی زۆر نزیک بابەتی کڕینی سیستمی دژە موشەکی ئاسمانی ئێس ٤٠٠ ڕووسیە لەلایەن تورکیا، واشنتۆن ئەم بابەتەی بە ھەڕەشە بۆ ئاسایشی خۆی دەزانێت بە تایبەتی بۆ فڕۆکە جەنگیەکانی لە جۆری ئێف ٣٠، بۆیە ئەستەمە واشنتۆن چاوپۆشی لەم بابەتە بکات، جگە لە چەند لێدوانیک و سزای سوک کە نزیکتر بوو لە گلەیی و ئیدارەی تڕەمپ ئەم بابەتەی پشتگوێ خست و تورکیای پاراست لە سزا ڕاستەقینەکان. بەڵام بایدن ھەرگیز ئەم کارە ناکات ئەگەری زۆرە ئەو سزایانەی لە یاسای (CAATSA) ھاتووە کارای بکاتەوە. ئەم یاسایە لە ساڵی ٢٠١٧ دەرچوێندرا بۆ بە گژداچوونەوەی دوژمنەکانی ئەمریکا، بە پێی ئەم یاسایە دەبێت سەرۆکی وڵات بە لایەنی کەم پێنچ سزا لەو دوانزە سزایە لەم یاسایەدا ھاتووە بسەپێنێتە سەر ھەر ولاتێک کە (گرێبەستێکی گرنگ) لەکەڵ سێکتەری سەربازی یان سیخوری ڕووسیا مۆر کردووە، ھیچ گومانی تێدا نیە کە ئەم سزایانە دەسپێندرێن بەسەر تورکیادا ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو نەبینێتەوە کە واشنتون پێی ڕازی بێت.
سێیەم :- دۆسیەی بایدن لە ئەنجومەنی کۆنگرس کە دەوڵەمەندە بە خەمخۆری جێبەجێکردنی یاسا. ئەستەمە بایدن وەکو تڕەمپ پێگەی خۆی بەکاربێنیت بو دەستێوەردان و پەکخستنی کارەکانی وەزارەتی داد لە کەیسی ( TURKY HALK BANK ) ( واتە بانکی میلەت یان بانکی ئەھلی تورکی یان بانکی خەلقی تورکی) کە بانکێکی حکومیە دەلێن نزیکە لە ئەردۆغان و تۆمەتبارە بە ھاوکاریکردنی ئیران بە خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا. بۆیە ولایەتی نیویۆرک بەردەوام دەبێت لەم کەیسە، حوکمی ئیدانەکردن و پێبژاردنی (غرامە) زۆر دەخاتە ئەستۆی ئەم بانکە کە ئەستەمە ئەم بانکە بتوانێت بەردەوام بیت و زیانێکی زۆر دەگەینێت بە ئابوری لاوازی تورکیا. ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز پەردەی لەسەر ھەولەکانی تڕەمپ لادا بۆ داخستنی یەکجاری ئەم کەیسە بەلام سەرکەوتوو نەبوو.
چوارەم :- ئەنقەرە پەیوەندیەکانی واشنتون لەگەل یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) بە ئاڵۆزترین و ھەستیارترین کێشە دادەنێت، لە سەردەمی ئۆباما ھەمیشە بایدن لەگەل پەیوەندیەکی توند و تۆڵ بووە لەگەل (YPG) و بە ھاوپەیمانێکی باوەرپێکراو و کارای دادەنێت لە شەڕی دژی داعش، بایدن ڕەخنەی توندی لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوا گرت، و زۆر دژی ھاتنە ژوورەوەی ھێزەکانی تورکیابوو بۆ ناو خاکی سوریا، ئەمە ھەڵویستی بایدن دەبێت لەم ئیدارەیە، و تەنانەت ئەندامانی ئیدارەکەشی ھەمان ھەڵوێستیان ھەیە، وەزیری دەرەوەی ئێستا بلینکن لە ٢٠١٧ لە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز وتارێکی نوسیبوو و تێیدا داوای لە سەرۆک تڕەمب کرد YPG پڕ چەک بکات چونکە ھاوپەیمانێکی ھەرە کارای ئەمریکایە دژی داعش، بەڵام پاش ئەو سەرکەوتنانەی ئۆپراسیۆنەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٦ کە توانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە زۆربەی شوێنە سنوریەکان دوورخاتەوە ( بە ڕەزامەندی و چاوپۆشی ڕووسیا و تڕەمپ و لە دەرەوەی ستراتیژیەتی ئەمریکا، و پاش تەلەفونێکی گوماناوی نێوان ئەردوغان و تڕەمپ ) بایەخی ئەم بابەتە کەم بوویەوە. بەڵام ئەردۆغان بەردەوامە لە ھەڕەشەکردن دوور نیە ئیرادەی بایدن تاقیبکاتەوە. بە کورتیەکەی پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەل (YPG) بەردەوام دەبێت لە ئالوزکردنی پەیوەندیە دووقۆلیەکان لەگەڵ ئەنقەرە، بۆ ڕازی کردنی ھەردوو لایەن ئەگەر زۆرە بایدن بەردەوامی بە پلانەکەی تڕەمپ بدات لە گفتوگۆی نێوان (PYD) باڵی سیاسی (YPG) و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی (ئەنەکەسە)ی تمویل کراو لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و پشتگیری تورکیا، بەڵام لەبەر قوڵی ناکوکیەکان نابێت چاوەرێی پێشکەوتنی گەورە لەم گفتوگۆیانە بکەین.
پێنجەم :- نیشتەجێبوونی فتح اللە گولەن لە ئەمریکا، نەیارە توندەکەی ئەردۆغان کە تۆمەتبار کراوە لەلایەن تورکیاوە بە ڕێکخستنی کودەتای ساڵی ٢٠١٦، یەکێکی ترە لە کێشە ئالۆزەکانی نێوان ھەردوولا، تورکیا چەندین جار داوای ڕادەستکردنەوەی کردووە بەڵام ئەمریکا بەردەوام ئەم داواکاریەی ڕەتکردووەتەوە لەبەر نەبوونی بەڵگەی باوەڕپێکراو بۆ ڕادەستکردنەوەی لە سەردەمی ئۆباما بێت یان لە سەردەمی تڕەمپ، ڕاستە لەبەر نائومێدبوونی تورکیا وەکو جاران سوور نیە لەسەر ئەم داواکاریە، بەڵام ئەردۆغان ھەرگیز ئەم خاڵە پشتگوێ ناخات و ئەم بابەتە بە کەیسێکی ناکوکی دەمینێتەوە.
شەشەم :- ئەزموونە سیاسیە دەوڵەمەندەکەی بایدن چی وەکو ئەندامی کونگرس لە ساڵی ١٩٧٢ و دووبارە ھەلبژارنەوەی بۆ شەش جار یان وەکو جێگری ئۆباما، بایدن ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ھەیە لە کەیسە گیرخواردووەکان کە تاکو ئیستا بێ چارەسەر ماون، لەوانە کەیسی قوبرس، بایدن یەکێک لەو دوو سیاستمەدارەیە کە چالاکانە بەشداربوون لە دەرچوواندنی بڕیاری کۆنگرێس بۆ ڕێگرتن لە پڕچەکردنی تورکیا ساڵی ١٩٧٤ پاش داگیرکردنی قوبرس، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە بایدن زۆر بایەخ بەم بابەتە دەدات، بایدن ھەر لە کۆنەوە ناسراوە بە نزیکیەکەی لە کۆمەڵگای یۆنانی ئەمریکی ھەر بۆیەش کاتێک کۆنگرێسمان بوو لەسەر کەیسی قوبرس چەندین جار ڕووبەڕووی تورکەکان بووەوە و کاتێک جێگری ئۆباما بوو ساڵی ٢٠١٤ گەشتێکی بۆ قوبرس ئەنجام دا و پاش لیندن جۆنسن ساڵی ١٩٦٢ بایدن بە گەورەترین بەرپرسی ئەمریکا دادەنرێت کە ئەم کارەی ئەنجام دابێت.
لە دۆسیەی قوبرس وەکو دۆسیەکانی تر، بایدن گۆڕانکاری گەورە بەسەر سیاسەتەکانی تڕەمپ دێنێت کە ھەمیشە چاوپۆشی لە کردەوەکانی تورکیا دەکرد، بایدن شارەزای باشی لەم کەیسە ھەیە و ئیشی تێدا دەکات و پشتگیری لە گفتوگویەکانی یەکخستنەوەی قوبرس دەکات بە پشتگوێخستنی ھەوڵەکانی ئەردۆغان کە پێی وایە تاکە چارەسەر بۆ ئەم بابەتە دوو دەوڵەت بۆ دوو میلەتە، سوور بوونی ئەردۆغان لەم بۆچوونە بارودوخەکە لەگەڵ ئەمریکا ئاڵۆزتر دەکات.
حەفتەم :- وەکو تڕەمپ و ئۆباما چاوەڕێ دەکرێت بایدنیش ڕێگری لە ھەولەکانی تورکیا بکات بۆ گەران بەدوای ھایدرۆکاربۆنات لە دەریایەکانی چی لە ناوچەکانی ئابوری یۆنان و قوبرس بێت یان لە دەریای ئیجە کە ناکۆکی لەسەرە لە نێوان یۆنانستان و تورکیا. چاوەڕێ دەکرێت بایدن توندتر و ڕێکخراوتر ڕێگری لەم ھەوڵانە بکات، ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لەم کارەی خۆی لە قەیرانێکی گەورە لەگەڵ ئەمریکا دەبینێتەوە.
ھەشتەم :- پەیوەندی تورکیا لەگەڵ حەماسی بە تیرۆرست لە قەڵەم دراو لەلایەن ئەمریکاوە، یەکێکە لەو کێشانەی کە ئەگەری زوو سەرھەڵدانەوەی ھەیە. تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٦ پەیوەندی لەگەل بزاڤی حەماس ھەیە، سەرەتا ئەمریکا لەسەر ئەم پەیوەندیە بێ دەنگی ھەلبژارد بەڵام لەگەڵ چەندین سەردانی بەرپرسە باڵاکانی حەماس بۆ ئەنقەرە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لێگرتن کە مایەی نیگەرانی توندی ئەنقەرە بوو.
نویەم :- ململانێ و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا (لە سوریا و لیبیا و ناگۆرنۆکەرەباغ) لە ھەندێک حاڵەت ئەمریکا لە دژی ڕووسیا ھاوکاری تورکیای کردووە لە ئەدلبی سوریا و لیبیا ھەروەک جەیمس ئێف جێفری نێردەی ئەمریکا لە سوریا لە نوسینێکدا بە ناونیشانی (بایدن پێویستی بە سیاسەتێکی نوێ نیە لە ڕوژھەڵاتی ناوەڕاست) لە ١٥ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ لە گۆڤاری کاروباری دەرەوە (foreign affairs magazine)دا دان بەو ڕاستیەدا دەنێت، بەڵام زۆربەی جار تورکیا تاک لایەنە و دوور لە ئەمریکا و ھاوپەیمانی ناتۆ ھەڵسوکەوتی کردووە، تاک لایەنە ململانێ و گفتوگۆ و ڕێککەوتنی لەگەڵ ڕووسیا کردووە.
سەبارەت بەم ھەڵوسوکەوتە تاک لایەنانەی تورکیا دوو تێڕوانینی جیاواز ھەیە، لایەنێک پێی وایە کە تورکیا ڕێگری لە زێدەڕۆی ڕووسیا دەکات و شەڕ لە جیاتی ھەمووان دەکات، لایەنەکەی تر پێی وایە کە تورکیا لە کۆنترۆڵ دەرچووە لە زۆر شوێنی دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەش بەرەو شەراکەت لەگەڵ مۆسکۆ دەڕوات. و زۆری بوارەکانی ململانێی نێوان توکیا و ڕووسیا بووە مایەی ئەوەی زیاتر ھەماھەنگی و پەیوەندی توندوتۆڵتر لە نێوانیان دروست بێت و تورکیای دوورخستەوە لە ڕۆژئاواییەکان.
تاکو ئێستا زۆر ڕوون نیە کە بایدن لە ڕکابەرایەتی لەگەل ڕووسیا، تورکیا بە سەرچاوەی ھێز بۆ ئەمریکا دادەنێت یان کۆسپ، بەڵام لە چەند لێدوانێکیدا پێش ھەڵبژاردنەکان بایدن لایەنگری ئەرمینیای پێوە دیار بوو و دەستێوەردانی سەربازی تورکی بە نابەرپرس ناوبرد و پێشنایری بڕینی ھاوکاری سەربازی بۆ ئەزەربێجان کرد و تاکو ئیستا ھیچ ئاماژەی بە بارودوخی ئەدلب و بارودوخی سەربازی ناوخۆی لیبیا نەداوە، بەڵام مایکل کاربنتز گەورە ڕاوێژکاری بایدن بۆ کاروباری ئەوروپا لەسەر ھەلسوکەوتی تورکیا لە لیبیا و ناگۆرنۆ کەرەباغ و دەریای ئیجە و کڕینی ئێس ٤٠٠، وتی (ئەم ھەڵسوکەوتانە نابەپرسانەیە و دوژمنکارانەن و بەرژەوەندی ھاوبەشمان سنوردار دەکات).
لەمەودای درێژخایەن سیاسەتی دەرەکی تورکیا لە سەردەمی ئەردۆغان بێ ئەو بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی سەربەخۆی دوور لە ڕۆژئاوا، و پێشبینی دەکرێت سوور بیت لەسەر سەروەریەکەی لە دەریای ناوەڕاست و بەردەوامبوون لە گەشەپێدانی سەربازی و سیاسەتی فراوانخوازی بە ھەرێمی کوردستانیشەوە ئەوەش وادەکات ھێدی ھێدی دوور بکەوێتەوە لە کومەڵگای ئەتڵەسی، تورکیا خۆی بە میراتگری ئیمپراتۆریەتێکی گەورە دەزانێت ھەروەکو ئاسلی ئایدن تالاس لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (تورکیا ناگەڕێتەوە بۆ ڕۆژئاوا) لە گۆڤاری کاروباری دەرەوە لە ١٩ ئایاری ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.
سیاسەتی بایدن لە زۆربەی ڕووەکانەوە جیاوازە لە ناوخۆ و لە دەرەوە، و ڕوون و ئاشکرایە کە بایدن گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی خۆ دوورخستنەوەی تڕەمپ (ئەمریکا پێش ھەموو شتێک) دەکات و دەیەوێت جارێکیتر سەرکردایەتی جیھان بکات بە تێوەگلان لە سیاسەتی جیھانی و کاراکردنی دیپلۆماسیەت بە تایبەتی لە ئاسیا و ڕوژھەڵاتی ناوەڕاست، ئارەزووی بایدن بۆ پیادەکردنی سیاسەتێکی سەقامگیر لێکەوتە و بەرکەوتە دەبێت و لەگەڵ سووربوونی ئەردۆغان لە ھیواکانی و بەرپاکردنی سیاسەتێکی دەرەکی توند و نەتەوەپەرست و سەربەخۆ و خۆزانین بە ھێزێکی گەورە و بەرچاو لە ناوچەکە وا دەکات ھەمیشە پەیوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا بەرەو قەیرانی بەردەوام بڕۆن.
ئەردۆغان درک بەو ڕاستیە دەکات کە ئەوەی لە سەردەمی تڕەمپ بۆی دەچووە سەر لە سەردەمی بایدن بۆی ناچێتە سەر بۆیە ھەوڵەکانی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەل وڵاتانی وەکو میسڕ و یۆنانستان و سعودیە و ئیماڕات چڕ کردووەتەوە.