کەرکوک، ھەڵبژاردن، گەرانەوە بۆ سەرەتاکانی یەکێتی
٢٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
1033
لە ھەڵبژاردنی ١٢/١٨ یەکێتی توانی لە کەرکوکی قودسی کوردستان و شوێنە جێناکۆکەکان متمانەی زۆربەی خەڵکی ئەم ناوچانە بەدەستبێنێت و لیستی یەکەم بێت، ئەمەشیان دەرخەری ئەوەیە کە ھەرکاتێک سەرکردایەتی یەکێتی یەک دەست و یەک تیم کاربکات روو لە جەماوەر، دەتوانێت رابەرایەتی جەماوەر بە ئاڕاستەی داھاتوویەکی باشتر لە ئاست خەبات و قوربانی تێکۆشەرانی.
ئەم ھەڵبژاردنە ئەوەی سەلماند گرفتی یەکێتی لە قاعیدە و بنکە جەماوەرییەکانی نییە بەڵکو گرفت لە رابەرایەتیکردن و ئاڕاستەکردنی و سەرکردایەتیکردنی ھەبووە.
دەرئەنجامی کۆنگرەی پێنجی یەکێتی و گەرانەوە بۆ خانوە قوڕەکان وەکو خالێکی وەرچەرخانە بۆ دووبارە دەست لە ملانێی کردنی یەکێتی و جەماوەری لە کەسوکاری شەھیدان و تێکۆشەری دێرین و گەنج و لاو و چین و توێژەکان.
بێگومان ئەمە سەرەتایەکە و ئەرکی داھاتووی سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی بەو ئاسانیە نییە، کۆششی زیاتری دەوێت لەسەر ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی و رێکخستن و جەماوەری.
ئەوەی بەلای بەندەوە و تێکۆشەرانی یەکێتی گرنگە ھەڵبژاردنی کەرکوک وێستگەیەک بێت بۆ گەرانەوە بۆ سەرەتاکان، دیارە مەبەستم لە سەرەتاکانی گەرانەوەیە بۆ چەمکی رەوانشاد (مام) لە شێوازی سیاسەتکردن لە ھەردوو رووی یەگرتووی خیتابی کوردی و پێکەوە ژیانی نەتەوەکانە بەیەکەوە، بەتایبەت رێزگرتن لە پێکھاتەکانی تری کەرکوک وەکو عەرەب و تورکمان و مەسیحی ….تاد ئەوەشیان بەوە دەکرێت:-
١- سەرەڕای باڵادەستی یەکێتی لە کەرکوک، بەڵام کێشەی کەرکوک رەھەندێکی نەتەوەیی ھەیە پێویستی بە ھاوکاری ھەموو لایەنەکانە، بەتایبەت دەبێت ئەوپەری ھەوڵبدرێت یەکێتی و پارتی بە بەرپرساریەتی نەتەوەیی یەک خیتاب گفتوگۆی پێکھێنانی حکومەتی خۆجیی بکەن، واتە کەرکوک چۆن بۆ یەکێتی خالی وەرچەرخانە لەھەمان کات شانازیەکی تریشی بەربکەوێت و سەرەتای یەکگرتنەوەی کورد و ووتاری کوردی بێت کە ماوەیەکە میلەتەکەمانی نیگەران کردوە.
٢- ئەنجامی ھەڵبژاردن ئەرکی یەکێتی لە شاری کەرکوک قورستر کردووە، نابێت بەھیچ شێوەیەک لە ژێر کاریگەی ئەوەی شەش سالی رابردوو لە ئیدارەی کەرکوک کراوە یەکێتی بیر لە داھاتوو بکاتەوە لە شێوازی ئیدارەدانی، ئەگەر بمانەوێت بگەرێنەوە بۆ سەرەتاکان، دەبێت بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکوک بکەین و ئاشتی کۆمەلایەتی، خزمەتکردنی ھەمووان ئامانجی داھاتوومان بێت، سیاسەتێکی حەکیمانە پەیرەو بکەین کە رێگای تازە بکاتەوە لە دروستکردنی پردی متمانەی ئەوانیتر بە ئاراستەی سەقامگیری و جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠.
بەدەر لەم دوو خالەی سەرەوە ھەر جۆرە سیاسەتێکی تر چەمکی پێکەوەیی کورد و پێکەوەژیان پێشێل دەکات و دەرگای دەستوەرادنی لایەنی تر و تەنانەت وولاتانی ناوچەکەش دەکاتەوە، ئەمەشیان رێک پێچەوانە چەمکی سەرەتاکانە و کێشەی سیاسی لێدەکەوێتەوە دورمان دەخاتەوە لە ئامانجی نەتەوەیی دور مەودا..
د. زێندین مولود ئامۆکەیی
دکتۆرا لە سیاسەت و پەیوەندیە نێودەولەتیەکان