ڕوانینێکی شەرعیانە بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
445
ڕوانینێکی شەرعیانە بۆ هەڵبژاردن و دەنگدانی
ئەنجومەنی پارێزگاکان"بەتایبەتی کەرکوک "
هەڵبژاردنەکان بە گرنگترین ڕێگەی گەیشتن بە کارتێکردن و چاککردنی کۆمەڵگەکان لەقەڵەم دەدرێن، بۆیە بەلای هەندێک لە زانایانەوە نەک هەر قەدەغە (حەرام) نیە بەڵکو پێویستە (واجبە) هەمووان بەشداریی تێدابکەن
دەنگدان مافێکە پێویستە هەمومان پەیڕەوی بکەین ..
هیچ ناشەرعیەک لە هەڵبژاردندا نیە و مافێکە خوای گەورە بە هەموو مرۆڤێکی بەخشیوە کە مرۆڤەکان ئازادانە ویست و ویژدان و هێز و ئیرادەی خۆیان پیادە بکەن ، بنەمای هەڵبژاردن و دیاریکردنی کەسی هەڵبژێرراو لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ئەمانەت و هێز و توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی یە، لە قورئانی پیرۆزدا و تایبەت لە بەسەرهاتی کچەکەی شوعەیب " سەلامی خوای لەسەر بێت" سیما و ئاکارە دیار و پێویستەکانی دەسەڵاتداری دەستنیشانکردوە کە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت : { إِنَّ خَيْرَ مَنِ اسْتَأْجَرْتَ الْقَوِيُّ الْأَمِينُ }(القصص،26)
هێز واتە دەسەڵات و توانا، واتە لەخۆگرتنی بەرپرسیاریەتی ، ئەمانەت واتە: دڵسۆز بوون ،ویژدانێکی زیندوو کە لێپرسینەوەت لەگەڵ بکات و ڕێگە نەدات کەمتەرخەم بیت، هەڵبژاردنەکان هەموو چارەنوسسازن بەو پێیەی هێڵە گشتیەکان و شێوە و شێوازی ژیان و گوزەران دەکەوێتە ئەستۆ و کاری ئەو کەسە هەڵبژێرراوانە ، بەم پێودانگە دەنگدان جگە لە ماف دەبێتە ئەرکێک و پێویست دەکات هەمووان دەنگ بدەین و هەر بەو تێگەیشتنەش هەڵبژاردنی کەسانێک کە ئەو سیمایانەیان هەبێت ئەرکی سەرشانی هەموان دەبێت و هەڵبژاردنی کەسانی بێهێز و ناشارەزا و نائەمین شایەتیدانێکی ناهەقە و ناپاکیە لە ئەمانەت و بەرپرسیاریەتی .
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام دەدرێت و لەو چەند پارێزگایەش کە بوونی کوردیان هەیە پێویستە ئەو کوردانەی کە مافی دەنگدانیان لە ئەو شوێنانە هەیە دەنگ بە کەسانی هاونەتەوە و هاوزمانی خۆیان بدەن، چونکە بەرژەوەندیی ئێمەی کورد لە هەژمونی کورد لە ئەو جێگایانە هەیە (من باب جلب المصالح و درء المفاسد) و زۆر پێویستە کەسە بەهێز و بە توانا و شارەزا و دڵسۆزەکان هەڵبژێدررێن ، لە هەمووشوێنەکانیش گرنگتر هەڵبژاردنە لە شاری بەزۆر دابڕاوی کەرکوک ، کە بەهەموو پێوەرە ئاینی نیشیمانیەکان پێویست دەکات هەموان دەنگ بدەن هەم بۆ گێڕانەوەی مافێکی خوراوی کورد کە خاوەندارێتی شاری کەرکوکە بۆ باوەشی کوردستان و هەم هەڵبژاردنی کەسانی دڵسۆز و خەمخۆری شاری کەرکوکە کە بەهێزن و دەتوانن ڕووبەڕووی نەیارانی کورد ڕاوەستن و مافەکانی کورد لە شارەکەی خۆیان دابین بکەن.
بە هەموو پێودانگەکان شادکردنی ڕۆحی خوالێخۆشبوو سیمبوڵی پارێزگاری لە کوردستانیەتی کەرکوک و ڕابەری ڕابونی کوردایەتی مام جەلال کە بەدەنگی بڵند و سەربەرزانە کوردستانیەتی کەرکوکی بە هەموو جیهان بە شێوەیەکی گشتی و جیهانی ئیسلامی و مەیدانی عیراقی بەتایبەت لە مەجلیسی حوکم ڕایگەیاند بەوە شاد دەبێت کە هەموان دەنگ بەو لیست و کەسایەتیە بدەن کە شەڕی مان و نەمان لەسەر کەرکوک دەکات و ئێستا لە کەرکوک بەهێزترینە و بونی جەماوەری هەیە و ئەمڕۆ چاونەترسانە لەناو شەقام و گەڕەکەکانی شاری کەرکوکدا بەدەنگی بڵند هاوار دەکات و دوێنێش لە پێناوی دورخستنەوەی شەڕ لە کەرکوک و وێران نەبوونی شارەکە قوربانیدا ڕێک وەک ئەو دایکەی لە پێناوی سەلامەتی ڕۆڵەکەیدا قوربانی دا وەک لە تەفسیری قورئانی پیرۆز و لە فەرمودەکەی پێغەمبەری ئیسلام "درودی خودای لەسەربێت" هاتووە : دوو ئافرەت لە گەڵ دوو کۆرپەیان بوون گورگێک یەک لە ڕۆڵەکانی ڕفاند و ئەمیان گوتی ڕۆڵەکەی تۆ بوو گورگ ڕفاندی و ئەویان گوتی نەخێر ئەوەی تۆ بوو کێشەکەیان بردە پێش داود "سەلامی خودای لەسەر " و ئەویش حوکمەکەی ڕێک و ڕاست دەرنەچوو و بڕیاریدا ئەوەی ماوەتەوە ڕۆڵەی ئەوەیانە کە گورگەکە ڕفاندبووی ، بەڵام کە سولەیمانی کوڕی داود " سەلامی خودا لەسەر هەردووکیان " بەمەی زانی گوتی ئێستا من دەزانم ڕۆڵەی ڕاستەقینەی کام دایکەیە بەوەی کە کامەیان زیاتر جگەری بۆی دەسوتێت ، هەردووکیانی بانگ کرد و گوتی چەقۆیەکم بۆ بێنن دەیکەم بە دوو کەرتەوە هەرکەرتێکی بۆ یەکێکتان،! لێرەدا دایکە درۆزنەکە ئامادەبوو و بەلایەوە ئاسایی بوو مردن و لەناوچونی کوڕەکە چونکە ڕۆڵەی خۆی نەبوو و تەنها ئیدیعای دەکرد بەڵام دایکە ڕاستەقینەکە و دڵسۆزەکە قوربانیداو و هاواری کرد نا نەکەی با لای ئەو بێت بەمەرجێک ڕۆڵەکەم نەمرێت، لێرەدا سولەیمان وردتر بوو لە داودی باوکی لە ئەم قەزاوەتەدا " سەلامی خودا لەسەر هەردوکیان بێت" و ڕۆڵەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکە دڵسۆز و ڕاستەقینەکەی کە ئامادەیە بە هەموو شێوەیەک قوربانی بدات .
دڵنیابن کەرکوک ڕۆڵەی ئێمەیە و قوربانیمان لە پێناویدا داوە و هەر دەگەڕێتەوە بۆ لای دایکە دڵسۆز و ڕاستەقینەکەی .
دەست لە دەست و هێز و هاوکاری و بەهاناوەهاتنی گەلی ستەمدیدەی کورد لەلایەن خودا .
خودایە لیستە بەهێز و دڵسۆزەکەی کەرکوک سەربخەیت .