زۆرترین بەشداری لە پارێزگای سلێمانی، زۆرترین دەنگیش بۆ یەکێتی
١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣
2799
ئەوەی بووەتە جێگەی دڵخۆشی و ئۆمێدێکی زۆریشی بەدوایخۆیدا ھێناوە کە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەپارێزگاکانی کەرکوک و دیالا سەرکەوتن بەدەست دێنێت، ئەوەیە کە لەسەر ئاستی ھەموو پارێزگاکانی عیراق، لەم ھەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداربوونانی دەنگدەرانی تایبەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی (کەلار ، کفری، چەمچەماڵ، تەکێی، تاسلوجە، ناوشاری سلێمانی و ناوەندەکانی دیکە) بەرێژەیەکی زۆر جیاواز لەھەموو پارێزگاکانی دیکەی عیراق زیاتربوو، تەنانەت لەھەندێ ناوەندی دەنگدان رێژەی بەشدابووان گەیشتووەتە ٩٦%بەتایبەتی لەسنوری ئیدارەی گەرمیان .
ھەروەھا لە ھەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەتدا کەمترین دەنگی بەشداربوان لەپارێزگای سلێمانی پوچەڵکراونەتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە لەھەڵبژاردنی پێشوودا کەمترین رێژەی بەشداربووانی دەنگدانی تایبەت لەسنووری پارێزگای سلێمانی بوو، ھەروەک زۆرترین دەنگی پۆچەڵکراو لەھەمان پارێزگابوو .
بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداربووان لە سلێمانی لەپێش ھەموو پارێزگاکانی عێراقە و بەپێی ئەنجامە نارەسمییەکان زۆرترین دەنگیش بەکاندیدەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دراون، بۆیە ئەم سەرکەوتنە ھێز و ئیرادەیەکی زۆر دەبەخشێتە دەنگدەرانی گشتی لە پارێزگای کەرکوک کە بەھەمان ئیرادەی دەنگدەرانی تایبەتەوە رووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان و سەرکەوتنێکی گەورە تۆماربکەن، ھەروەک ئەم ئەنجامە نارەسمییە بەرچاوی دەنگدەران روشنتر دەکات بۆ ئەوەی نوێنەری راستەقینە بۆ خەڵکی رەسەنی کەرکوک ھەڵبژێرن و کۆتایی بەدۆخی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئیداری لە کەرکوک بێنن.
دەبێ ئاماژە بەو راستییەش بدەین، کە ھۆکاری ئەم سوپرایزە دڵخۆشکەرە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرنامەیەکی نوێی سەردەمیانە و گونجاوی دارشتبوو، ھۆکارێکی دیکەی سەرکەوتنی یەکێتی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سیاسەتێکی واقیعبینانەی نەگۆڕی ھەیە بۆچونییەتی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابرێنراوەکانی دیکەی کوردستان، بۆیە جەماوەری ناوچەکە بەگەرمی پێشوازی لەو سیاسەتە دەکەن و دەزانن تەنھا یەکێتی دەتوانێت سەقامگیرییان بۆ فەراھەم بکات .