تێڕوانین و ھەڵوێست
١٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣
1684
"تێڕوانین و ھەڵوێست" لە نوسینی د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆماری عێراق بە ھەرسێ بەرگی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی، پاش ھەوڵ و ماندوبونێکی زۆر ئێستا ساز و ئامادەیە و لەبەردەم خوێنەرانیدایە.
ئەم کتێبە کۆمەڵێک پرس لەخۆدەگرێت: کات و شوێنی روداوی سیاسی، ئابوری، حزبی و پرسی کارگێڕی.
لە ھەموو ئەم پرسانەدا، تێڕوانین و ھەڵوێست لەچوارچێوەی وتار و نامە و ناوەڕۆکی کۆبونەوەدا خراونەتەڕوو، جەختیش لە کارکردنی پێکەوەیی کراوەتەوە، بۆ سەرکەوتن بەسەر ھەر قەیران و گرفتێک کە دێنەپێش.
ئەم کتێبە وەک نوسەر جەختی لەسەردەکاتەوە، تەنھا لەبەر خواست و ویستی بڵاوکردنەوە و بوونی کتێبێک نییە، بەڵکو دەیەوێت ببێتە سەرچاوەیەک بۆ ئەو توێژەر و خوێندکارانەشی، کە لە بواری ئەکادیمیدا توێژینەوە دەکەن، بێگومان سەرچاوەیەکی پڕبایەخیش دەبێت بۆ تێگەیشتن لەو رووداوانەی پەیوەستن بە دۆخی سیاسی، ئابوری، حزبی و ئیداری جیاواز لەماوەی کارکردنی بێ وچانی نوسەردا و رووداوەکانی بە ئەمانەتەوە باسکردووە.
بەڕێز د.لەتیف جەمال رەشید لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا بڕیاردەدات لە کارکردن بەردەوام بێت، دەستدەکات بە کۆکردنەوە و پێداچوونەوە و پۆلێنکردنی ئەم ئارشیفە، کە بە چەند نمونەیەکی کەم لە بڕێکی زۆر بابەت وەسفی دەکات، ئومێدەواریشە لە کتێبەکانی داھاتوودا وەک ئەم کتێبە کۆیانبکاتەوە و بە ھەمانشێوە بیانخاتەوە خزمەت خوێنەران و توێژەران و خوێندکاران.
لەبارەی دۆسێی نەوت و غازی کوردستان و دەرھاویشتەکانی بەوردی تێڕوانین و ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەم دۆسیە ھەستیارە خستۆتەڕوو.
لە بەرگە کوردییەکەی کتێبەکەدا، سەرۆک کۆماری عێراق باس لە خەونی گەلی کوردستان دەکات بەتایبەت لەدوای روخانی رژێمی بەعس، کە چۆن خواستی ئەوەی ھەبوو لە عێراقێکی فیدرالی دیموکراتی ئازاددا ژیانێکی شایستە بژی، بەڵام رووداوەکانی دوای ئەو مێژووە، رێڕەوی خەونەکەی گۆڕیوە و نەھامەتی گەلی کوردستان لەڕووی بژێوی و دابینکردنی ژیان و قوتی رۆژانەیەوە زەحمەتتر بووە.
ھەروەھا سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە ئەرک و بەرپرسیارێتی حزبی داوە، بەتایبەت لەنێو ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا.
بەشێکی دیکەی کتێبەکەی تەرخانکردوە بۆ پرسی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عیراق، لەوێدا بەشێک لەو بابەتانە بڵاوکراونەتەوە، کە لەو چوارچێوەیەدا ھەبوون.
بەشێکی دیکەی کتێبەکە، گەڕانەوەیە بۆ دۆسیە گرنگەکانی ھەڵبژاردن، دەرئەنجامەکانی، چۆنێتی کارکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی.
ھەروەھا ئەو بابەت و وتار و دیدارە رۆژنامەوانیانەی لە ساڵانی رابردودا لە رۆژنامە و گۆڤاردا بڵاویکردونەتەوە، نمونەی لە کتێبەکەدا بڵاوکردۆتەوە و نێوەڕۆک و پرسی گرنگی رۆژگاری لەخۆگرتوە.
دیپلۆماسیەت و کارکردنی نێودەوڵەتی، وێستگەیەکی گرنگی ژیانی سیاسی و کاری رێکخراوەیی سەرۆک کۆمارە.
د.لەتیف جەمال رەشید لە جیھانی کارکردنی نێودەوڵەتی و وێستگە جیاجیاکاندا، ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاوازی لەئەستۆدا بووە، لە بەھێزکردنی پردی پەیوەندی و بنیاتنان و دروستکردنی کۆدەنگی بۆ دۆزی رەوای کورد لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دواتریش لە گەشەپێدانی عیراقدا، ھەوڵ و تێکۆشانی زۆری دیپلۆماسی ھەبوە، ئێستاش لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆماردا درێژەی پێدەدات.
ھەروەھا لە خاڵە گرنگ و جەوھەرییەکانی دیکەی کارکردنی سەرۆک کۆمار، پرسی ئاو، پاراستنی سروشت، ژینگە، دابینکردنی خۆراک، وزەی پاک و ئابورییە لە عیراقدا ھەر لە زاخۆوە تا فاو.
لەم پرسە گرنگانەی پەیوەست بە تاک بە تاکی ھاووڵاتیان، سەرۆک کۆمار لە ھەموو گۆشەیەکەوە قەیران و کێشە و گرفتەکانی خستۆتەڕوو، شیکردنەوەی بۆ کردون، ھۆکارەکانی دەستنیشانکردوە، لەگەڵ ئەوەشدا رێگاچارەی دیاری کردوە.
ئەم بابەتانە بۆ ئێستا و ئایندەی وڵات، پرسی جددین، بۆ بەردەوام بوونی ژیانیش لە ژینگەیەکی تەندروست و گونجاودا، دەبێت کارکردن لەسەریان و ھەنگاونان بە ئاراستەی زوو چارەسەرکردنیان، لەئێستاوە دەستپێبکرێت و نەخرێنە سبەینێ.
لە بەشی کۆتایی بەرگە کوردییەکەشدا، بەڕێز سەرۆک کۆمار، وێنە و دۆکیومێنتی لەبارەی کار و چالاکییەکانی و کارکردنی لە وێستگە و قۆناغە جیاوازەکاندا بڵاوکردۆتەوە.
لە کۆتاییشدا وەک ئەوەی نوسەر و رۆژنامەنوس ئیسماعیل زایەر دەڵێت: دکتۆر عەبدوللەتیف رەشید، ھاووڵاتییەکی جیھانییە بە تامی کوردستانی عیراق.