لەکارەساتی هەکارییەوە بۆ خیانەتی ڕەشی ٣١ی ئاب
٣٠ی ئابی ٢٠٢٣
721
کاتێک خیانەت و ناپاکی لەفەرهەنگی گروپێك یان تاقم و دەستەیەك یاخود پارتێکی سیاسیدا دەبێتە کلتوورو بە لق و پۆپ و ڕەگ و بنەچەیدا بڵاودەبێتەوە، ئیدی هیچ پاڵنەرێكی نەتەوەیی و نیشتمانی نامێنیت، كە بەربەست بێت لەبەردەم ناپاکی و خاکفرۆشی و چاوساغی و پەلەکێشکرنی هێزی بێگانە، سەرەڕای ئەوەش ڕاگەیاندن و دەزگا چەواشەكارەكانیان پارەی نەوت و سامانی وڵات دەخەنە خزمەتی پەردەپۆش كردن و شاردنەوەی ڕاستیەكان و بەشانازییەوە لەشاشەكانەوە باس لەشەڕی براكوژی و دیل كوشتن و ڕشتنی خوێنی شوڕشگێڕ و قارەمانەكانی نیشتمان ئەكەن و قەتماغەی برینەكان هەڵئەكەنن و خوێ لەبرینی كەس و كاری شەهیدان و تێكۆشەرانی ئەم وڵاتە دەكەن.
ئەگەر تەماشای رۆژمێری ڕووداوە سیاسیەكانی کوردستان بکەین بەدرێژایی پەنجا ساڵی ڕابردوو لەپاڵ دەیان داستان و قارەمانێتی و تێکۆشانی گەورەدا و لەگەڵ چەندین مەرگەسات و تراژیدیای وەكو (ئەنفال و كیماباران و كۆرەو, هتد...) ئەوا وێنەگەلێكیش دەبینین،كە شایەنی وەبیرهێنانەوەو تەماشاكردن نین و ئەوەندە شەرمهێنەرن نموونەیان كەم و دەگمەنە لەهەموو دنیادا.
بەداخەوە بەتایبەتی لە دوای خیانەتی ئاشبەتاڵ و هەرەسی شۆڕش، زنجیرەیەكی درێژ لەخیانەتی گەورە لەلایەن هێزێكی سیاسیەوە ئەنجامدراون، هەر لەکارەساتی هەکاریەوە تا دەگاتە شەڕی براکوژی و خیانەتی "31"ی ئاب و هێنانی زرێـپـۆش و هێزی رژێمی دیکتاتۆری بەعس بۆ نێو حەرەمی پەرلەمانی کوردستان و دواتر رادەستکردنی شەنگال و داخستنی سنوور لە پارچەكانی تری كوردستان و لێدانی خەندەق و پێشڕەوایەتی کردنی هێزی بێگانە بۆ نیو خاکی كوردستان و دژایەتی هێزە خەباتگێڕەکانی هەرچوار پارچەی كوردستان ئەوە بە ڕونی دیدگاو ئەدەبیاتی ئەوانەمان بۆ دەردەخات کە بە شیعاری قەبەو موزەیەفی نیشتمانیەوە چ کارەساتێکیان بەسەر گەلەکەماندا هێناوە.
ئەو خیانەتانەش سەلماندوویەتی، کە لەوەتەی خەباتی سیاسی و جوڵانەوەی شۆڕشی کوردی لەپێناو ئامانجی ڕەوای نەتەوەییماندا دروست بووە بۆداکۆکی لە گەلێکی بەش بەشکراوی دەستی بێگانە، هەمیشە ئەو پارتە سیاسیە بۆ لەباربردنی ئەو ئامانجە ڕەوایەو بەرهەڵستکاری مافی گەلەکەی ئەوەی پێی کرابێت لەخیانەت و ناپاکی سڵی لەهیچ نەکردووەتەوەو چۆن بۆی کرابێت بێ گوێدانە هیچ مۆڕاڵ و بەهایەکی مرۆڤایەتی و ئەخلاقێکی نیشتمانی بۆتە چاوساغ و کەواسووری بەر لەشەکری بێگانە بۆ لەناوبردنی قەزیەی میللەتەکەی، ئــەم فـۆرمەش لــەفیکری رەشی سیاسی ئەوەمان پێ دەڵێت کاتێک خیانەت وەکوو تیۆر و پراکتیک و فەلسەفەیش دەبێتە کلتور لەنێو فەرهەنگی هەر پارتێکی سیاسیدا ئەوە بێگومان دەبێت تەنها چاوەڕوانی کارەساتی وای لێبکرێت.
ئێستاش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چارەکە سەدەیەك بەسەر خیانەتی (31)ی ئابدا، هێشتا كاریگەرییە نەرێنیەكانی لەگۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستاندا بەجێماوەو تاكو ئێستاش بكەرانی ئەو ڕووداوە بەهەمان نەفەس كاردەكەن و ئاگری شەڕی براكوژی و دووئیدارەیی خۆش دەكەن، كە دەبێت چیتر ڕێگەیان پێ نەدرێت بەری ڕەنجی خەڵكی كوردستان و شەهیدان و تێكۆشەرانی ئەم نیشتمانە بخەنە بەردەم ئەگەرەكانی لێكترازان و شەڕی ناوخۆ و ئاشبەتالێكی تر.
لەكۆتایشدا دەڵێن ڕێگە چارەی ڕێگریكردن لە دووبارە بوونەوەی ئەم كارەسات و ڕووداوە دزێوانە لەرێگەی بەدامەزراوەیی كردنی دام و دەزگاو موئەسەساتەكانی كوردستان و هەبوونی دەستورو دادگاو هێزی نیشتمانیەوە دەبێت، کە ئەوەش ئەقڵیەتی دەوڵەتداری و میتۆدی نیشتمانی و بیری پاکی کوردایەتی و هیمەت و بازووی دڵسۆزەکانی خاک و وڵاتی دەوێت، چونكە ئەم ئەم هەرێمە بچوكەو ئەم دەستكەوتە كەمەی خەڵكی باشووری كوردستان بەدەستی هێناوە بەرهەمی ڕەنج و خوێن و ئازاری سەد ساڵی میللەتێكە, حەیفە قەدەرو چارەنوسی لەدەستی كەسانێك بێت، كە ئیفتیخار بە خیانەت و نۆکەرایەتی بۆ بێگانە بکەن و بەدەستکەوت و شانازی گەورە لەقەڵەمی بــدەن.