وتاری سەرۆکی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی، لە دەستگای چاتم ھاوس، بێ پێشینەی بوو. کاریگەری چ دەبێ لەسەر پارتی و دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم؟

سەرۆکی یەکێتی لە بەردی بناغەی چەند پایەیەکی دا، پارتی ساڵەھایە بینایان دەکات. ھێشتا نازانرێ کاریگەری چ دەبێ، بەڵام پرتی شڵەژاوە، تا ئێستا ھەڵوێستی نییە، تەنیا کاردانەوەیە.

ئەو پایانە چین کە سەرۆکی یەکێتی روخاندی؟

پارتی گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێ، رێکەوتن لەگەڵی ئەستەمە. کتومت بە پێچەوانی لافی پارتییەوەیە، ھەمیشە دەیەوێ پیشانی بدات، ئەم نوێنەری بۆچوون و حزب و گرووپی جیاوازی ھەموو کوردستانە. ئەوەتا گەورەترین حزبی ھاوپەیمانی پارتی بۆچوونی پێچەوانەیە.

تاڵەبانی ئەم کەمتەرخەمییەی پارتی دەبەستێتەوە بە ھەمە پۆڵی بڕیاردان لەنێو حزبدا و نموونەش دەھێنێتەوە. ئەمجار دەڵێ، "دەستی چەپ نازانێ دەستی راست چی دەکات". ئەمیش کتومت پێچەوانی لافی پارتییە، کە ھەمیشە دەیەوێ پیشانی بدات بڕیاردان لەنێو پارتیدا، لە نێوەنددایە و پارتی گرووپ و باڵی نییە وەک یەکێتی. تاڵەبانی ئەمجار یەکێتی لە ژێر سەرکردایەتی خۆیدا وەک حزبێکی یەکگرتوو دەناسێنێ و دەیکاتە ھۆکاری ئەوەی کە پارتی ناتوانێ و نایەوێ لەگەڵ یەکێتییەکی یەکگرتوودا رێکبکەوێ.

پارتی دەیان ساڵە کوردستانی ناوناوە عیراقێکی دیکە و لافی ئەوە لێدەدات کوردستان لە عیراق پێشکەوتووترە. تاڵەبانی ئەمیشی پووچ دەکاتەوە و باسی کارابوونی دەستگای وەک پەڕلەمان و دەسەڵاتی دادوەری دەکات، ھەموو لە کوردستان ھەڵوەشاوەنەتەوە و لە عیراقدا کاران. 

لێرەدا ناوەستێ! تاڵەبانی فراکسیۆنی پارتی تاوانبار دەکات بە بەکارھێنانی پەڕلەمان بۆ سیاسەتی حزب. نموونەش دێنێتەوە. لە لەکۆبوونەوەی ٢٢ی مایسی ٢٠٢٣دا فراکسیۆنی پارتی بەبێ رەزامەندیی یەکێتی، حزبی ھاوپەیمان، کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیان لە پەرلەماندا کارا کردەوە. دواتر، بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق دژ بە درێژکردنەوە وەستا، بڕیارەکەی پووچکردەوە. دیارە ئەمەش تێکشکان بوو بۆ پەڕلەمان، کە یەکێتی سەرۆکایەتی دەکرد. تاڵەبانی پارتی تاوانبار دەکات بە بەکارھێنانی دەسەڵاتی دادوەری بۆ بڕیاری سیاسی، وەک بڕیاری دژ بە ئەفسەرانی دژەتیرۆر و بڕیاری بە ھاوسەرۆک ناساندنی لاھور شێخ جەنگی.
تاڵەبانی دەڵێ، پارتی نیەتی چاکسازی و یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگەی نییە و دەڵێ ئەو ٢٠ملیۆن دۆلاری ساڵانە ئەمەریکا دەیدا بە ھێزی پێشمەرگە، کارا نەبووە. 

تاڵەبانی دەڵێ، لە ھەرێمی کوردستاندا مافی مرۆڤ، ژن و کەمینە لە پاشەکشەدایە. ھەروەک دەڵێ، ئازادیی رادەڕبڕین لە دۆخێکی خراپدایە. ھەروەک بۆ پەرەپێدانی ئازادی رادەربڕین، تاڵەبانی بە گاڵتەجاڕیەوە دەڵێ: "ئەوە حکومەتە پێویستی بە راھێنانە، نەک رۆژنامەنووس".

کاتی سەردانی تاڵەبانی گرنگ بوو. سەرۆکی حکومەت بە ھاوکاری وەزیری یەکێتی و گۆڕان کەوتووەتە رکلام بۆ سەرکەوتنی کاری حکومەتی. تاڵەبانی لە بونیادی ئەم رکلامەی دا، پیشانی دا حکومەتی ھەرێم شکستە. ھەڵبەت ئەمە رەنگە گرفتێکی گەورە نەبێ بۆ حکومەت. ئەوی بڕبڕەی پشتی پارتی، حکومەتی ھەرێم دەشکێنی ھێشتا بەڕێوەیە.

تاڵەبانی، وەک سەرۆکی حزبێکی ھاوپەیمان و بڕیاردەری کوردستان و عیراق، باوەڕی وایە حکومەتی ھەرێم دەستگایەکی بێکەڵکە و پارتی تاکلایەن بەڕێوەی دەبات. بە وشەیەک، یەکێتی بەشێک نییە لە حکومەتی ھەرێم و پابەند نییە بە بڕیاریەوە. ھەرچەند بەو زمانە نایڵێ، بەڵام تاڵەبانی باوەڕی وایە حکومەت ھەڵوەشاوەتەوە و دەسەڵاتێکە بۆ سزادانی سلێمانی و لێدانی یەکێتی. تەنانەت دەڵێ، دەسەڵاتی دادوەری و پەڕلەمان بەکاردێ دژی یەکێتی.

ئەم بۆچوونە راشکاوە پارتی و حکومەتی ھەرێم، ھەردووک لاواز دەکات. ئیدی پارتی گەر سازشی چارەنووسساز نەکات بۆ یەکێتی، ناتوانێ لە عیراق، ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، خۆی وەک نوێنەری دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان یان حکومەتی ھەرێمی کوردستان بناسێنی. لە دوای ئەو وتارەوە پارتی ئێستا حزبە، نەک حکومەت، نوێنەری خۆیەتی، نەک خەڵکی کوردستان. ئەم دۆخە نوێیە سازشی زەبەلاح بە پارتی دەکات لە ھەموو رێکەوتنێکی نێوخۆ و نێودەوڵەتی بازرگانی و سیاسیدا.

کەڵکم لە راپۆرتی ڕێزدار رێنوار نەجم وەرگرتووە لەسەر کۆبوونەوەکە. سوپاسی دەکەم.