سیستمی فیدراڵی گەرەنتی کراوە
١٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٣
3869
بەشێوەیەکی گشتی دەوڵەتی فیدراڵی دوو ئاست لە حکومەتی تێدایە، یەکەمیان حکومەتی ناوەندە، دووەمیان حکومەتی ھەرێمەکانە، لە ساڵی ١٩٤٥کاتێک جەنگی دووەمی جیھان کۆتایی ھات، تەنھا شەش دەوڵەتی فیدراڵی ھەبوو، یەکەم دەوڵەتی فیدراڵی لە ساڵی ١٧٨٧ئەمریکا بوو، دواتر سویسرا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا و نەمسا. ئێستا جیھان بەلایەنی کەمەوە ٢٥ دەوڵەتی فیدراڵی تێدایە.
لەمڕۆدا جگە لەوەی جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵی زیادیکردووە بەرەنجامی ئەوە رۆژ بە رۆژ ژمارەی دەوڵەتە فیدراڵییەکان روو لە زیادبوون دەکات لەبەر چەند ھۆکارێک لەوانە:
یەکەم: فراوانیی رووبەری دەوڵەت ھۆکارێکە بۆ ئەوەی دەوڵەتان بەرەو فیدراڵی بڕۆن، بۆنموونە ھیندستان، بەڕازیل، کەنەدا و مەکسیک، کەواتە یەکێک لە ھۆکارەکانی پەنابردن بۆ فیدراڵی فراوانیی رووبەری دەوڵەتەکانە، ناشکرێت باسی ئەوە نەکەین، کە دەوڵەتمان ھەیە کە رووبەرەکەیان بچووکە و سیستمی فیدراڵین لەوانە بەلژیکا و سویسرا.
دووەم: زۆربەی دەوڵەتە فیدراڵییەکان ئەو دەوڵەتانەن کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانیان ھەیە، ھەموو ئەو دەوڵەتانەی ژمارەی دانیشتوانیان لە ١٠٠ ملیۆن زیاترە دەوڵەتی فیدراڵین، جگە لە ژاپۆن و ئیندونیزیا، بەڵام ھەریەک لە ئەمریکا، کەنەدا، مەکسیک، ئەرژەنتین، ھندستان و ڤەنزوێلا و ئوسترالیا سیستمی فیدراڵی جێبەجێ دەکەن و ژمارەی دانیشتوانەکەیان لە ١٠٠ ملیۆن کەس زیاترە.
سێیەم: رۆیشتن بەرەو سیستمی دیموکراسی ژینگەیەکی لەبار دەڕەخسێنێ بۆی، ھاوکات ھەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی فیدراڵی زیاتر دەبێت، دیموکراسی ھەروەک چۆن لەگەڵ سیستمی لیبڕالیدا گونجاوە ئەوەندەش و زیاتر لەگەڵ فیدراڵیدا گونجاوە، چونکە لیبرالیزم کار لەسەر ئازادی تاکە کەس دەکات، بەڵام فیدراڵی کار لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت دەکات و دیموکراسیش پەیوەندە بەشێوەی حکومرانییەوە. وەک ئەرژەنتین و بەرازیل و مەکسیک. ھەرکاتێک بەرەو دیموکراسی رۆشتبن لەگەڵیشیدا سیستمی فیدراڵیان جێبەجێکردووە.
چوارەم: چارەسەری ململانێ سەربازییەکان ھۆکارێکە بۆ ئەوەی دەوڵەتان بەرەو فیدراڵی بڕۆن، زۆربەی جار ململانێ سەربازییەکان بەھۆی جیاوازی نەتەوەیی و ئیتنییەوە دروستدەبن، ھەربۆیە فیدراڵییش ئامڕازی چارەسەری ململانێ نەتەوەیی و ئیتنییەکانە، بۆیە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە بە قۆناغێک لە شەڕی چەکداری و ململانێ نەتەوەیی و ئیتنیدا تێپەڕیوون ھەوڵی جێبەجێکردنی فیدراڵیانداوە، لەوانە: بۆسنە و ھەرسک، عیراق، سریلانکا.
عیراقیش کە سیستمی فیدراڵی جێبەجێکردووە و لەمادەی ١١٧ی دەستووری عیراقدا دانی بە ھەرێمی کوردستاندا ناوە، لە مادەی١٢١ دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستانی دیاریکردووە، ھەربۆیە قەوارەی ھەرێم لە چوارچێوەی دەستووردا پارێزراوە، پێویست ناکات ھەر کاتێک ململانێیەک دێتە پێشەوە باس لەوە بکرێت فیدراڵی ھەرێمی کوردستان دەکەوێت مەترسییەوە.
ھەربۆیە ئەوانەی پڕوپاگەندەی ئەوەیان دەکرد کە پەسەندکردنی ئەو بڕگەیەی پرۆژە یاسایی بودجە کە باس لەوە دەکرا لە کاتی بوونی نادادپەروەریی لە بەشە بودجەی پشکی پارێزگایەک لە ھەرێمی کوردستان سەرۆک وەزیرانی عیراق تەدەخول بکات، ئەوا فیدراڵی ھەرێم دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا ھیچیان لە دەستوور نەخوێندۆتەوە و ئەوەش نازانن کە لەماوەی رابردوودا چەندین جار حکومەتی عیراق مامەڵەی دارایی لەگەڵ پارێزگاکان کردووە.