ئاولەنێوان پێویستی ژیان وخراپ بەکارھێناندا
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١
1333
ئـاو، بنەمای ژیانە بەبێ ئاو ژیان لەسەر زەوی مەحاڵـــە، ئاو ڕەگەزی سەرەکی ژینگەیە، پێکھاتەی زۆربەی کاڵاوشمەکەکانە. لەھەمووی گرنگتر، لەشی مرۆڤێکی ئاسایی، نزیکەی زیاتر لە(%٦٥) ئــــاوە.
کوردیش دەڵێت "ئاوو ئاوەدانی" ...
پاراستنی ئاو، پاراستنی ژیانە، ئەرک وئەخڵاقە.
لەئێستادا ئاو، ئەرکەکەی ھەر ئەوەنیە تینوێتی بشکێنێت و بۆ پێویستی ماڵ وخێزانەکان بەکاربھێنرێت، بەڵکو بووە بەپرسێکی سیاسی و ڕەھەندێکی ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی وەرگرتووە. لەئێستادا ئاو، وەک فشاری سیاسی بەکاردەھێنرێت، بەپێی زۆربەی پێشبینیەکانی پسپۆڕانی ئابوری و ناوەندەجوگرافی و سیاسیەکان، لە چەند ساڵی داھاتوودا، جەنگی سیاسی، جەنگی ئــــــــاو دەبێت.
ئاو، دەبێتە "جێگرەوەی نەوت"، ئاو بەھاوبایەخی لەنەوت گرنگتر دەبێت و دەبێتە ئامڕازێکی ستراتیژی لەیەکلایکردنەوەی کێشەکاندا، واپێ دەچێت، لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفەریقا، سەرچاوەی سەرەکی شەڕوئاڵۆزیەکانی داھاتوو، بەھۆی ئاوەوە دەبێت..
لەلایەکی ترەوە، سەرجەم کەرتەئابورییەکان، بەبێ ئاو نایەنە بەرھەم، ئاو پێویستی سەرەکی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتوگوزارو پیشەسازییە.
ووشکەساڵی لەھەرێم وناوچەکەدا، بەرۆکی زۆربەی حکومەتەکانی گرتوە، وادەردەکەوێت ھاوینێکی گەرم وقورس چاوەڕێمانە، پلەکانی گەرما ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەبەرزبونەوەدایە، خواست بۆ ئــاو زیاتر دەبێت، لەگوندەکانیش زۆرێک لەکانی و سەرچاوەکانی ئاو کەمبونەتەوە یان بەتەواوی وشکبوون بەتایبەت لەگەرمیان، مەترسی لەناوچونی بەرھەمەکشتوکاڵیەکان و ووشکبونی باخەکان لەئارادایە.
سەرەڕای بوونی دوو بەنداوی گەورەی دوکان و دەربەندیخان، کەڕێژەیەکی گەورەی لەئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەھۆی دروستکردنی بەنداوەکانەوە و ڕێڕەوی ھەردوو ڕوبارەکە گۆڕانی بەسەرداھاتووە، بڕی کەمتر ئاو دێتە ھەرێمەوە، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی ئاوەکانیان کەمدەبێتەوە و مەترسییەکە گەورەتر دەبێت. لەلایەکی ترەوە بەھۆی نەبوونی بەرنامەو پلانەوە، ڕێژەیەکی زۆری ئاوەکانی ھەرێم، بەفیڕۆ دەڕوات و سوودێکی ئەوتۆی لێ نابینرێت، ھەروەھا دابەشکردنی نادادپەروەرانەی ئاوی شیرین لەنێوان شاروشارۆچکەکان وگەڕەکەکاندا، یەکێکی ترە لەگرفتەکان.
پێمان وایە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم دیاردەھەمەلایەنە، پێویستە ھەندێ ڕێگاچارەو پلانی تۆکمە بگیرێتەبەر...
١- دانان و تەرخانکردنی بودجەیەکی کراوەی تایبەت بەووشکەساڵی، بەمەرجی لیــژنەیەکی پسپۆرو دەستپاک، دوور لەگەندەڵی و بەفیرۆدان، مانگانە ڕاپۆرت بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران وپەرلەمان وڕای گشتی.
٢- بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری بەکارھێنانی ئاو، بەشێوەیەکی گشتی و ئاوی تۆرەکانی دابەشکردنی ماڵان بەتایبەتی، دەستپێوەگرتن لەھەموو بارودۆخێکدا، لەڕێگای ھۆکارەکانی ڕاگەیاندنی بینراو وبیستراو و تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانەوە.
٣_ دانانی سزای دارایی تایبەت، بەسەرپێچیکاران، لەکۆڵان وگەڕەکەکان و شوێنەبازرگانییەکان، بەبڕی گەورەوقورس، لەکاتی دوبارەبوونەوەدا سزاکان قورستر بکرێن.
٤_ پێکھێنانی لیژنەی گەڕۆک، لەسەرجەم شاروشارۆچکەکان، دیاریکردنی ھەموو ئەو کەس وماڵ و شوێنانەی کەپابەندنابن بەڕێنماییەکانەوە، لەھەمانکاتدا سزادانیان بەگرتنی کەسەکەو سەپاندنی سزای دارایی قورس.
٥_ پابەندکردنی سەرجەم ماڵەکان و شوێنەبازرگانیەکان، بەدانانی تەوافە بۆ وەستاندنی ئاوی سەر تەنکییەکانیان، بۆ ئەوەی کەپڕبوون، ئاوە زیادەکە بەفیرۆ نەڕوات.
٦_ لەڕێگەی ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینیەوە، بەوتارو ئامۆژگاری، دڵنیابکرێنەوە لەحەرامی زیاد بەکارھێنانی ئاوو بەفیڕۆدانی، بەھێنانەوەی بەڵگەی ئایاتی قورئانی پیرۆز وفەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام(درودی خوای لەسەر بێت).
٧_ لەڕێگەی وەزارەتی کشتوکاڵ وفەرمانگەکانییەوە، ڕێنمایی پێویست بدرێت بەجوتیارو خاوەن باخەکان، شێوازو ئاودانی نوێ بڵاوبکرێتەوە، بۆ ئەوەی مەترسی لەناوچوونی بەرھەمی کشتوکاڵی وباخداری نەکرێت.
٨_ سەندیکاو کۆمەڵە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگا، بێ جیاوازی پێویستە لەھەوڵی بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری بەکارھێنانی ئاودا بن، بەپۆستەرو ۆرگشۆپ وکۆڕوکۆبونەوەکان.
گۆرانی کەشوھەوا و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و کەمبونەوەی ئاوی شیرین، قەیرانێکی گەورەیی جیھانییە، زۆربەی حکومەتەکان، لەھەوڵی پلان و بەرنامەی زانستیدان، ھەربۆیە پێویستە، ھەموو لایەک تاک وخێزان، حزب و حکومەت، ڕێکخراو وکۆمەڵەکان، لەبەردەم ئەم دیاردەدا یەکدەست و یەک تیم، ھەوڵی کەمکردنەوەی مەترسیەکان بدەین..
*ئابووریناس